محەمەدسەعید جاف، پۆپه‌نشینی مێژوو

خوسرەو جاف
ڕۆژ ڕۆژی ئەسپ و ماینی ڕەسەن بوو، لە هەرچوار لای دێوە حیلەی ئەسپ و ماینی ڕەسەن دەبیسرا. لە جەژنەكاندا سەدان سواری تفەنگ‌بەشان لە بەردەم ماڵە بەگزادەكاندا كۆ دەبوونەوە و خۆیان دەكردە دیوەخانا بۆ جەژنەپیرۆزە. ئەسپەكان بە مێخسكەوە بەسرابوونەوە توورەكە بە قەپۆزەوە، بە زین و بەرگەوە ئارام‌ئارام ئالیكیان دەخوارد و لەشی عارەقكردووی ڕێگای دووریان وشك دەكردەوە، سوارەكان لەو هەردەی بناری جافەوە شۆڕ بووبوونەوە خوارێ و خۆیان گەیاندبووە كەلاری پایتەختی زستانەهەواری پایتەختی بەگزادەی جاف، هەمووی سێ ساڵی بەسەر نەچووبوو ماڵی فەتاح بەگی كوڕی حەمەپاشای جاف لە قەڵای شێروانەوە دابەزیبوون و لە كەلاردا نیشتەجێ بووبوون، ئاخر كوڕەكانی فەتاح بەگ گەورە بووبوون و كاتی خێزاندارییان هاتبوو، كەریم بەگی براگەورەیان لەگەڵ پێنج براكەیدا لە كەلاردا گیرسابوونەوە، تا چەند ساڵێك لەمەو بەر بەگزادەكان هاوڕای خێڵەكانی جاف لە گەرمیان و كوێستاندا بوون، ئیتر لە گیاگەنانەوە خۆیان جەموجۆر دەكردەوە و ڕێچكەیان دەبەست و بەرەو كوێستان دەكەوتنە ڕێ، هەوارگە بە هەوارگە ئاژەڵ بەدوای یەكدا هەزاران مەڕ و بزن، كاوڕ و كار و گا و گوێرەك و ئەسپسوار و پیادە، سەرەوژوور بە ڕێگەوە بوون، هەوارگەكان ناسراو بوون، هەر خێڵێك هەوارگەی تایبەتی خۆی هەبوو. لەم دوادوایەیدا شەڕی جیهانی یەكەم تەواو بووبوو بەگزادەكان دەستبەرداری ژیانی كۆچەری بووبوون.

كەریم بەگی فەتاح بەگی حەمەپاشای جاف بە سەرۆكی قەبیلەی جاف هەڵبژێردرابوو… دەوڵەتی عێراق چاوساغی دەوڵەتی بەریتانیای تازە دامەزراو بوو، دامەزراوەكانی دەوڵەتداری بڕێكیان دامەزرابوون، “مەجلیسی نواب” پێك هێنرابوو، چەند مانگێكی نەبرد هەڵبژاردن بۆ خولی دووهەم هاتە پێشەوە. لە دوای كەریم بەگ ڕەزا بەگ بوو، لە دوای ڕەزا بەگ حەمە بەگ بوو، كە دەكاتە كوڕی سێیەمی فەتاح بەگ… خەڵكەكە و براكانی ئومێدێكی زۆریان بە حەمە بەگ هەبوو، هۆشیار و دەمڕاست، ئەهلی قەڵەم و پەیوەندیی دوور و نزیك… سەرەنجام حەمە بەگ بوویە نوێنەری جاف لە خولی دووهەمی پەرلەمانی عێراقی تازەپێگرتوو؛ لە قۆڵی سەرەوە “هەڵەبجە” ئەحمەد موختار جاف، ئەویش بە نوێنەری هەڵەبجە و جافی شارەزوور بوو بە نائیب لە مەجلیسی نوابی عێراقدا، ئەم دوو ئامۆزایە حەمەبەگ و ئەحمەد موختار بەگ، لە زۆر لاوە هاوبیروڕا بوون، بە گوێرەی هەلومەرجی دەوروبەریان دوورئەندازی میللەتەكەیان لە خولیادا بووە، هەردووكیان بە نووسینەوە سەرقاڵ بوون… حەمە بەگ داستانی دەنووسی، ئەحمەد بەگ شاعیر بوو، لە دواییشدا داستانی نووسی… هەردووكیان بەتەمای شۆڕشێكی چەكدارانە بوون، مەرگ مەودای حەمە بەگی نەدا بە “جەڵتەی مێشك” لە تەمەنی 32 ساڵاندا كۆچی دوایی كرد، ئاواتەكانی لەگەڵ خۆیدا بردە ژێر خاك، ئەحمەد موختار جافیش لە ڕێگەی وڵاتدا شەهید كرا.
