باندێکی دزی لە پشدەر دەستگیرکران

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەرین دەستگیرکردنی باندێکی دزیکردنی کە لە چوار کەس پێکهاتبوون و کاریان دزینی دەرگای ئۆتۆمبێل و موبەریدە بووە لەو سنوورە، ڕایگەیاند.
لە ڕاگەیێنراوی فەرمی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەریندا هاتووە، هێزەکانمان لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر دوای بەدەستهێنانی زانیاری، باندێکی دزیکردنیان دەستگیرکرد کە پێکهاتوون لە چوار مێرمنداڵ.
لە درێژەی ڕاگەیێنراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەرین، لە کاتی لێکۆڵینەوەکان دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە. وەک لە لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە، لە چەندین شوێن کەلوپەلی جۆراوجۆریان دزیووە.
دیارترین ئەو کەلوپەلانەی دزیویانە: بریتین لە دەرگا و پەنجەرەی خانوو، کێبڵی کارەبایی، دەرگای ئۆتۆمبێل، موبەریدە و دەیان کەلوپەلی دیکە.
 بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی تۆمەتباران ڕاگیرکراون و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.