هاوڕێم حەمە موکری! لە یادت ناکەم…

خوسرەو جاف
باسی ڕۆمانی “سەگوەڕ”ی محەمەد موكریم بیستبوو، بەڵام پێم نەگەیشتبوو تا بیخوێنمەوە، ئیتر هیچی تر.
دەمزانی كەركووكییە و سەردەمێك لەگەڵ مامۆستا عولەما زەبیحیدا لە حزبدا كاری كردووە و وەك كادیرێكی مەكتەبی سیاسی، ئیتر هیچ یەك لە نووسینەكانیم نەخوێندبوویەوە.
زەمان، زەمانی بەعسە و دوو ڕۆژنامەی تازەبابەت دەرچووبوون؛ “ئاسۆ” لەژێر چاودێریی عەبدولوەهاب تاڵەبانیدا و “بزاڤ”یش لەژێر چاودێریی دكتۆر نافیع ئاكرەییدا؛ ئەڵبەتە هەردوو ڕۆژنامەكە دەهۆڵژەنی شەڕی قادسیە بوون. برادەرێكم هات بۆ لام؛ كابرایەكی باڵابەرزی نەختێك ڕەقەڵەی لەگەڵدا بوو، كە ئاشنایی كرد زانیم ئەوە محەمەد موكرییە.
بە ڕاستی لام سەیر بوو، حەمە موكری پێشمەرگە، ڕۆماننووس لە بەغدا چی دەكات؟ هەر ئەو پرسیارەم لێ كرد و وتی: ناچار كرام، ئەگەر بمایەتەوە دەیانكوشتم.
ڕاستی من سەگوەڕم نەخوێندبوویەوە.
وتی: لەسەر ڕۆمانی سەگوەڕ…
دیارە موكری كە گەڕاوەتەوە ئەمنی سلێمانی دەیگرێ، ئەمن مرخی خۆش كردووە هەروا بێ سزادانی لێی دەرنەچێت. ئیتر ئەمە حەمەسدیقی پارێزەر و عەبدولوەهاب تاڵەبانی و محەمەد پێنجوێنی بۆی دەكەونە تەقالا و تێكۆشین.. بەهەرحاڵ، ئازادی دەكەن.
حەمە بۆی گێڕامەوە كەوا تا ئەو برادەرانە نەكەوتبوونە تەقالاوە ئەمنی سلێمانی سوور بوو لەسەر ئەوەی ناوی نهێنی ئەو نووسەرانەی وا لە شاردان و لە ڕۆژنامەی و بڵاوكراوەكانی ناو شۆڕشدا دەیانووسی ناوەكانیان بدەمە ئەمن، بەڵام من ئەمەم نەكرد، هەروەها وتی: محەمەد پێنجوێنیم بینی و بۆی گێڕامەوە كە مدیری ئەمنی سلێمانی پێی وتووە: ژمارەیەكی زۆری نووسەرانی شاخ دەربارەی ‘محەمەد موكری’ـیان بۆ نووسیوین.
بەهەرحاڵ ‘محەمەد موكری’ـیان نەگەڕاندەوە سەر كارەكەی خۆی تا ماوەی سەربازییەكەی تەواو نەكات، بەو تەمەنەوە كە لە سەربازی گوزەرا بووە، بە زۆر جلی سەربازییان لەبەر كردووە.
چەندان جاری دی هەر لە بەغدا محەمەد موكریم دیوە و لەگەڵیا دانیشتووم، ئەو دەم سەرتانسەری ژیانی خەڵكی لە دنیایەكی پۆلیسیدا دەژیاین، كەس باوەڕی بەوی تر نەبوو. من نازانم موكری چەندێك سەربازیی پێ كراوە؛ ئیتر یەك دوو جارێكی تر لە سلێمانی یەكترمان بینیەوە. هەروەها لە بڕێك بۆنەدا یەكترمان دیوە، لە دوای ڕاپەڕین لە فیستیڤاڵی گەلاوێژ بوو لەگەڵ برادەرێكدا ناكۆكی كەوتە نێوانمانەوە، لە قاعەكە هاتمە دەرەوە، 86 کەس لەبەر من هاتنە دەرەوە، یەكێك لەوانە حەمە موكری بوو.
