ئارام كۆشكی – سلێمانی
(1-2)
پۆڵ ڤالێری قسەیەکی گەلێک سەرنجڕاکێشی سەبارەت بە گرنگی زمان لە شیعردا هەیە و ئەو لەوێدا دەڵێت “شیعر هونەرێکی زمانییە. بەڵام زمان خولقێنراوێکی پراکتیکییە.”(1) زمان نەک تەنها لە هونەری شیعردا، بەڵکو لە هەموو ژانرەکانی دیکەشدا گرنگییەکی گەلێک زۆری هەیە، بەڵام دەشێ بڵێین ئەمە لە شیعردا زۆرتر و بایەخدارترە، چونکە “زمان تەنیا کەرەستەیەکە لە ڕێگایەوە دەتوانین هەستێک سەوز بکەین کە هیچ بنەمایەکی واقیعیانەی نییە.”(2) واتە زمانە توانا بە نووسەران دەبەخشێت خەیاڵ بنووسنەوە و خەیاڵ لە سەرزەمینێکی نەگیراوەوە ببێتە تێکستی نووسراو. بەڵام زمان هەمیشە ڕۆڵێکی گرنگی ئەوەیە لە بونیادنانی دونیایەکی نوێ و گۆڕینی جیهانێک بەرەو جیهانێکی تر، چونکە “بەبێ گۆڕینی زمان واقیع ناگۆڕێت، چونکە زمان سەرەتای دەرککردنمانە بە واقیع، کەرەستەی وێناکردنی واقیعە.” (3)
ئەدۆنیس لەبارەی پەیوەندی زمان و خەیاڵەوە دەڵێت “زمان کرانەوەیە بەڕووی خەیاڵدا، لەبەرئەوە بواری زمان سنووری نییە.”(4) بێسنووری زمان و خەیاڵ باڵێک دەبەخشێت بە شیعر کە هیچ ژانرێکی دیکە نەتوانێت ببێتە خاوەنی ئەو فڕینە. هاوکات وەکو یاکوبسن دەڵێت “زمانی شیعر، هێرشێکە بۆ سەر زمانی باوی ڕۆژانە، ئێمە رۆژانە لە کاتی قسەکردندا هەزاران وشەی بێگیان بەکاردەهێنین، بەڵام شاعیر هەر لەو وشانەی کە مردوون وشەی زیندوو دروست دەکات و گیانیان وەبەر دەهێنێتەوە و بەشێوەیەکی ڕێکوپێک کەڵکیان لێ وەردەگرێتەوە.(5) ئەدۆنیسیش وەکو یاکوبسن پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات کە “زمانی شیعر، زمانێکی ئایدیاڵی و ئیحابەخشە، نەک ڕوونی ئاشکرایی.”(6)
مارتن هایدگەر لەو بیرمەندانەیە کە گرنگییەکی زۆری بە زمان داوە و بوونی لە زمان دانەبڕیوە، گوتەیەکی گەلێک بەناوبانگی هەیە کە دەڵێت “زمان ماڵی بوونە” لێرەوەیە دەیەوێت بڵێت ئەوەی ماڵێک بۆ بوون چێ دەکات زمانە. بەڵام بەشێک لە توێژەران زیاتر لەمەش دەڕۆن و ئەوە دەخەنەڕوو کە “زمان لەلای هایدگەر هەر تەنها ماڵی بوون نییە، بەڵکو هێدی هێدی بووەتە بوون خۆی.”(7) لێرەوەیە کە نووسەران بوون لەنێو زماندا دادەمەزرێننەوە و دەیکەنە خاڵێک بۆ چەسپاندنی دونیاکەی خۆیان.
