محمد لادێ – ههولێر
کورتەفیلمی کوردی (شێرۆ) بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گابیس دەکات کە لە باشووری ئەفریقا لە وڵاتی تونس بەڕێوە دەچێت و پاڵێوراوە بۆ خەڵات.
کورتەفیلمی شێرۆ، لە دەرهێنانی “رابەر ئیبراهیم”، بڕیارە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ژینگەیی گابیس بەشدار بێت کە لە ٣١/٥ تاوەکو ٣/٦/٢٠٢٥ لە وڵاتی توونس بەڕێوە دەچێت و چەندین فیلمی سینەمایی دیکە لە چەند وڵاتی جیاوازەوە بەشداری تێدا دەکەن و ئەم فیلمەش لە فیستیڤاڵەکەدا پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی خەڵات.
ئەم کورتەفیلمە، پێشتر بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا کردووە. جوان سەید و رێزدار عەلی وەک ئەکتەری سەرەکی لە فیلمەکەدا رۆڵیان گێڕاوە؛ چیرۆکی فیلمەکەش باس لە کەسێک دەکات بە ناوی پیرۆت کە لە لادێیەکدا دەژی و گەشتێک دەکات بۆ شاخەکان بۆ ئەوەی خواردن ببات بۆ ئەو ئاژەڵ و باڵندە کێویانەی لەبەر سەرما و بەفر بارین خواردنیان بەئاسانی دەست ناکەوێت، بۆ گەشتەکەش کوڕە بچووکەکەی لەگەڵ خۆی دەبات بۆ ئەوەی فێری بکات چۆن هاوکاری ئاژەڵ و باڵندە کێویەکان بکات، بەڵام گەشتەکە بەو شێوەیە ناڕوات کە پیرۆت پلانی بۆ داناوە.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ژینگەیی گابیس یەکێکە لەو فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیانەی کە ساڵانە لە باکووری ئەفریقا لە وڵاتی تونس بەڕێوە دەچێت و چەندین بەرهەمی سینەمایی لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە بەشداریی تێدا دەکەن.