چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

قۆناغی دووه‌می خولی نایابی كوردستان ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، گه‌ڕی یه‌كه‌می قۆناغی دووه‌می خولی نایابی كوردستان له‌سه‌رجه‌م یاریگه‌كانی كوردستان ئه‌نجامده‌درێت، یارییه‌كانیش كاتژمێر 2ـی دوای نیوه‌ڕۆ به‌ڕێوه‌ده‌چن، له‌ یارییه‌كی پڕ جه‌ماوه‌ریدا چه‌مچه‌ماڵ میوانداری سه‌ید سادق ده‌كات، كه‌ له‌ قۆناغی چووندا پێی دۆڕاندبوو، ئارارات و برایه‌تی و سیروانی نوێ و دهۆك و نه‌ورۆز چاویان له‌ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌یه‌، چونكه‌ گه‌ڕی یه‌كه‌می قۆناغی یه‌كه‌م به‌م تیپانه‌ی ئه‌مڕۆیان دۆڕاوندووه‌، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر، هه‌موو گه‌ڕێك شه‌ن و كه‌وی یارییه‌كان ده‌كات و دواین زانیاری ده‌خاته‌ڕوو.

چه‌مچه‌ماڵ له‌ نێو ئاپۆڕای هانده‌رانی میوانداری سه‌یدسادق
چه‌مچه‌ماڵ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری سه‌ید سادق ده‌كات، ئه‌رسه‌لان جه‌لالی راهێنه‌ر به شێوه‌یه‌كی باش قۆناغی یه‌كه‌می به‌ڕێكرد، هه‌رچه‌ند گرفتی زۆریشی له‌ پێكهاته‌كه‌ی هه‌بوو، بۆ ئه‌و قۆناغه‌ش دوو ناوه‌ڕاستكاری سه‌ره‌كی له‌ده‌ستداوه‌، كه‌ ئاكۆ نوری و سه‌فین ئه‌مینن بۆ خولی عێراقی په‌یوه‌ندیان به‌ زاخۆ كردووه‌، به‌ڵام ئه‌م راهێنه‌ره‌ توانای تێپه‌ڕاندنی ئه‌م گرفتانه‌ی هه‌یه‌، 22 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی پێنجه‌م دێت، به‌ جیاوازی گۆڵ له‌گه‌ڵ ركابه‌ره‌كه‌ی ئه‌مڕۆی خانه‌ك له‌ دواوه‌یه‌.
سه‌یدسادق، ئه‌و تیپه‌ی له‌ یه‌كه‌م وه‌زری سه‌رئێشه‌یه‌كی زۆری بۆ یانه‌كان دروست كردووه‌، پاڵپشتی هانده‌ره‌كانی هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌نجامه‌ باشه‌كانی بوو، به‌ڵام تا ئێسته‌ هیچ یارییه‌كی له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی نه‌بردووه‌ته‌وه‌، 22 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی چواره‌م دێت.

ده‌ربه‌ندیخان ده‌یه‌وێت دووباره‌ له‌ میوانه‌كه‌ی بباته‌وه‌
ده‌ربه‌ندیخان له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری برایه‌تی ده‌كات، له‌ قۆناغی چووندا شین پۆشه‌كانی ده‌ربه‌ند له‌ یاریگه‌ی برایه‌تی به‌ ئه‌نجامی (2-3) براوه‌بوون، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت هه‌مان سیناریۆ دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌، چه‌ند یاریزانیكی تازه‌شیان هێناوه‌ته‌ ریزه‌كانیان له‌وانه‌ دیار عه‌لی ناسراو به‌ (حه‌مكه‌) كه‌ گۆلكه‌رێكی به‌ توانایه‌، ده‌توانێت سوودێكی زۆر به‌ راهێنه‌ر بگه‌ینێت بۆ ریێكخستنی پلانه‌كانی، 19 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی حه‌وته‌من.
برایه‌تی، به‌ كۆمه‌ڵێ یاریزانی لاو و ته‌مه‌نێكی بچووك، كۆمه‌ڵێ ئه‌نجامی باشیان ده‌سته‌به‌ر كرد، توانای یاریزانه‌كانیشی ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و باشی ده‌چێت، چونكه‌ لێكگه‌یشتنی نێوان یاریزانه‌كان تا راده‌یه‌كی باش زیادی كردووه‌، یاریزانه‌كان نه‌فه‌س و توانای یاریكردنیان باشتر بووه‌، وه‌ك له‌ سه‌رتای خوله‌كه‌، ئه‌مه‌ش پاڵنه‌رێكی باش ده‌بێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌نجامێكی باش له‌م یارییه‌، 18 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی نۆیه‌من.

