فیلمی دەرهێنەرێکی کورد لە جەژنەفیلمە نێودەوڵەتییەکەی کان بەشدارە

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

فیلمی “سەعید ئەفەندی ” فیلمێکی عێراقییە و لە دەرهێنانی کامەران حوسنی دەرهێنەری کوردە، کە ساڵی ١٩٥٦ بەرهەم هێنراوە و بڕیارە لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کان لە فەرەنسا پەخش بکرێت.

جەژنەفیلمی کان، چەند بەش لەخۆی دەگرێت، یەکێک لەو بەشانە، پێشاندانی فیلمە کلاسیکەکان و گفتوگۆکردنە لەبارەیانەوە، فیلمی “سەعید ئەفەندی”یش یەکێکە لەو فیلمانەی بڕیارە لە بەشی کلاسیکدا پەخش بکرێت.
لیژنەی حەسەن بن هەیسەم بۆ یادەوەری بینراوی عێراقی، ڕایگەیاند: فیلمی “سەعید ئەفەندی ” بە ڕەسمی نوێنەرایەتیی عێراق دەکات و لە بەشی ” کان کلاسیک”ـی فیستیڤاڵەکەدا پەخش دەکرێت.
فیلمەکە بە وردی لە پەیمانگه‌ی نیشتمانیی هونەرە بیستراو و بینراوەکانی فەرەنسا نۆژەن کراوه‌ته‌وە، هەروەها کۆپی نۆژەنکراوی فیلمەکە پارێزراو بوو لەلایەن لیژنەکەوە. ئه‌م فیلمه‌ له‌ كۆی ١٠٤ فیلمی عێراقی هه‌ڵبژێردراوه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی چله‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م تاوه‌كوو ده‌یه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیستویه‌ك به‌رهه‌م هاتوون.

فیلمی “سەعید ئەفەندی” لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد “کامەران حوسنی”، ساڵی ١٩٥٨ بەرهەم هێنراوە و لە چیرۆكی “ده‌مه‌قاڵه‌” وەرگیراوە و سیناریۆکەشی ئێدمۆند سەبری نووسیویەتی.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کان بە یەکێک لە بەناوبانگترین و پڕ بایەخترین ڤیستیڤاڵە جیهانییەکان دادەنرێت کە لە ساڵی ١٩٤٦ـەوە بەردەوام ساڵانە لە مانگی ئایاردا، لە شاری کان لە فەرنسا ساز دەکرێت. خەڵاتی چڵەخورمای زێڕین بەناوبانگترین خەڵاتی فیستیڤاڵەکەیە.