لە باسی گوندی کانی‌سوور و پووری رەحمەتیم (مەلا زێبای سەید ئیسماعیل)ـدا

ئاورنگ شیخ عەلی

نووسەر و رووناکبیر کاک رابەر دەڵێت: ‎کانی‌سوور گوندێكی خۆش بوو، خەڵكێکی باشی هەبوو؛ دوورەپەرێز و لاچەپ و عاسێ بوو، پێشمەرگە بەئاسوودەیی لێی دەحەوایەوە.

‎ئەوەی جوان و دەگمەن بوو، ژنێكی ژیر و ناوازەی لێ بوو بە ناوی (مەلا زێبا) خێزانی (شێخ قادری شێخەلی) بوو، جگە لە خوێندەواری و خانەدانی، شارەزا بوو لە قورئان و دەف و مناجات و گۆرانی و شیعر. مەلا زێبا كچی (حاجی سەید ئیسماعیل)، باوكی تەكییە و حوجرە و سوختەخانەی هەبوو، بۆیە مەلا زێبا زانستە شەرعییەكانی لە كن باوكی خوێندبوو، پاشان لەوێ وانەی دەگوتەوە، مەلا زێبا قورئانخوێن و حەدیسی زۆر لەبەر بوو، سەڵاواتی لێ دەدا، دۆعاگۆ و بەنزا و مەلوودخوێن و شارەزای لە پزیشکایەتیی پێغەمبەرانی (توبی نەبەوی) هەبوو، ڕوقیەی شەرعی دەخوێند بۆ نەخۆشان، دەرمانی دروست دەكرد، بالۆكە و لیرە و قونێر (دومەڵ) و بیرۆ و هەستیاریی پیسی چارەسەر دەكرد، لە هەمووی سەیرتر ئەو وەختی بۆ سەرەخۆشی دەچووە پرسەی ناو پیاوان، لەگەڵ مەلا و پیاوان فاتیحای دەخوێند و سەرەخۆشیی دەكرد! جۆرە كرانەوە و كۆمەڵایەتییەكی نموونەی تێدا بوو، مەلا زێبا گوڵستانی سەعدی و مەولوودنامەی مامۆستا عەبدولكەریمی مودەڕیس و خورشید و خاوەری وەك ئاوودۆ لەبەر بوو، ئارەزووی بێئەندازەی لە گۆرانییەكانی حەسەن زیرەك بوو، چێژی لێ وەردەگرت و دەیگوتەوە، لە شیعرەكانی (حەمدی، مەحوی، نالی، سالم، حاجی قادری كۆیی و هتددا، شارەزا بوو، ئەو شیعرەی (حەمدی)ـی زۆر دەگوتەوە:

‎”ئەو زەمانە بۆ هەموو دەردێ دەوایان دادەنا
‎ئەهلی حیکمەت دەردیان داناوە بۆ دەرمانی دڵ
‎حەمدی ڕەنگە دڵ پەری بێ دەست لە کاری قەت مەدە ‎گرتنی شێتی دەبەخشێ هارییە بەردانی دڵ”

‎مەلا زێبا پەیوەندییەكی قووڵی لەگەڵ پێشمەرگە و شۆڕشگێڕ و تێكۆشەرەكانی ئەوێ دەمێ هەبوو، منی زۆر خۆش دەویست، كە دەچووم نزای بۆ دەكردم و ناولەپی دەشێلام و قورئانی لەسەر دەخوێندم و دەستی بەسەردا دەهێنام و دەیگوت: (هێندە لە خوا پاڕاومەتەوە بۆت، خوا دەتپارێزێ و گوللەبەندم بۆ كردوویت بە نزا!)، تەنانەت نەوەیەكی ناو لێ نابوو بە ناوی منەوە، كە كوڕی شێخ ساڵحی حاجی شێخ قادری كانی‌سوور بوو.