توێژەرانی بواری ئەدەب بۆچوونی جیاوازیان هەیە سەبارەت بە بەکارهێنانی زمان لەنێو ئەدەبدا و بەشێکیان پێیانوایە بەکارهێنانی زمانێکی باڵا کاری لەپێشینەی ئەدەبە، بەشێکی دیکەشیان لایانوایە ئەو زمانە نووسەرێک بەکاری دەهێنێت نابێت زۆر لە زمانی تێگەیشتنی خوێنەرەوە دوور بێت. لەم نێوانەدا گرووپی سێیەم دروستبوون، کە کار لەسەر تێکەڵکردنی هەردووبۆچوونەکە دەکەن و زمانی ئەدەبی ئاستێک، یان زیاتر لە زمانی عامەی خەڵک بەرزتر دەکەنەوە، یان ڕوونتر بڵێم نووسەر دەستبەرداری قووڵایی لەنێو تێکستەکەیدا نابێت، بەڵام هەوڵی ڕوون بەکارهێنانی زمان دەدات. د. جەبار ئەحمەد حسێن لە دوکتۆرانامەکەیدا سەبارەت بە “شیکاریی دەقی ئەدەبی کوردی” ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە “زمان کەرەستەی سەرەتایی شیعرە، بەکارهێنانی زمان لە نووسینی زانستی و ژیانی ڕۆژانەدا تەنها بۆ گەیاندنی بیرە، بەڵام شیعر (یان ئەدەب)دا زمان دەگۆڕێت بۆ ڕەمز، چونکە زمانی شیعریی ئامڕازێک نییە بۆ بەجێهێنانی شتێک، بەڵکو خۆی لە خۆیدا ئامانجێکە.”(8) لێرەوە دەتوانین بڵێین زمان لای شاعیران پلەیەکی باڵاتر و پێگەیەکی گرنگتری هەیە، لەبەر ئەوەیە زۆرجار ئەرکی باڵاتر و گەورەتری پێ دەسپێردرێت و تەنها ئەرکی گەیاندنی پەیام نییە، بەڵکو ئەرکی نوێبوونەوەی خودی خۆی و شیعر و بیرەکانیشە.
شێرکۆ بێکەس لەو شاعیرانەی کوردە کە گەشتێکی دوور و درێژی بەنێو زمانی کوردیدا هەبووە و زیاتر لە 40 ساڵ گەشتی بەنێو زمانی کوردیدا کردووە و لەم گەشتە دوور و درێژەدا هەوڵی ڕۆچوون و بەکارهێنانی زمانی لە چەندین ئاستی جۆراوجۆردا داوە. لە زمان لە چڕترین فۆڕمی خۆیدا کە لە پۆستەرە شیعرەکانیدا دەیبینین تا زمان لەنێو شیعریەتی گێڕانەوەدا کە لێرەدا لەنێو دونیای پەخشاندا گەمەی شیعریی خولقاندووە. بەدەر لەمەش زمان لەشیعرەکانی شێرکۆ بێکەسدا زمانێکی کراوەیە، ئەمەش بەو مانایە دێت کە زمانێکە کراوەیە بەسەر هەموو شێوەزارەکانی زمانی کوردیدا، بێجگە لەوەی موفرەدە لە هەموو چین و توێژەکان قەرز دەکات و جیهانی شیعریی و ئاسۆکانی شیعریی خۆی پێ دەوڵەمەند دەکات. با سەرنج لەم پارچەیەی بدەین:
“من ئەم زمانەم کردووە بە کێڵگەی گوڵەبەڕۆژە
تەماشا لە سەد لاوە
خۆر تەماشای باڵای دەکا!
من ئەم زمانەم کردووە
بە غازگەی کوڕژن و ناڵە
تەماشاکە لە سەد لاوە
یاڵی شیعر با ئەیبات و
لە سەد لاوە سمکۆڵانی بەرد و شاخە!”(9)
تیری ئیگڵتۆن دەڵێت “شیعر زۆربەیجار بەوە دەناسرێتەوە، کە زمانێکە سەرنج بۆ خۆی دەکێشێت، یان زمانێکە تەرکیز لە خۆی دەکات، یان (بەپێی چەمکسازییە سیمۆتیکییەکە) زمانێک کە تێیدا دال بەسەر مەدلولدا باڵادەست دەبێت.”(10) ڕەنگە دروستترین پێناسە بۆ دۆخی زمان لای شێرکۆ بێکەس ئەم پێناسەیەی ئیگڵتۆن بێت، بەو پێیەی زمان لای ئەم شاعیرە لەپێناو خۆیدا وەکو زمان، بە فەرامۆش نەکردنی شیعریەت. لای شێرکۆ هەمیشە گەڕانەوە هەیە بۆ زمانێکی ڕەسەن و گوندەکی، کە ئەمەش بەو پەنابردنانەی بۆ وشەی نێو فەرهەنگ و هاوکات ئەو پاشخانە هزرییەی کە لە گوندەکانی کوردستان ژیاوە، بۆیە شیعر لای شێرکۆ بێکەس تێکەڵکردنی دوو زمانە لە یەککاتدا. زمانێکی گوندەکی و زمانێکی شارستانی. شێرکۆ بێکەس ئەگەرچی شاعیرێکی مۆدێرنە و لە دایکبووی شارە بە مانا مۆدێرنەکەی، بەڵام لەڕووی زمانی شیعرییەوە زمانی شار تێدەپەڕێنێت و پاشخانی وشەی شار بەشی خەیاڵەکانی ئەو ناکەن بۆ شیعر بۆیە پەنا بۆ موفرەدەی گوندنشینان و هاوکات ئەو وشە مردوو و بەکارنەهاتوانەش بەکار دەباتەوە، کە لە فەرهەنگەکاندا بەکار نەهاتوون ئەو دێت و جارێکی دیکە زیندوویان دەکاتەوە.
