ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.5.22، لە تارانی پایتەخت، بەڕێز مەسعود پزشکیان، سەرۆكى کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کۆشکی کۆماریی، پێشوازیی لە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، بە یاوەری ئارەشی زرێ تەنی لهۆنی، پارێزگاری کوردستان و ڕەزا ڕەحمانى، پارێزگاری ئازربایجانی ڕۆژئاوا (ورمێ) و مەنوچەهر حبیبی، پارێزگاری کرمانشا و فەرامەرز ئەسەدی، سەرکونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران خۆشحاڵى خۆی به ئاستی پەیوەندیی باشی نێوان پارێزگا هاوسنوورەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران نیشاندا و پشتیوانی خۆی بۆ ڕێککەوتنەکانی نێوانیان دوپاتکردەوە، هەروەها خواستی کۆماری ئیسلامی ئێرانی نیشاندا لە بەیەکەوەژیان و برایەتی و سەقامگیریی و ئاشتی لە ناوچەکەدا و جەختی لە برهودانى زياتری هاريكاريى هاوبهشی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران كردهوه.
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو، وێڕای گەیاندنی سڵاو و ڕێزیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاس و ستایشی سەردانیکردنی سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد بۆ هەولێری پایتەخت و پابەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستانى به هاوبهشى و پهيوهنديى مێژوویی کۆماری ئیسلامی ئێران و ههرێمى كوردستان لەسەر هەموو ئاستەکان دووپاتکردەوە.
هەروەها، تیشکی خستەسەر ئەو ڕوشوێن و ئامادەکاریانەی کە ساڵانە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، بۆ پێشوازیکردن لە زیارتکارانی ئێران و چوونیان بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق گیراوەتە بەر.
لە کۆتایدا سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران، سڵاو و ڕێزی خۆی بۆ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نارد.