چەندان سەفەرم لەگەڵ حەمە موكری كردووە، یەكێك لەو سەفەرانە بۆ پاریس بوو، دەمەوئێوارە برادەرێكی كوردی ڕۆژهەڵات هات بۆ لامان.. ئێمە بڕیار بوو بە تاكسی بڕۆین بۆ ناو شار، هوتێلەكەمان 24 كیلۆمەتر دوور بوو، بە ناو “سیڤەر”. ئێمە هەشت كەس بووین، من ڕازی نەبووم كە بە ئەندەرگراون بڕۆین، بەڵام ناچاریان كردم بە ئەندەرگراون بڕۆین، ڕۆیشتم تكتی هەر هەشتمان ببڕم، برادەری ڕۆژهەڵاتی نەیهێڵا، پێم وابوو تكتی هەر هەشتمانی پێیە، وا نەبوو، دەبوا بە قاچاغ سوار باینا، من وتم نایەم، بمانگرن ئاوڕوومان دەڕوا، ئەمە كارێكی ناشیاوە، من نایكەم.
موكری بردمیە لاوە و وتی: ئەو برادەرە لای خۆشە خزمەتمان بكا، جا دڵی مەشكێنە!
ـ باشە ئەگەر ئێمەیان گرت، كە ئەگەری زۆرە ئەو حەلە چی؟ دایانە ڕۆژنامە وەفدێكی كورد بە قاچاغ سواری قیتاربوونە و گیراون، ئەمە بۆ میللەتەكەمان زەرەری زۆرە.
حەمە وتی:
ـ جارێك خۆ نەگیراوین، ئەگەر گیرانیش ئەڵێین عەرەبین.. بەهەرحاڵ، بە ناچاری لەگەڵیان ڕۆیشتم.
بەربەستەكە یا دەبوا بەسەریدا بڕۆیشتایەی یا لەسەر دەستوچۆك لە ژێریەوە بگوزەرایەی، من لەبەرئەوەی بەخۆمەوە بووم بە ناچاری لەژێر دەستگاكەوە ڕۆیشتم بەو دیودا، من دڵ لە سینەمدا نەبوو، بەختمان یار بوو تووشی هیچ نەبووین. بەیانی كۆڕێك گیرا حەمە هەڵسایە سەر مینبەر و ئەو ڕووداوەی وەكخۆی گێڕایەوە و وتی: بەختمان هەبوو كەس لەوێ نەبوو وێنەی خوسرەوجاف بگرێت، كە لەسەر چوار دەست و پا لە ژێر ئەو سلەندەرەوە تێدەپەڕی، سعاتەكەی دەستی 60هەزار دۆلارە، ئەنگوسیلەكەی 40هەزار دۆلارە، بەڕاستی ئەگەر بیانگرتبایە دەبووە ڕسوایی، زۆرتری مەسەلەكە خەتای من بوو.
ناچار هەڵسام و وەڵامم دایەوە، ئەوی موكری وتی ڕاستە جگە لە 60هەزارەكە سفرەكەی زیادە، هەروەها 40هەزارەكەیش موكری سفرێكی بۆ زیاد كرد.
سەفەرێكی پڕ لە عەنتەریات و كاروكردەوەی ئەحمەقانەمان دیسانەوە پێكەوە كردەوە، من نازانم چۆن ڕازی بووم ئەو سەفەرەی بكەم، موكری وازی نەهێنا، كە نەیهێنا هەرچی وتم: كاكە یەكێك گەمژە نەبێت لەگەڵ قۆڵبڕێكی ساختەچی وەك “ح.ب..”دا سەفەر ناكات؟
لێم نەگەڕا ئیللا دەبی بێیت.. سەفەرەكەمان بۆ جۆرجیا بوو، بە ناچاری ڕۆیشتم.
