ڕائیب جادر – هەولێر
تەواوی ئەو کەسانەی گرفتی دەنگدانیان ھەبوو لە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، یان تەمەنیان گەیشتووەتە سەرووی ھەژدە ساڵ و یەکەمجارە بەشداری ھەڵبژاردن دەکەن، سەردانی بنکەکانی دەنگدان دەکەن و گرفتەکانیان چارە دەکەن و کارتی بایۆمەتریان بۆ دروست دەکرێت. بەرپرسانی کۆمیسیۆنیش دەڵێن، ٢٥ی ئەم مانگە دەرگای خۆ کاندید کردنی لیست و قەوارە و کاندیدانی سەربەخۆ بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکرێتەوە.
بەپێی بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی ١١ی مانگی ١١ی ئەمساڵ ھەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکاری لە ھەرێمی کوردستان و عێراق بەشێوەیەکی گشتی دەستی پێکردووە.
تا ١٥ی مانگی داھاتوو نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران درێژکرایەوە، ئەمە دووەمجارە پرۆسەکە درێژ بکرێتەوە، ئامانج ئەوەیە زۆرترین ھاووڵاتیی بتوانن کارتی دەنگدان تازە بکەنەوە، ٢٩ ملیۆن ھاووڵاتیی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان ھەیە، ھەر کەسێک کارتی دەنگدان و بایۆمەتری ھەبێت دەتوانێت دەنگ بدات، کە کارتی دەنگدان مەرجی بەشداریکردنی ھەر کەسێکە بۆ ئەوەی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەنگ بدات، بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن تا ئێستا یەک ملیۆن و دوو سەد و نەوەد و دوو ھەزار و چل و پێنج کەس تۆماری دەنگدەرانیان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق نوێکردووەتەوە.
٢٥ی ئەم مانگە دەرگای خۆ کاندید کردنی لیست و قەوارە و کاندیدانی سەربەخۆ بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکرێتەوە، کۆتا کاتی خۆ تۆمارکردنیش ٢٤ی مانگی داھاتووە، بۆ ئەم ھەڵبژاردنە مەرجی خۆ کاندید کردن گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە. نەبەرد عومەر حسێن، سەرۆکی دەستەی ھەڵبژادنەکانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئەو گۆڕانکاریانەی ئەمجارە لە ھەڵبژاردن کراون ئەوەیە کاندید دەتوانێت تەنیا خەڵکی عێراق بێت، ھەروەھا دەبێت تەمەنی ٣٠ ساڵ بێت و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی ھەبێت، کاندیدی سەربەخۆش دەتوانێت خۆ کاندید بکات، بەڵام تەنیا مەرج ئەوەیە تۆمارێکی پێنج سەد کەسی پێشکەشی کۆمیسیۆن بکات.