نه‌ورۆز چاوی له‌ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌یه‌
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر رۆژی پێنج شه‌ممه‌ له‌ یاریگه‌ی دووه‌می فره‌نسۆ هه‌ریری میوانداری نه‌ورۆز ده‌كات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ش و هه‌وای پیرمام نا له‌باره‌ بۆیه‌ یارییه‌كه‌ بۆ سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر گواستراوه‌ته‌وه‌، له‌ یاریی یه‌كه‌م نه‌ورۆز له‌ یاریگه‌ی خۆی له‌ دواین خوله‌ك به‌ گۆڵێكی كوشنده‌ی فه‌رهه‌نگ وریا دۆڕاندی، به‌ڵام ئێسته‌ نه‌ورۆز ئاستی باشتربووه‌، پێچه‌وانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ئاستی دابه‌زیوه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانی یارییه‌كی قوڕس و زه‌حمه‌ت له‌ هه‌ردوولا ده‌كرێت، چونكه‌ هه‌ردوو تیپه‌كه‌ هه‌وڵی جێگیركردن و زیادكردنی خاڵه‌كانیان ده‌ده‌ن، تا ركابه‌ری له‌سه‌ر پێشه‌نگی خوله‌كه‌ بكه‌ن، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ته‌نها بارزان حه‌یدری بۆ ئه‌م قۆناغه‌ گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌، سه‌میر بابۆ ئه‌م وه‌رزه‌ به‌هۆی به‌ته‌مه‌ن داچوونی به‌شێك له‌ یاریزانه‌كانی تووشی كێشه‌ی زۆر بووه‌ته‌وه‌ له‌ بنیاتنانی هێرشه‌كانی، بۆیه‌ پێویستی به‌ خوێنی تازه‌ و یاریزانی لاوه‌ تا ئاست و خێرای تیپه‌كه‌ی زیاد بكات، 20 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی شه‌شه‌م دێت.
نه‌ورۆز به‌ راهێنه‌رایه‌تی كامه‌ران عه‌لی له‌ قۆناغی یه‌كه‌م ئاستیكی باشیان تۆماركرد، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت هه‌مان ئه‌نجامی باش دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وان به‌هۆی خێرای یاریزانه‌ لاوه‌كانیان هه‌ر تیپێك كه‌لێن و بۆشایان بداتێ ده‌توانن گۆڵیان لێ بكه‌ن، به‌ تایبه‌ت له‌ هێرشی پێچه‌وانه‌ زۆر خێرا و لێزانانه‌ گه‌وره‌ترین مه‌ترسی ده‌خه‌نه‌ سه‌ر تیپی به‌رامبه‌ر ، 23 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی سێیه‌م دێن.

هه‌ندرێن له‌سه‌ر حسابی دهۆك، چاوی له‌ پاراستنی پێگه‌كه‌یه‌تی
هه‌ندرێن به‌ راهێنه‌رایه‌تی دڵشاد مه‌عروف به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 30 خاڵ پێشه‌نگی خوله‌كه‌یان گرتووه‌، ئه‌م تیپه‌ له‌ یاریگه‌ی خۆی هیچ گۆڵێكیشی لێ نه‌كراوه‌، بۆیه‌ ئه‌مڕۆش له‌ دژی دهۆك ده‌یه‌وێت پارێزگاری له‌م تۆماره‌ خاوێنه‌ی خۆی بكات، بۆ ئه‌مه‌ش پشت به‌ تواناكانی محه‌مه‌د یاسینی گۆڵپارێز و شێرزاد محه‌مه‌دی كاپتن و سۆران عه‌زیز و هیمن نازم و ماجد راشد ده‌به‌ستێ، تا ئه‌م یارییه‌ش ئه‌نجامی باش تۆماربكات.
دهۆك له‌ به‌رگریكردن تیپێكی به‌هێزن، به‌ڵام بۆ هێرش بردن و به‌ده‌ستهێنانی بردنه‌وه‌ سستن، ئه‌مه‌ش به‌هۆی كه‌م ئه‌زموونی یاریزانانی تیپی پێشه‌وه‌یه‌ له‌ تیپه‌كه‌، ته‌نها 9 گۆڵیان كردووه‌، كه‌ دووه‌م كه‌مترین ژماره‌ی گۆڵ كردنه‌ له‌ خوله‌كه‌، كه‌چی 13 گۆڵیان لێ كراوه‌، به‌ 18 خاڵ له‌ خانه‌ی ده‌یه‌م دێن.