گۆرانیبێژ كاروانی نەی: لەگەڵ (نەی) بووینەتە دوو هاوڕێ و ئاشقی خۆی كردم!

لە منداڵیدا و بە هۆی باوكیەوە هەندێجار شمشاڵی ژەندووە؛ پاشان بۆتە دەفژەن، بەڵام دوایی لە ڕێگەی وەستایەكی خانووەوە و بەڕێكەوت ئاشنای ئامێری نەی بووە و لەو كاتەوە بۆتە ئاشقێكی سەرسەختی ئەو ئامێرە و تا گەیشتۆتە ئەوەی نازناوی نەی بەسەردا ببەخشرێت.

هونەرمەند كاروان مەحمود ناسراو بە (كاروانی نەی) ساڵانێكی زۆرە لە بواری مۆسیقا و گۆرانیدا كار دەكات، كاروان بە (هەولێر)ی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی باوكی دەنگی خۆش بووە و هەمیشە گۆرانیی وتووە و ئەویش گوێی لێ گرتووە، حەزی بۆ هونەر جووڵاوە.
وەك كاروان رونی كردەوە، باوكی ئامێرێكی شمشاڵی هەبووە، ئەو ئامێرەشی زووزوو گرتووەتە بەدەستەوە و بەكاری هێناوە، بەو هۆیەوە حەزێكی زۆری بۆ مۆسیقایش پەیدا كردووە، وەك كاروان باسی كرد، پێشتر ژەنیاری ئامێری دەف بووە، بەڵام دوایی دەستی کردووە بە نەیژەنین.
كاروان ئاماژەی بەوە كرد، حەزی بۆ نەی لەوەوە جووڵاوە، كاتێك منداڵ بووە و لە شارۆچكەی سەیدسادقدا بوونە، لە بەردەم ماڵیاندا قوتابخانەیەك دەكرایەوە و لەوێشدا كۆمەڵێك وەستا و كرێكار ئیشیان لێ دەکرد؛ چەند كەسێكیان بۆیاخی قوتابخانەكەیان كردووە، یەكێكیان بانگی كردووە و وتویەتی دەف دەژەنی؟ وتویەتی بەڵێ، ئەو كەسەش پێی وتووە ئەی (نەی) ناژەنێت؟ بۆیە كاتێك ئامێرەكەی بۆ هێناوە حەزی چۆتە سەر ژەنینی نەی.
ئەو وتی “لەبەرئەوەی لە یەكەم ساتەوە كە گوێم لە نەی بووە هەست دەكەم بووینەتە دوو هاوڕێ و ئاشقی خۆی كردم و خۆشیم پێ دەبەخشێت، هیوادارم توانیبێتم لەو بوارەشدا خزمەتێكی بچووكم كردبێت، ئەم ئامێرەی من دەیژەنم ئێرانییە، بەڵام توانیومە كوردیانە بیژەنم، زۆربەی ئوستازە فارسەكانیش ئەم ژەنینەی منیان بەلاوە باشە”.
كاروان پێی وایە ئێستا لەناو كوردیشدا ژەنیاری ئامێری نەی لە برەودان، بۆ نموونە هونەرمەند خەلیل عەبدوڵا یەكێك بووە لە نەیژەنە هەرەباشەکان، هەرچەندە ئێستا وازی هێناوە. نەی ئامێرێكی دڵنشینە و بۆ گۆرانی كوردی و فارسیش بۆ ژەنین گونجاوە.
ناوبراو چەند ساڵێكە لە بواری گۆرانیگوتنیشدا دەركەوتووە و وەك زۆربەی گۆرانیبێژانی دیكە بە لاساییكردنەوە دەستی پێ كردووە، كاروان وتی “ساڵانی 1998 و 1999 چەند گۆرانییەكم تۆمار كرد، پاشان كە لەگەڵ ئامێری نەی خەریك بووم گۆرانیچڕینم فەرامۆش كرد، بەڵام لە بەرنامەكاندا زیاتر گۆرانییەكانی مامۆستایان حەسەن زیرەك و خالقی و ماملێم دەوتەوە، بەڵام بەمدواییانە پێم باشبوو گۆرانی خۆمم هەبێت، بۆیە لە سێ ساڵی رابردوودا چەند گۆرانییەكی خۆمم كلیپ كرد، ئێستاش سەرقاڵی چەند بەرهەمێكی نوێم”.
ساڵانێكە بەشێك لەگۆرانیبێژان روویان لە گۆرانیچڕین لە ئوتێلە پێنج‌ئەستێرە و چوارئەستێرەكان كردووە بەناوی (لایڤ‌مۆسیقا) ئەوەش بۆچوونی جیاوازی لەنێو هونەرمەندان دروست کردووە هەندێك بە باش و هەندێكیش بە خراپ ناوی دەبەن.
كاروانی نەی یەكێكە لەو گۆرانیبێژانەی بەردەوام سەرقاڵی لایڤ‌مۆسیقایە و پێی وایە ئەو كارە بۆ مومارەسە و پێشكەوتنی گۆرانیبێژ زۆر باشە و زۆر گۆرانیبێژیشی بار هێناوە؛ پاشان هەندێك لە گۆرانیبێژان هیچ سەرچاوەیەكی داهاتیان نییە و پشت بەو لایڤ‌مۆسیقایە دەبەستن، وەك خۆیشی جگە لەوەی فەرمانبەرە، هەمانكات پێی باشە لایڤ‌مۆسیقایش بكات و بۆتە سەرچاوەیەكی داهات بۆی.

ھەواڵی زیاتر