هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
بەر لە تەواو بوونی خولەکە بە چوار گەڕ لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، بە رەزامەندی نێوانیان یانەی هەولێر گرێبەستی سێ یاریزانی یانەکەی هەڵوەشاندەوە، لەلایەکی تر یانەی زەورا لەسەر لێدوانەکانی مەسعود میرالی ڕاهێنەری دهۆک داوای لێکۆڵینەوە دەکات.
هەولێر گرێبەستی سێ یاریزانی هەڵوەشاندەوە
پێش تەواو بوونی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بە چوار گەڕ یانەی هەولێر بەرەزامەندی نێوانیان گرێبەستی سێ یاریزانی هەڵوەشاندەوە، بەرگریکاری بەرازیلی هێلیۆ مۆنتێرۆ کە ئەم وەرزە دوو گۆڵی بۆ یانەی هەولێر تۆمار کردووە، بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستی باوکی هەولێری جێهێشتووە و گەڕاوەتەوە بەرازیل و بەمەیش گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی هەولێر هەڵوەشاندەوە، هەروەها یاریزانی هۆگۆ ڤیداڵی بەرازیلی بەهەمان شێوە لەگەڵ یانەی هەولێر بەردەوام نابێت و بەرەزامەندی هەردوولا گرێبەستی نێوانیان کۆتایی دێت، ئەو یاریزانە کە لە خولی ئەفریقای باشوورەوە هاتووە بۆ هەولێر ئەم وەرزە لەگەڵ یانەی هەولێر سێ ئەسیستی بۆ یاریزانانی هاوڕێی دروست کردووە.
لە لایەکی تر بەرگریکاری پێشووی یانەی نەورۆز عەباس یاسین کە لە قۆناغی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق پەیوەندی بە هەولێرەوە کرد، بەهۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە شانیدا، لەگەڵ یانەی هەولێر بەردەوام نابێت و گرێبەستی ئەو یاریزانەیش لەگەڵ قەڵای زەرد کۆتایی هاتووە.
براوەکان خەڵاتکران
دوای تەواو بوونی یارییەکانی ئەم وەرزەی خولەکانی کوردستان فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان لە مەراسیمێکدا خەڵاتی خاوەنی پلە یەکەم و دووەمی خولی نایاب و پلە یەکی کوردستانی کرد، کە بریتی بوون لە یانەی شێروانە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان و یانەی پێشمەرگەی هەولێر خاوەنی پلەی دووەمی خولەکە.
هەروەها یانەی قەڵادزێ پاڵەوانی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان و یانەی هەوڵۆ خاوەنی پلەی دووەمی خولەکە، هەر لە مەراسیمەکەدا، بیلال سالح ناوەڕاستکاری یانەی شێروانە وەک باشترین یاریزانی خولی نایابی کوردستان دەست نیشانکرا، بیلال لەم وەرزەدا بەشداری ٢٦ گۆڵی یانەکەی کردووە، ١٣ گۆڵ و ١٣ ئەسیستی تۆمار کردووە، هەروەها عادل عەلی ڕاهێنەری شێروانە وەک باشترین ڕاهێنەری خولەکە خەڵاتەکەی وەرگرت، هاوکات فرانسیس دادزی هێرشبەری پێشمەرگەی هەولێر خەڵاتی گۆڵکاری خولەکەی وەرگرت، دادزی توانی ١٧ گۆڵ تۆمار بکات، گەیلان سادقی گۆڵپارێزی یانەی هەندرێنیش وەک باشترین گۆڵپارێزی خولەکە خەڵاتەکەی پێدرا، کە توانی لەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی ١١ یاری پارێزگاری لە گۆڵەکەی بکات.
تامۆ تینۆی یاریزانی یانەی کۆیەش خەڵاتی گۆڵکاری خولی پلە یەکی کوردستانی وەرگرت، ئەو یاریزانە پیشەگەرە ئەم وەرزە توانی ٩ گۆڵ تۆمار بکات.
یانەی زەورا داوای لێکۆڵینەوە دەکات
دوای لێدوانەکانی مەسعوود میراڵ ڕاهێنەری دهۆک، یانەی زەورا لە بەیاننامەیەکدا داوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێڕاق کردووە و رایگەیاندووە: لە لیژنەی ڕێککاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێڕاق سکاڵا تۆمار دەکەین و داوا دەکەین لێکۆڵینەوە لە قسەکانی مەسعوود میرال بکرێت و راستیەکان ئاشکرا بکرێن و لایەنی تاوابرا سزا بدرێت.
یانەی زەورا لە بەیاننامەکەیدا راشیگەیاندووە، بەشێک لە یانەکان پارە بۆ ڕێگای هەڵە بەکاردەهێنن، و لیژنەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ڕێککاری پێویست ناگرنە بەر.
لە لایەكی دیكەیشەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق هاتە سەرهێڵ و لە بەیاننامەیەكی فەرمی داوای لە مەسعوود میرال كرد رۆژی یەكشەممەی داهاتوو كاتژمێر 11:00ـی بەیانی لە بەغدا لەبەردەم لێژنەی تەمبێكردن ئامادە بێت و رووتكردنەوەی لەبارەی ئەو قسانە بدات كە لەم دواییە لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی دا كردوویەتی.