نووسەر و شاعێری كورد (حوسێن مستەفا) بەرهەمێكی تازەی بە ناوی (دایە ڕابی). بڵاو كردەوە كە 100 شیعری لەخۆ گرتووە.
حوسێن مستەفا لە لێدوانێكدا بە (هەولێر)ی گوت: یاران، ئەمە دیداری یارانی گیانفیدایە و هەر بەتەنیا دیوانەشیعر نییە. دوای چاوەڕوانییەكی زۆر، چاپی دیوانەشیعرەكەم بە ناوی (دایە ڕابی) گەیشتەوە دەستم. بەر لە هەر شت، سوپاس بۆ خوا. ئینجا، تا كاتی دێت و لە مەراسیمی تایبەتدا بە خوێنەران ئەناسێنرێ، بەكورتی دەمەوێ ئاماژەی پێ بكەم.
نووسەر دەڵێ: ئەم دیوانەم كە لە (پێنج) بەش پێك هاتووە و بە پێشەكییەوە (٣٢٠) لاپەڕەیە و زیاتر لە (١٠٠) شیعری تێدایە. بەرهەمی قاڵبوونەوە و شەونخوونی و كاری بەردەواممە لە دنیای شیعر بۆ ماوەی (چل ساڵ). خۆم لەوە زۆر بە بچووكتر دەزانم لەئاست قوربانی و گیانفیدایی و زام و ژان و سەروەرییەكانی دایكم، ناو و وێنەی خۆم لە بەرگی یەكەم دانابا، بەڵكوو ئەوەی شایستە بێ بەو مەقامە، هەر دایكە و ئەو تاجی سەر و رۆشنایی چاو و هەوێنی بوون و پێگەیشتنمان و ئینجا ئیلهامبەخشی زۆر لە شیعرە هەڵبژاردەكانمە، كە بەشێكی تایبەتم (بەشی دووەم: پانۆراما.. هەوراز و لێژی كاروانێكی درێژ) بۆ خۆی و باوكی شەهیدم (فەرماندە سەید مستەفا) و خانەوادەكەم تەرخان كردووە. لەم دیوانەشیعرەمدا هەمەجۆر شێوازی شیعر (غەزەل، بەیت، چوارین، شیعری ئازاد، شیعری كورت، چامەشیعری درێژ) دەخوێنییەوە. ئەوەندەی دەسەڵاتم بەسەریدا شكابێ، پەیڕەویم لە یاسا و رێساكانی شیعر كردووە و لە هەمووشی زیاتر گرنگیم بە زمان داوە و تا توانیبێتم بە زمانێكی پاراو و بێگرێوگۆڵ نووسیومە و لە پەراوێزی شیعرەكانیشدا فەرهەنگۆكم بۆ زۆر لە وشەكان نووسیوە، بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتر و زیندووهێشتنەوەیان، لە شوێنێ بە پێویستم زانیبێ هەر لە پەراوێزدا سەرنج و روونكردنەوەم نووسیوە. منەتباری برای بەڕێز و ئازیز كاك (بۆتان تەحسین) بەڕێوەبەری دامەزراوەی (كوردستان كرۆنیكڵ)ـم، كە بە هیمەتی ئەوان بە چاپ گەیشت و سوپاس بۆ ماندووبوونی كاك (ئاراس ئەكرەم)ـی دیزاینەری دەستڕەنگین و كاك (سەردار قادر)ی هونەرمەند بۆ كێشانی پۆرترێتەكە و كاك (بژار خۆشنووس) بۆ تایتڵی سەر بەرگ.
لە كۆتایی قسەكانیشی (حوسێن مستەفا) گوتی: سڵاو لە دایكم (ڕابی) و هەموو دایكانی هاوشێوەی، ئەم پۆرترێت و ناونیشانە گوزارشت و وێنای هەموو ئەو دایكانەیە، كە دوای شەهیدکەوتنی هاوسەرەکەیان، ئەمانیش بوون بە (شەهیدی زیندوو) و بۆ هەمیشە لە ویژدانماندا بە نەمری دەمێننەوە.