سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: زۆر سوپاس بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و پشتیوانیی درێژخایەنی هاوبەشیی وڵاتەکە لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
هەینی 23ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا (هاری ئێس تروومان)، لە واشنتن، لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: کۆبوونەوەیەکی زۆر باش و بەسوودم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەبوو.
جەختی لەوە کردەوە، زۆر دڵخۆشین کە بینیمان پشتیوانییەکی زۆر هەیە لە لایەن ئەمەریکاوە بۆ خەڵکی کوردستان و بۆ ئەو گرێبەستانەی کە پێمان وایە لە بەرژەوەندیی هەموو کوردستان و عێراق دەبێت.
پاشان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی:”زۆر سوپاس بەڕێز مارکۆ ڕوبیۆ بۆ میواندارییە گەرمەکەی ئەمڕۆتان و پشتیوانیی درێژخایەن و هاوبەشییتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان. چاوەڕێی بەردەوامبوونی گفتوگۆکانمان دەکەم.”