حەمەسەعید جاف كوڕی حەمەبەگی جوانەمەرگە، دەیگێڕاوە دەیوت لە بیرمە كاتێك باوكم نائیبی پەرلەمان بوو، ماڵمان لە بەغدا بوو لە گەڕەكێكی سەر دیجلە نزیك وەزارەتی بەرگری… ئەو دەم لە بەغدایش تاكوتەراك ئۆتۆمبێل دەبینرا، باوكم ئۆتۆمبێلی سەند و هەر بەو ئۆتۆمبێلەوە گەڕاینەوە شێروانە و كەلار… مردنی لەناكاوی حەمەبەگ براكان و ئەشرەت (عەشرەت)ـی گەلێك دڵگران و غەمگین كرد، بە درێژایی دوو ساڵ تازیە و ماتەمباری بووە. كە وەفاتی كردووە مڵك و داراییەكەی زۆری بۆ منداڵەكانی بەجێ هێڵاوە.
حەمەبەگ سێ كچ و كوڕێكی هەبووە، ناو كوڕەكەی حەمەسەعی بووە، سەرجەم ئەو منداڵانە دەكەونە ژێر چاودێریی مامەكانیانەوە؛ لەبەر مردنی باوكی، حەمەسەعیدی مێردمنداڵ بەردەوام نابێ لە خوێندنی قوتابخانە و، لە تەمەنی حەڤدە هەژدە ساڵاندا مامەگەورەكەی واتە كەریم بەگی جاف، كچەكەی خۆی، “زیبا خانم”ـی لێ مارە دەكات.
هەر لەو تەمەنەیدا حەمەسەعید جاف بە خوێندنەوەوە خەریك دەبێت و خوو و خەیاڵی بەربڵاو دەداتە خوێندنەوە و سەرەنجام دەبێتە خاوەنی كتاوخانەیەكی مەزنی تایبەتی لە “لیوا”ی كەركووكدا؛ هەر لە ڕێگەی خوێندنەوە زمانی عەرەبی و فارسی فێر دەبێت، دەبێتە ئابوونەدەری ڕۆژنامە و گۆڤارە كوردییەكان، ئەو دەم كەلار لە دەوڵەت و دامەزراوەكانی بەدوور بووە، پۆستخانە و دەزگای دەوڵەتیی لێ نەبووە، بە ناونیشانی حەمەڕەشید خەیات كە نیشتەجێی شاری كفرییە ڕۆژنامە و گۆڤارەكانی پێ دەگات.
هەفتەی جارێك سوارێكی بۆ قەسرشیرین دەنارد لە ئێران، ئەوی ڕۆژنامە و گۆڤاری مانگانە و هەفتانە هەبووە بۆیان هێناوە، وەك: گۆڤاری تاران مسەوەر، تەرەقی، فیردەوسی، ئومێدی ئێران و بڕێكی تر، بەندە هەرهەموو ئەوانەم بەرگ كردوون و پاراستوویانم.
ئەو بەوەیش ڕازی نەبووە تەواوی بڵاوكراوەكانی حزبی توودەی ئێرانی پێ دەگەیشت “حزبی تودە؛ حزبی شیوعی” كوردیەكی پاك و ڕەوانیش فێر بووە، تەنها بە خوێندنەوە ڕازی نەبووە و دەستی بە وەرگێڕانی فارسی و عەرەبی بۆ كوردی كردووە و خۆیشی لە مەیدانی داستاندا تاقی كردووەتەوە” لە گەلاوێژ، شەفەق، هەتاو و ژین” بەرهەمی بڵاو بووەتەوە، بەردەوامی لە خوێندنەوەدا وای لێ كردووە بیروبۆچوونی “ماركسیەت”ـی كەوتە خولیاوە، وەك لایەنگیر نەك ئەندام، هاوكاریی حزبی شیوعی عێراقی كردووە.