بێگومان زۆرجار لە بەکارهێنانی وشەی فەرهەنگدا سەرکەوتوو نابێت بەو پێیەی هەندێک وشەی مردوو هەیە بە هیچ شتێک زیندوو نابنەوە، یان هێندە لۆکاڵن ڕۆحییەتی گەردوونگەراییان تێدا نییە تا لەنێو شیعردا زیندوو ببنەوە. بۆیە ئەم شاعیرە لە بەکارهێنانی هەموو ئەو وشانەدا سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام لە بەکارهێنانی هەندێکیاندا سەرکەوتوو بووە ئەگەرچی خۆی دانی بەوەدا نەناوە و پێیوایە کە کارێکی گەلێک مەزنی ئەنجام داوە. زمان لەشیعردا پێویستی بە تەسەنوع نییە و “شیعر، زمان بەشێوازی ڕەسەن، یان سەرنجڕاکێش بەکاردەهێنێت.”(11) لێرەدا مەبەست لە ڕەسەن، بەکارهێنانی خۆرسکانە و سروشتیانەی زمانە لەو پەڕی سەرنجڕاکێشیدا، “چونکە لە شیعردا هەموو ئاستەکانی زمان بایەخدارن و ململانێی نێوان ئۆتۆماتی و نائۆتۆماتی لەنێوان هەموو ڕەگەزەکانی بونیادەکەدا هەیە.(12) ئەم ململانێیە لەنێو ئەزموونی شیعریی شێرکۆ بێکەسدا بەتەواوی هەستی پێ دەکرێت.
پەراوێز و سەرچاوە:
1-پۆڵ ڤالێری، شیعر و بیرکردنەوە ئەبستراک، و: پێشڕەو محەمەد، بڵاوکراوەی شیعرچوار ل241.
2-بەختیار عەلی، پاسەوانی ئاسۆ دوورەکان، بڵاوکراوە ناوەندی ڕەهەند، 2024 ل21.
3- هەمان سەرچاوە ل54
4-کۆمەڵێ نووسەرز بیری ڕەخنەیی هاوچەرخ، و: نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، دەزگای موکریانی 2001، ل142.
5-بڕوانە د. لوقمان ڕەئوف، سیماکانی پۆست مۆدێرنە ل116.
6- بڕوانە د. لوقمان ڕەئوف،بنەماکانی مۆدێرنە ل56.
7-کۆمەڵێک نووسەر مارتن هایدگەر، وەرگێڕانی کۆمەڵێک وەرگێڕ، دەزگای سەردەم، ل110.
8-جەبار ئەحمەد حسێن، ئیستاتیکای دەقی ئەدەبی کوردی، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم2008 ل90.
9- شێرکۆ بێکەس، خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێ، ناوەندی ئەندێشە، چاپی سێیەم 2016، ل46.
10-تێری ئیگڵتۆن، شیعر چییە؟ و:زاموا محەمەد، بڵاوکراوەی شیعرچوار ل171.
11- هەمان سەرچاوە ل179.
12-م. یۆری لۆتمان، شیکاری دەقی شیعری، و:ئەنوەر قادر محەمەد، ناوەندی غەزەلنووس، ل89.