گواردیۆلا، تارمایی خستە سەر داهاتووی گریلیش

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی، دووپاتی كردەوە، كە بڕیار لەبارەی داهاتووی یاریزانی لای باڵەكانی یانەكەی جاك گریلیشی یاریزانی نێونەتەوەیی ئینگلیزی دەدا.

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچستەر سیتیی ئینگلیزی، ئاشكرای كرد دوای كۆتاییهاتنی وەرزی خولی ئینگلتەرا، بڕیار لەبارەی داهاتووی یاریزان جاك گریلیشەوە دەدات.
لە كاتێكدا دەنگۆی ڕۆییشتنی ئەو یاریزانە لە یانەی مان سیتی هەیە، گواردیۆلاش ڕایگەیاند دوای كۆتاییهاتنی وەرز، چارەنووسی یەكلا دەكەنەوە.
گریلیشی 29 ساڵان، شوێنی لە پێكهاتەی سەرەكیی تیمەكەی گواردیۆلا لەدەست دا، دوای ئەوەی لە وەرزی 2022/2023 لەگەڵ یانەكەیدا، وەرزێكی مێژوویی تۆمار كرد (بردنەوەی خولی ئینگلیزی، جامی یەكێتیی ئینگلتەرا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا).
ئەم وەرزە ئەو یاریزانە تەنیا لە 7 یاریدا لە خولی نایابی ئینگلتەرا سەەركی بووە، یارییەكانی دیكە لەسەر كورسیی یەدەگ بوو.
هاوكات لە یاریی كۆتایی جامی یەكێتیی ئینگلتەرا كە شەممەی ڕابردوو بەرانبەر كریستاڵ پاڵاس بەڕێوە چوو و یارییەكەیان 0-1 گۆڵ دۆڕاند، بە شێوەی یەدەگ بەشداریی كرد.
گواردیۆلا ڕایگەیاندووە: گفتوگۆ لە نێوان بەڕێوەی وەرزشی و بەرپرسانی دیكەی یانەكە و بریكاری گریلیش دەكرێ بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنووسی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەكە.
ڕوونیشی كردەوە: لەگەڵ جاك بە شێوەی تایبەتی و ڕاستەوخۆ قسەم نەكردووە، ئەو كاروبارانە لە نێوان بریكاری یاریزان و بەرپرسانی یانەكەدا گفتوگۆ دەكرێ و بڕیاری لەبارەوە دەدرێ.
گوتیشی: ئەوەی روو دەدا، ڕوو دەدا، بەڵام لەسەر جاك پێویستە بگەڕێتەوە یاریكردن و خولەكی زیاتری یاریكردن دەست بخات.
هەرچەندە گرێبەستی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانە ئینگلیزییەكە تا هاوینی 2027ـە، بەڵام ئاسوودە نییە بە كەمیی بەشداریكردنی لە یارییەكان، لەگەڵ ئەوەش گواردیۆلا پێی وایە ئەوە بابەتێكی ئاساییە بۆ یاریزانان لە هەموو یانەكان.
دەڵێ: هیچ یاریزانێك لە جیهان نییە كە یاری نەكا و هەست بە ڕازیبوون بكا، یاریزانان یاریكردنیان دەوێ، كاتێك قسەی لەسەر ناكەن، یانی ئاسوودە نین، ئەوەش كارێكی ئاساییە.
مانچستەر سیتی ئەم وەرزە بەبێ بردنەوەی هیچ ناسناوێك دەبات و (پێش یارییەكەی بەرانبەر پۆرنمۆس – كە شەوی ڕابردوو ئەنجام درا)، بە 65 خاڵ لە خانەی شەشەمی خولی ئینگلیزییە، بە جیاوازیی خاڵێك لەگەڵ نیوكاسڵ، چێلسی و ئەستۆن ڤێلا، كە لە خانەی سێیەم، چوارەم و پێنجەم بە دوای یەكدا دێن.
بۆ بیرهێنانەوە گریلیش، ئەستێرەی پێشووی ئەستۆن ڤێلا، لە 2021 بەرانبەر 100 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی چووە مان سیتی، بەڵام لەوێ ئێستە تووشی كێشە و دۆخی كەمیی یاریكردنی بووەتەوە