چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەمەوێت بە خەڵکی کوردستان بڵێم، پرۆژەی ڕووناکی بەهەردوولامان جێبەجی دەکرێت، واتە هەم هاونیشتمانیان هەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها تەواوی خەڵکی کوردستان لەم پرۆژەیە سوودمەند دەبن، ڕەچاوی دۆخ و گوزەرانی دارایی خەڵک کراوە.
گوتیشی: نزیکەی لە 80%ـی خەڵک پارەیەکی کەمتر لەجاران بدەن، بۆ ئەوەی کارەبایەکی 24 کاتژمێریان دەستکەوێت، هەروەها پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ پرۆژەی ڕووناکی لە سەنتەری هەموو پارێزگاکان تەواو بێت، دواتریش بەرەو ناوچەکانی دیکە درێژ دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم پرۆژەیە دەستکەوتێکی گەورەی کابینەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانیە، بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
پێشەوا هەورامانی دەشڵێت: سێ مانگی یەکەم بۆ ئەو بەشداربووانەی دەچنە ناو پرۆژەی ڕووناکییەوە، بەڕێژەی سەدا 15 و 25 تاوەکوو سەدا 50 پاڵپشتی دەکرێن لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بۆ ئەوەی هاونیشتیمان خۆیان ڕابهێنن، هەروەها دەبێت بەپێی پێویست کارەبا بەکار بهێنرێت، کە لەم ڕێگەیەوە بەهەدەردان کەمدەبێتەوە.
گوتیشی: لیژنەیەکی باڵا چاودێری پرۆژەکە دەکات، تاوەکوو تەواوی کوردستان دەبێتە بەشداربووی ئەم پرۆژەیە، کە سەرۆک وەزیران سەرپەرشتی ئەو لیژنەیە دەکات، سەرپەرشتی سەرۆک وەیرانیش بۆ ئەوەیە خەڵک سوودمەند بن بە پارەیەکی کەمتر.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەوە گوتی: دواخستنی مووچە بۆ چی بوو؟ هیچ هۆکارێک نەبووە کە حکوومەتی فیدراڵ مووچەی مووچەخۆرانی دواخست، چونکە ماوەی 20 ڕۆژ بوو بەبێ کەموکوڕی لیستی مووچەمان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی دیراڵ کردبوو.
ڕاشیگەیاند، لە بودجەی ساڵی 2026دا ئێمە داوای بودجەی خۆمان دەکەین، چونکە لە بودجەی وەبەرهێنان چی بە ئێمە دراوە؟ هیچ، لە بودجەی سەروەری چی بە ئێمە دراوە؟ هیچ نەنێردراوە، هەروەها لە بودجەی 2023 ،2024، 2025، یەک ملیۆن کەس دامەزراوە یەک کەسیش لە پشکی هەرێمی کوردستان نەبووە.
پێشەوا هەورامانی، باسی لە پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن کرد و ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەمەریکا دەکات.
بە گوتەی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەردانەکەیدا، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ژمارەیەک کۆبوونەوە و دیداری گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا دەبێت و دواتر وردەکاریی سەردانەکە ڕادەگەیەنن.