ئەوا هەر لە فڕۆكەخانەوە سەفیری عێراق، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو هات و پێنج شەش كەسی لەگەڵ خۆیدا برد و ڕۆیشت.. “ح.ب.” ئێمەی وەك مێگەل دا لەبەر بەرەو هوتێل لەناو كوچەوكۆڵانی پێچەڵپێچ و تاركیدا ڕۆیشتینە ناو ساختمانێكەوە، سەرتانسەری ساڵۆنەكە، تاقە گڵۆپێكی تیادابوو، وەك قەنیلە دەتروسكایەوە، هەر وتم قەینا لێگەڕێ سەفەرە.. هوتێل ئەسانسۆری تێا نەبوو، بە ناچاری بە پلەیدا بە ژانتاكەوە سێ نهۆم سەركەوتم، ژوورم كردەوە، چ ژوور! هەر لە ژووری جندەخانەكانی لای مەیدان دەچوو، دۆشەك و لێفەیەكی چڵكن، تەوالیت هێندە بچووك بوو دەبوا لابەلا بڕۆیشتیایەتە ژوورەوەی، ژانتام هەڵگرت و هاتمە خوارەوە، موكری و ئیسماعیل گەیلانی لە بەر پلەكانەكەیدا وەستابوون، وتیان: ها چییە! بۆ هاتیتە خوارێ؟
زۆر پەست بووبووم، چاك بوو کابرا لەوێ نەبوو، وتم: ئێوە بەم هەموو ئەقڵەتانەوە لاتان وایە لەو ژوورەیدا شەو ببەمە سەر؟
ئەوان تا ئەو حەلە نەیاندەزانی چی دەڵێم، بۆیە وتم: ئەم ساختمانە لە سەردەمی قەیسەری رۆمانۆفدا دروست كراوە، ئەمشەو قیڕ سپی بێت، لێرە نانووم!
موكرێ هەمیشە دەروونێكی ئارام و لەسەرخۆی هەبوو؛ وتی: تۆ ئەمشەو لەمن گەڕێ، سبەینێ بێدەنگ نابین. سمایل گەیلانی وتی: دێم لەگەڵت.. تەكسیمان گرت و وتم: بمانبە بۆ گرانترین هوتیلی شار. سەرەنجام چووینە هوتێلێكی پەسند و وتم: دوو ژوورمان دەوێ یەكێك بۆ خۆم و یەكێك بۆ گەیلانی. بە هەق هوتێلێكی ڕازاوە بوو.. بە بەیانیدا برادەرێكی ئیزەدی كە لەو وڵاتەی زۆرن بوو بە چاوساغمان، چەندان ئەپارتمانی پڕوپووچی پێ نیشان داین، تا وتم: گوێم لێ بگرە ئەپارتمانێكمان دەوێ ڕازاوە هەتا وەكوو یاری و پیانویشی تیادا بێت، بە نیوەڕۆ چوینە ناو ساختمانێكی تازەسازەوە دەرگای ئەپارتمانیان كردەوە بە هەق ڕازاوە و ئەمڕۆییانە بوو.. وتم: دە ڕۆژێك لێرە دەبین با كاری ناو ئەپارتمان و ژیانمان دابەش بكەین، سمایل گەیلانی وتی: چێشتلێنان لەسەر من، موكری وتی: قاپوقاچاغ‌شۆردن لەسەر من. منیش وتم ئازووقە و خواردن و پێداویستییەكانیش لەسەر من.
من عادەتەن بەیانیان زوو لەخەو هەڵدەستم، ئیتر ئەوە سەعات حەوت و هەشت هەرچی قاپوقاچاخی شەوێ هەبوو لەنێو شۆرک (مەغەسەلە)کە هەڵدرابوویەوە، موكرییش پرخەی لە ژوورەكە دەگەیشتە چێشتخانەكە، مەجبوور دەكەوتمە شۆردنی قاپوقاچاخەكان و چایی و بەرچاییشم بۆ هەردووكیان ئامادە دەكرد. بە ڕاستی دوو هاوڕێی نازدار بوون.
لە سەفەرەكە ململانە شاراوەكەی نێوان پارتی و یەكێتیی هەر لە فڕۆكەخانەوە بە شێوەیەكی ناشیرین و ناڕێك دەستی پێكرد، كاروبارەكەیش برادەرانی یەكێتیی هەڵیاندەسووڕاند، كۆڕێك گیرا ح.ب. خەڵاتی دابەش دەكرد، سەفیری عێراق بەسەر شانۆوە بوو، ناوی ‘محەمەد موكری’ـیان خوێندەوە تا بڕواتە سەر شانۆی، با ڕاستگۆ بم وتم ئەوە سەفیری عێراقە هەستە بڕۆ، وتی من لەبەر ئەو ناڕۆمە سەر شانۆی.
ناوی منیان خوێندەوە، دوایی زانیم لەسەر داوای مستەفا ساڵح كەریم ناوی منیان تێ خستبوو.