محمد لادێ – ههولێر
پزیشکێکی کورد لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی پلەی یەکەمی لە پسپۆڕی هەناو لە بۆردی پزیشکی عەرەبی بەدەست هێنا.
دکتۆر هێرش قادر دەربەندی، پزیشکی نەخۆشییەکانی هەناو لە شاری هەولێر، دوای پێنج ساڵ خوێندن لە بۆردی عەرەبی بۆ پسپۆڕی هەناوی، توانیی پلەی یەکەم لە تاقیکردنەوەی کرداری لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی بەدەست بهێنێت.
دکتۆر هێرش لەنێو ٩٢ پزیشکی ڕاهێنراوی هەناودا توانیی پلەی یەکەم لە تاقیکردنەوەی کۆتایی بۆردی عەرەبی بۆ پسپۆڕیی هەناو بەدەست بهێنێت کە یەکەم جارە پزیشکێکی کورد دەگاتە ئەو ئاستە بەرزە.
دکتۆر هێرش لە لێدوانێکدا وتی ” لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە دەستم بە خوێندنی بۆردی عەرەبی کردووە و توانیم لەنێو ٩٢ پزیشکی ڕاهێنراوی بۆردەکە پلەی یەکەم بەدەست بهێنم.” وتیشی تاقیکردنەوەی کۆتایی کرداری بۆردەکە لە شاری بەسرە بەڕێوە چوو کە بەشداران لە ناوخۆی عێراق و وڵاتانی عەرەبییەوە هاتبوون. بەڕێوەبەرانی بۆردەکە سەرسام بوون بەوەی پزیشکێکی کورد توانیویەتی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت.
جێی باسە لە کوردستان لە شاری هەولێر، حەوت دکتۆری ڕاهێنراوی بۆردەکە و لە شاری سلێمانیش حەوت دکتۆری دیکە بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکەدا کردووە. لە کۆی سەرجەمیان، شەش دکتۆری هەولێر و یەک دکتۆری سلێمانی توانییان لە تاقیکردنەوەکەدا دەربچن.
بۆردی عەرەبی بەرزترین دامەزراوەی خوێندنی باڵای پزیشکییە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، کە دکتۆرە ڕاهێنراوەکان لە تەواوی وڵاتە عەرەبییەکانەوە بەشداریی تێدا دەکەن.