کامەران و سامان عومەر لە پڕۆژەیەکی هونەریی دا بەیەکەوە دەردەکەونەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

دوای ساڵانێکی زۆر لە بێدەنگی و نەبوونی هیچ بەرهەمێکی هونەری هونەرمەند “کامەران عومەر” بە پاڵپشتی “سامان عومەر”، کە هەم هونەرمەند و هەم برا بچووکیەتی دەگەڕێتەوە نێو خزمەتی کاروانی هونەری و بڕیارە لە دوای جەژنی قورباندا زنجیرەیەک ئاهەنگ و کۆنسێرتی فراوان لە شارەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات ساز بکەن.

“کامەران و نەریمان و سامان” سێ هونەرمەندی دیار و بەرچاو بواری موزیک و گۆرانی کوردین، بەڵام بەهۆی چەند گرفتێکی تایبەت بە ژیانی خۆیانەوە نەریمان بە تەواوەتی لە هونەرەکەی دوورکەوتووەتەوە و کامەرانیش بەهۆی نەخۆشی و ئەو هەمووە گۆرانییە کرچ و کاڵەی ئەو سەردەمە بڕیاری دوورکەوتنەوەی دابوو، ئێستا دەیەوێت جارێکی تر بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆنسێرتی هونەری بگەڕێتەوە ئامێزی جەماوەرەکەی و جارێکی تر ئاشنابین کار و بەرهەمە نوێیەکانی، کە ساڵانێکە بێدەنگی هەڵبژاردبوو.