حەمەسەعید جاف جگە لە خوێندنەوە، ئاشقی ڕاوكردن بووە، ئەسپێكی هەبووە بە ناوی ئەسپەكوێت لە دەڤەرەكاندا ناو و باوی خۆی هەبووە، سواری ئەسپەكوێت دەبوو، پڕتاو بەرەو ناو گەلی ئاسك دەڕۆیشت، ئەو گەلی ئاسك لە دەوروبەری كەلار، سەید خەلیل و هەردەی شاكەل و بەردەسۆر، هەروەها لەسەر جۆگەی كەلار سەدان ئاسك پێكەوە دەلەوەڕان. حەمەسەعید جاف كە بە ئەسپەكوێت دەگەیشتە نزیكی گەلەئاسك هەر بەسەر ئەسپە كوێتەوە تەقەی دەكرد و ئاسكی دەپێكا… هەرگیز لە دوو ئاسك زۆرتری نەكوشتووە، دەكۆشا لە كەڵەهەرزا ڕاو نەكات لە كاتی زاووزێدا ڕاوی نەدەكرد.
ڕاوچی كە ئاسكی دەكوشت دەبوا بە ژێر سكی ئەسپەكەیدا هەڵیواسێت، دەبوا قولەقاپەی لە دوو لاوە كون بكرایە، بە بەن بە دووی لای كەلپووز و زینەكەی شەتەك درابا، كەریم بەگی مامی ڕاوكردنەكەی حەمەسەعیدی برازای بەدڵ نەبووە، پەیوەستە پێی وتووە: “سەعە، سەعەكەم، قولەقاپەی ئاسك كون بكە، دوایی خوا تۆڵەت لێ دەكاتەوە و قولەقاپەت كون دەكات.” دوای شانزە ساڵ لە وڵات دووربوون گەڕایەوە وڵات، دوو جار بە ڕووداوی ئۆتۆمبێل هەردوو لاق و كڵۆكی شكا، لە بیمارستاندا كەوتبوو، لە چەندان لاوە قولەقاپە و ڕان و لاقی كون كرابوو، بورغی و شیشی داریان تێ ئاڵاندبوو، كە دەڕۆیشتن بۆ لای دەیوت ئەمە بۆ پێشبینی مامەكەریم بەگمە، پەنجا ساڵ لەمەوبەر ئەم وەزعەی كە هەمە پێی ڕاگەیاندبووم كە وام لێ دێت.
لەبیرمە منداڵ بووم چەند كەسێك بە تۆمەتی شیوعەتییەوە ئەمری گرتنیان دەرچووبوو، ڕایان كردبوو لە كەلار لە ماڵی ئێمەدا بوون، سێ كەس بوون؛ “بەگی حسەین بەگ و …..”؛ كەلاری پەنجاكان وەك قەڵای لێقەوماوان وابوو، زۆر لێقەوماوی لێ بوو، زۆریان تۆمەتی بكوژیان یەدەك ڕادەكێشا؛ كورد و عارەب و توركمان لەوێ پەنابەر بوون، دەوڵەتی عێراقی دەستی بۆ نەدەبردن، هەتاوەكوو لێقەوماوانی ئێرانیش لە كەلاردا دەبینران، بۆ نموونە “قەدەمخێر” ژنە شۆڕگێڕەكەی لوڕستان لە ناچاری ئێرانی بەجێ هێڵا، پەنای هێنایە بەر بەگزادەكانی جاف. نزیكەی دوو ساڵ لە ماڵی عەبدوڵڵا بەگی كەیخوسرەو بەگدا لە شاری قزرابات (سەعدیە)دا ماوەتەوە، ئاخر نیوەی ڕاستی ئەو شارە وەك مڵك هی ئێمەیە، مزگەوتی مەحموودپاشا لەوێیە، گۆڕی باوكم حەمەسەعید جاف لەو مزگەوتەدایە، بۆیە كورد حەمرین بە هی كورد دەزانێ چونكە مڵكی ئێمەی كوردی جافە.