بە ئامادەبوونی پارێزگارانی ( هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵبجە ) و پارێزگارانی ( کوردستان، کرمانشا، ئازربایجانی ڕۆژئاوا ) و نوێنەری ویلایەتی فقهی و جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری ئابووری و سەرۆکی لیژنەی کاروباری پارێزگاکان لە پەرلەمانی ئێران، سێەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگارانی، پارێزگا هاوسنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە کونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندیەکانی هەرێم – ئێران و سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکان و نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەی بوون، تێیدا چەندین وتار پێشکەشکرا و جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییە گشتییەکانی نێوان هەردوولا و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان کرایەوە.
هەروەها ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیان بەگرنگ و پێویست زانی بۆ هەردوولا و پاڵپشتی خۆیان بۆ ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن و کاری هاوبەش لە پێناو پێشخستن و بەرفراوانکردنى بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا و بە هێزکردنى جوڵە و ڕهوشی بازرگانی له دەروازەی سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێران کردەوە و، هیواشیان خواست بە هاوکاری و هەماهەنگی یەکتر، لێکتێگەیشتنی زیاتر و دانانى ڕێو شوێن و میکانیزمى پێویست، پەرەی زیاتر بە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بدرێت.
پارێزگاری هەولێریش، لەوتارێکدا، بەناوی شاندی هەرێمی کوردستان، دوپاتیکردەوە، کە هەرێمی کوردستان لەسەر هەموو ئاستەکانی خواستی ئەوەیە پەیوەندییەکی باش و تۆکمەی هەبێت لەگەڵ سەرجەم وڵاتان بە تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ ئەو مەبەستەش پاڵشت و هاوکارە.
گوتیشی، لە هەوڵەکانی بەرەوپێشەوەبردنی پەیوەندییەکان، سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەین کە بوونە هۆکار بۆ ئەنجامدانی ئەو دیدار و کۆبوونەوەیە، بە تایبەتی سوپاسی سەرکونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و پارێزگاری کوردستانی کرد بۆ پێشوازیی و ئامادەکاری دیدارو کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوولا.
سەبارەت بەسەردانیکردنی زیارەتکارانی ئێرانیش لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە و چوونیان بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق، پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند، لەساڵانی ڕابردوو هەرچی ئاسانکاری و خزمەتگوزارییە پێشکەش بە زیارەتکاران کراوە، بەردەوامیش دەبێت.
لە کۆتایشدا، باسی لەو پڕۆژە و کار و گەشەسەندن و پێشکەوتنانەکرد، کە سەرەڕایی ئەو زوڵمەی بەغدا لە هەرێمی کوردستان دەیکات، لە بڕینی بوودجە و مووچە هاتۆتەدی.
دواتر، هەریەک لە پارێزگارانی سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، وتاریان پێشکەش کرد و تیشکیان خستەسەر بەرەو پێشچوونی پەیوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکان، هەروەها ئومێدیان خواست ئەم کۆبوونەوە و دیدارەکانی ببێتە هۆی داڕشتنی میکانزمێک بۆ چارەسەرکردنی گرفت و کەم و کوڕییەکان و هەنگاوێک بێت بۆ پێشخستنی ئاڵوگۆری بازرگانی و پەرەپێدان و بوژاندنەوەی زیاتر کەرتی وەبەرهێنان و پیشەسازیی و گەشت و گوزار لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران.