وڵاتان چۆن پرۆسەی ئاشتییان گەیاندووەتە ئەنجام؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، دوای ئەوەی لە كۆنگرەی ١٢یدا، بڕیاری دا چەك دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، گفتوگۆ لەبارەی ئەو مۆدێل و پرۆسە ئاشتیانە كرا، كە لە جیهاندا روویداوە و گەیشتووەتە ئەنجام. شەڕی نێوان نەتەوەیەك و دەوڵەت، یان دەوڵەت لەگەڵ رێكخراوێكی چەكداردا، لە جیهاندا زۆر زۆرە، بەشێكیان گەیشتووەتە ئەنجام و بەشێكیشی هەروەكوو خۆی ماوەتەوە. لە تەواوی جیهاندا تاوەكوو ئێستا ٢٢ شەڕی نێوان نەتەوەیەك و دەوڵەت بە ئاشتی كۆتایی هاتووە، بەڵام كەمیش نین ئەوانەی بە شەڕ گەیشتوونەتە ئەنجام.

لەم بەدواداچوونەدا، نموونەی بەشێك لەو وڵاتانە دەهێنینەوە كە، دوای شەڕێكی خوێناوی و گوشتنی هەزاران مرۆڤ، ئەنجام گەیشتوونەتە ئاشتییەكی بەردەوام و لەبری شەڕ، ئاشتییان كردووەتە بنەما بۆ ژیانێكی ئارام و بێكێشە.
ئەندەنۆسیا ئاشتی لە دوای كارەساتێكی گەورە
پرۆسەی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتی ئەندەنۆسیا و چەند گروپێكی ئەتنیكی بە ناوی ئاچەكان، دوای شەڕێكی خوێناوی و زۆر هاتە ئاراوە. بزووتنەوە چەكدارییەکەی ئاچەی ئازاد (GAM) (بە ئینگلیزی: The Free Aceh Movement)، (بە ئەندەنۆسیایی: Gerakan Aceh Merdeka) و (بە ئاچەیی: Geurakan Acèh Meurdèka / Gěrakan Aceh Měrdeka) ساڵی ١٩٧٦ لە بەرامبەر چاڤالییەكان دروست بوو، كە زۆرینەن لە ئەندەنۆسیا و دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، ئەو بزووتنەوەیە بەو مەبەستە دروست بوو، كە داوای سەربەخۆیییان دەكرد. بەشێكی زۆی ئەو شەڕە لە سای دەسەڵاتی سوهارتۆوە هەڵگیرسابوو، كە سەرۆكی ئەندەنۆسیا بوو بۆ ماوەی ٣٣ ساڵ. ساڵی ١٩٩٨، سوهارتۆ لە دەسەڵات نەما، لە ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠١، لە سوید پرسی چارەسەری ئاشتیانە لە نێوان ئەو دوو لایەنە دەستی پێ كرد، بەڵام ئەنجامی نەبوو.
راستە ئەنجامی نەبوو، بەڵام هەردوو لایەن ئومێدیان نەپچڕاند بۆ ئاشتی، بەڵكوو سەرەڕای هەڵگیرسانی شەڕ، بەڵام هەوڵ هەر هەبووە بۆ ئاشتی.
ساڵی ٢٠٠٤، تۆف و زریانێکی (سۆنامی)ـێکی گەورە لە ناوچەی ئاچە هەڵسا و ناوچەکەی لەگەڵ زەوی تەخت كرد و، ٢٠٠هەزار كەسی كوشت؛ ئاچە بە ناچاری لە ٢٠٠٥ هاتە سەر مێزی گفتوگۆ لە فینلەندا و لە شاری هێلسینکی كە پایتەختی ئەو وڵاتەیە، گەیشتنە رێككەوتن و ئاشتییەكی بەردەوام. ئەو رۆژە لە مزگەوتەكانی ئاچە، بە هەزاران كەس دۆعایان دەكرد ئاشتییەكی بەردەوام لە وڵاتەكەیاندا بێتە دی. یەكێك لەو هۆكارانەی وای كرد، هەردوو لایەن بگەنە رێككەوتن، بوونی كارەساتی تۆفان بوو، بەڵام خەباتی ئاچەییەكان بەفیڕۆ نەڕۆی، چونكە حكوومەتی ئەندەنۆسیا، بڕیاری دا فیدراڵییان پێ بدات و تاوەكوو ئێستاش هەر لە سایەی فیدراڵیدا دەژین.
