لیا سهیفهدین
کردەیەکی نێگەتیڤە لەنێوان مرۆڤ و مرۆڤێکی دیکە یان لەنێوان چەند مرۆڤێکدا لەسەر بابەتێکی دیاریکراو یاخود چەند بابەتێک ڕو دەدات، بۆیە پێیشی دەوترێت کردەی نێگەتیڤ چونکە لە لایەن خودی مرۆڤ و کۆمەڵگاشەوە پەسەند کراو نیە بەهۆی ئەوەی سیستەم و نۆرمی پەیوەندیەکانی نێوان مرۆڤەکان تێک دەدات.
کێشە دیوارێکە لەبەردەم پرۆسەی پەرەپێدان و هاوسەنگی ژیانی خێزانی و پەیوەندیەکۆمەڵایەتیەکاندا، هەتا ئەم دیوارەش لانەبرێت پەرەپێدان وهاوسەنگی و پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکان ئاسایی نابنەوە.
قەبارەی کێشەکە (واتە گەورەیی و بچوکی کێشەکە ) شێواز و میکانیزمی چارەسەر دەستنیشان دەکات، ئەگەر کێشەکە بچوک بوو ئەوا بەهەوڵی کەسێک کە ببێتە نێوەندگیر ڕەنگە چارەسەر بکرێت بەڵام ئەگەر کێشەکە گەورە بو ئەوکات لە کەسێک زیاتری پێویستە بۆ نێوەندگیری، هەندێک کێشە هەیە بە نێوەندگیری یەک کەس و چەند کەس چارەسەر ناکرێت، بەڵکو پەنا بۆ دامەزراوەی یاسایی دەبرێت بۆ یەکلایی کردنەوەو چارەسەر کردنی.
کێشە خێزانیەکان چین و چۆن چارەسەر دەکرێن؟
هەر بارودۆخێک ببێتە هۆکاری تێکچوونی ئاسایشی خیزان و بێزاری ئەندامانی خێزان پێی دەگوترێت کێشە …
پێویستە هەموان ئەو ڕاستیە درک پێ بکەن کە هیچ خیزانێک و هیچ مرۆڤێک نیە بێ کێشە بێت، مرۆڤی بەختەوەر یان خێزانی بەختەوەر ئەوانە نین کە کێشەیان نەبێت بەڵکو ئەوانەن کە کێشەیان هەیە بەڵام بەهۆشیارانە و عاقڵانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن و چارەسەری دەکەن…
کێشە باوەکانی خێزان چین؟
– نابەرپرسیارەتی لەئاست پەیوەندیە خیزانیەکان و منداڵ .
-هەڵچوون و بەگژاچونەوەی یەکتر.
– نەبوون یان لاوازی سۆز و خۆشەویستی و پەیوەندی رۆحی لەنێوان ئەندامانی خێزان .
– سوکایەتی و بێ ڕێزی کردن بەیەکتر و کەس و خزمی یەکتر.
-نەگونجان لەگەڵ بارودۆخە تایبەتەکانی یەکتر و قبوڵ نەکردنی ڕاو بۆچوون و جیاوازیەکانی یەکتر.
– گرفتە داراییەکان و خۆ بەراورد کردن بە ژیان و بارودۆخی دارایی ئەوانی تر.
– خیانەتی هاوسەری
– رەزیلی یان دلپیسی پیاوان و غیرەی ئافرەتان لە هاوسەرەکانیان کە ئەمانە زۆر کیشەی گەورەی لێ دەکەوێتەوە .
ئەمانەو چەندین هۆکاری دیکە دەبنە هۆی دروست بونی کێشە خێزانیەکان و تێکچوونی ئاسایشی خیزانەکان.
چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشە خێزانیەکان
– سەرەتا دەبێت هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ کێشەکاندا بکرێت و لەکاتی خۆیدا هەوڵی چارەسەرکردنیان بدرێت، تا کەڵەکە نەبن و دواتر بێ چارەسەر بمێننەوە و ببنە هۆی لێک هەڵوەشانەوەی خیزان.
– پێویستە لەکاتی چارەسەرکردنی کێشەدا هاوسەرەکان (ئەگەر کێشەکە لەنێوان ژن و مێرد دابوو ) بەهێمنی و لەسەر خۆ گفتوگۆ بکەن، باسی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی کێشەکە بکەن، دەرفەتی تەواو بەیەکتر بدەن تا هەریەکە لای خۆیەوە باسی کێشەکە بکات، بە زمانێکی نەرم قسە بکەن دوور لە توڕەبوون و سوکایەتی و جنێودان، هەردوولا گوێگرێکی باشی یەکتر بن کاتی قسەکردن، ئەگەر ئەم گفتوگۆیە لەدەرەوەی ماڵ بکرێت (واتە لە باخچەیەک یان پارکێک یاخود شوێنێک کە قەرەباڵغ نەبێت باشترە.
– نابێت لەبەرچاوی منداڵدا ئەم گفتوگۆیانە بکرێت چونکە ئەوە کاریگەری زۆر خراپ لەسەر دەروونی منداڵ دروست دەکات.
– پێویستە لەکاتی هەڵچوون و توڕەبووندا گفتوگۆکە دوابخرێت بۆکاتێکی دیکە و بارودۆخێکی ئارامی بۆ بڕەخسێنرێتەوە ئینجا دەست پێ بکرێتەوە، تالەجیاتی چارەسەر هێندەی تر کێشەکە قوڵ نەکرێتەوە.
– دەنگ بەرز نەکردنەوە بەسەر یەکتردا و تۆمەتی بێ بنەما دروست نەکردن بۆ یەکتر و سوکایەتی نەکردن بە خزم و کەسی یەکتر و دوبارە نەکردنەوەی قسە و هەڵنەدانەوەی لاپەڕەی کێشەکۆنەکان و هەڕەشە نەکردن لەیەکتر ( بە کوشتن، خۆ کوشتن، خۆ سوتاندن، بەجێ هێشتنی ماڵ، زەوتکردنی منداڵ …هتد) و ڕاستگۆیی لە قسەکردن و دورکەوتنەوە لەدرۆکردن و لێبوردەیی لەگەڵ یەکتر مەرجی هەرە گرنگی گەیشتنن بە چارەسەی کێشەکان و پێکهاتنەوەو هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ ی پەیوەندیە خیزانیەکان و گەڕانەوەی ئاشتی و ئارامی بۆ ماڵ، ئەمانە هەمووی ڕەفتاری ناهۆشیارانەیەو کارەساتی خراپیان لێ دەکەوێتەوە و دەبنە هۆی لەدەستدانی کەسایەتی و خێزانیش لەیەک کاتدا .
پێویستە خیزان لانی کەم حەفتەی جارێک یان دوو حەفتە جارێک گفتوگۆی هێمنانە بکەن و تێیدا باسی کێشەکان و ئەو بابەتانەش بکەن کە پێشبینی دەکرێت ببنە هۆی سەرهەڵدانی کێشە، تا لەکاتی خۆیدا جارەسەر بکرێن یان پیش بە ڕوودانیان بگیرێت، ئەمەش ڕێگا راستەکەیە بۆ گەیاندنی خیزانەکان بە ئاسودەیی و بەختەوەری و بەدوربوون لە قوڵ بوونەوەی کێشەکان و لێک ترازان و لێک هەڵوەشان .