لە عێراقدا هەر پێنج کەسێک و یەکێکیان جگەرەکێشە و، ڕۆژێ ٢ملیار دینار دەسووتێنن و، دەیدەن بە بادا

محەمەد لادێ – هه‌ولێر

لەم چەند ساڵەی دواییدا بە هۆی پەیدابوونی جگەرەی ئەلیکترۆنی و ڤەیپەوە جگەرەکێشان بووەتە دیاردەیەكی باو! ژمارەیەكی بێئەناز و بێئەژمار، لە هەموو ئاست‌ و تەمەنێك هۆکارە (ئاڵوودە)ی بوون. سەرەڕای هەڵمەتە بەردەوامەکانی بەرەنگاربوونەوە و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵ لە زیانەکانی کێشانی جگەرە و جۆرە جیاوازەکانی، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی جگەرەکێشان لەنێو گەنجان و مێردمنداڵاندا لە جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و عێراقییەکانیش ڕۆژانە ٢ملیار دینار لە کڕینی جگەرەدا بە هەدەردەدەن.

شارەزایان هۆکاری زیادبوونی کێشانی جگەرە بەو ڕێژە زۆرەی ئێستا دەگەڕێننەوە بۆ پەیدابوونی جگەرەی ئەلیکترۆنی کە بە هۆی شێوازی جیاواز و تام و بۆنە جیاوازەکانیەوە، خواستی کێشان لەسەری زۆرە و ئاسانی بەدەستکەوتن و ئاسانیی بەکارهێنانیشی هۆکارێکی ترە بۆ زیادبوونی ڕێژەی بەکارهێنەرانی.
هەرچەندە بازرگانیکردن بە جگەرەی ئەلیکترۆنییەوە ساڵێک زیاترە لە هەرێمی کوردستان قەدەغە کراوە بەڵام لە عێراق هەفتەی ڕابردوو بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی دراوە ئەویش دوای ئەوەی بڕیار درا بەم نزیکانە “یاسای پاراستن لە زیانەکانی تووتن” دەربچێت و بە یەکجاری کۆتایی بە بڵاوبوونەوەی جگەرەی ئەلیکترۆنی ناسراو بە ڤەیپ لە وڵاتتدا بهێنرێت.
وەسیم گەیلانی، بەڕێوەبەری بەرنامەی ڕووبەڕووبوونەوەی جگەرەکێشان لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند “جگەرەی ئەلیکترۆنیی لەنێوان گەنجان، هەرزەکاران، منداڵ و کچاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاوبووەتەوە و ئەوەش زیانی تەندروستی گەورەی هەیە، بۆیە پڕۆژەیاسای قەدەغەی فرۆشتنی جگەرە بە کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵان هەنگاوێکی باشە بۆ سنوردارکردنی جگەرەکێشان، چونکە یاساکە پێبژاردن و سزا بۆ ئەو کەسانە دادەنێت کە جگەرە بە کەسانی خوار ١٨ ساڵان دەفرۆشن.
وەسیم گەیلانی، ئاماژەی بەوەش کرد: یاساکە بە یەکجاری هاوردەکردن و فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی قەدەغە دەکات، جەختیشی کردەوە کە یاسا نوێیەکە میکانیزمی ڕون لەخۆدەگرێت، لەوانەش سزا و غەرامەکردن و دەستبەسەرداگرتنی ڤەیپ بۆ هەر کەسێک کە بوێری پێشێلکردنی یاساکە بکات.
بەپێی توێژینەوەكان جگەرە پێكهاتەیەكی مەترسیداری هەیە، كە پێك دێت لە چەندین مادەی كیمیایی و زیانۆکی وەك نیكۆتین، تار، ئامۆنیا، سیانە هایدرۆجین‌ و كۆمەڵێك مادەی تر کە باوترینیان نیکۆتینە و مەترسیدارترینیانە، كار لە مرۆڤ دەكات‌ و هۆکارەی دەكات و بە تێپەڕبوونی کات مەترسی مردنی لێ دەکرێت.
هەروەها بە پێی ئامارێكی جیهانی، هەر ٧ چركە و، كەسیك دەبێتە قوربانی دەستی جگەرە و مادەكانی ناوی.
لە عێراقیش بە پێی ئامارەکان، ئێستا لە هەر پێنج عێراقییەک یەکێکیان جگەرە دەکێشێت، بەشێک لە سەرچاوەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن عێراقییەکان بۆ کڕینی جگەرە رۆژانە ٢ملیار دینار دەسووتێنن و، بەو هۆیەیشەوە جگەرەکێشان بووەتە یەک لە دە هۆکارە بەربڵاوەکەی مردنی خەڵکی عێراق.