ئاچەلەرەكان، چەكیان فڕێ دا و كۆتایییان بە خەباتی چەكداری هێنا و، دەستیان کرد بە خەباتی مەدەنی و بە هەڵبژاردن سەرۆك و پەرلەمانی خۆیان هەڵبژارد.
سوسیلۆ، رۆژنامەنووس لە ئەندەنۆسیا، كە لە نزیكەوە ئاگاداری پرسی ئاشتی وڵاتەكەی بووە و چەندین نووسینی لەو بارەوە نووسیوە، قسەی بۆ (BBC) توركی كردووە و دەڵێت: “بۆ پرسێكی لەو شێوەیە دەبێت هەردوو لا لەگەڵ یەكتریدا راستگۆ بن، دەبێت بڕوات بە دژمنەكەت هەبێت، ئەوەی پێشكەشی دەكەیت دەبێت دیار و روون بێت، بەڵام هەموو ئەمانە حكوومەتێكی دیموكراتیکی پێویستە.”
ئیسپانیا و باسك
لە ١٩٥٩ بزووتنەوەی چەكداری وڵاتی باسك دروست بوو، ئەوان داوای سەربەخۆیییان دەكرد و شەڕی كۆڵان‌بەكۆڵانیان لەگەڵ حكوومەتی ئیسپانیادا دەكرد، بەڵام ساڵی ٢٠١٧، بەیەكجاری دەستبەرداری خەباتی چەكداری بوون.
یەكێك لەو هۆكارانەی وای كرد ئەو بزووتنەوەیە چەك دابنێت، ئەو فشارە بوو كە گەلی باسك كردیانە سەری، هەروەها پرۆسەی ئاشتیش رۆڵێكی باشی هەبوو.
دوای ئەوەی لە ١٩٧٨، لە سەردەمی دیكتاتۆرییەتی فرانسیسكۆ فرانكۆدا، پرۆسەی دیموكراتی لە وڵاتدا هەنگاوی باشی نا، گەلی باسك بوونە خاوەنی فیدراڵی، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، شەڕ هەر بەردەوام بوو و بزووتنەوەی چەكداری هەر درێژەی بە خەباتی چەكداری دا.
پارتی یەكێتی باسك، كە پارتێكی یاسایی بوو، خەباتی كرد بۆ ئەوەی باسك بەتەواوی سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت.
مارتین ئاڵدالوور، كە لە نزیكەوە ئاگاداری پرۆسەی ئاشتی نێوان باسك و ئیسپانیا بووە، قسەی بۆ (BBC) كردووە و دەڵێت: “ئەوەی گرنگە بیزانین، ئاشتی تەنیا بە دیالۆگی نێوانیان دێتە دی، ئێمە لەو پرۆسەیەدا وەكوو باسك فێر بووین، دەبێت ئەو دیالۆگە خەڵكی لێ ئاگادار بكرێتەوە و ئەوانیش بەشدار بن تێیدا، ئەگەر حكوومەتیش نەهاتایەتە ناو دیالۆگەوە، ئاشتی هەر دروست دەبوو.”
بەڵام ئەوەی وای كرد، بزووتنەوە چەكدارییەكەی باسك دەستبەرداری چەك بێت، ئەو خەڵكە بوو، كە لە ١٩٩٠ رژانە سەر شەقام و بە بزووتنەوەی چەكداری وڵاتەكەیان گوت ئیتر بەسە و چەك دابنێن.
راستە حكوومەتی ئیسپانیا، راستەوخۆ نەهاتە ناو پرۆسەی ئاشتی، بەڵام بۆ چەكدانانی ئەو بزووتنەوە چەكدارییە، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و كلێسە و سەندیكاكانی هێنایە ناو پرۆسەكە و رێگەی خۆش كرد تا ئەوان رۆڵی گەورە ببینن.
لە ٢٠١٧ بە ناوبژیوانیی ئەو لایەنانە، بزووتنەوەی ناوبراو چەكی فڕێ دا و تاوەكوو ئێستاش بەهیچ شێوەیەك دەستیان بۆ چەك نەبردووەتەوە.