هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

زۆرترین هەواڵ بە کەمترین وشە

* ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، له‌ یاریی پێشكۆتایی جامی خولی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌ورووپا له‌ یاریگه‌ی ئالیانز ستادیۆمی تایبه‌ت به‌ یانه‌ی یوڤێنتۆس له‌ شاری تۆرینیۆ هه‌ڵبژارده‌ی به‌لجیكا و فه‌ره‌نسا رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌.
* ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ یارییه‌كانی پاڵاوتنی ئاسیا بۆ گه‌یشتن به‌ مۆندیالی 2022 ئه‌م یارییانه‌ ده‌كرێن: كۆریای باشوور ـ سووریا 14:00، عێراق ـ لوبنان 17:30، چین ـ ڤێتنام 18:00، ئیمارات ـ ئێران 19:45، سعوودییه‌ ـ ژاپۆن 20:00، ئوسترالیا ـ عومان 21:30.
* به‌ فه‌رمی كه‌ریم بێنزێما هێرشبه‌ری فه‌ره‌نسی به‌ باشترین یاریزانی مانگی رابردووی ریال مه‌درید دیاریكرا و ركابه‌رییه‌كه‌ی له‌ كاماڤینگا و كۆرتوا برده‌وه‌.
* رۆژنامه‌ی ماركا: یانه‌ی ریال مه‌درید پێیوایه‌ ئاستی كاسمێرۆ له‌م وه‌رزه‌ دابه‌زیوه‌، له‌ یاریی رابردوویان به‌رامبه‌ر ئیسپانیۆل به‌ ڕوونی دیار بوو كه‌ كاسێمیرۆ ئاستی وه‌كو سه‌رده‌می زینه‌دین زێدان نه‌ماوه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ریال مه‌درید ئۆفه‌رێكی گرانبه‌های له‌ یانه‌ی پاریس سانجێرمانه‌وه‌ پێبگات ئاماده‌یه‌ ده‌ستبه‌رداری ئه‌و یاریزانه‌ به‌رازیلییه‌ ببێت.
* رۆژنامه‌ی ماركا: فلۆرێنتینیۆ پێرێزی سه‌رۆكی یانه‌ی ریال مه‌درید تێگه‌یشتنی بۆ هه‌موو شتێك گۆڕاوه‌ و زیاتر گرینگی به‌ یاریزانه‌ لاوه‌كان ده‌دات و هه‌ر ئۆفه‌رێكی بۆ یاریزانه‌ به‌ ته‌مه‌نه‌كانی پێبگات ئاماده‌یه‌ گوێ بۆ ئۆفه‌ره‌كان و گفتووگۆیه‌كان بگرێت.
* حه‌بیب نورمحه‌مه‌دۆڤ بۆكسێنه‌ری به‌ناوبانگی موسڵمانی رووسیا: كریستیانۆ له‌ هه‌موو ڕووییه‌كه‌وه‌ باشترینی جیهانه‌، كریس سه‌رچاوه‌ی ئیلهامی ملیۆنان كه‌سه‌ له‌ جیهان.
* خاڤێر تێباس سه‌رۆكی ئونجوومه‌نی لالیگا: ریال مه‌درید پێویستی به‌ سه‌رۆكێكی گه‌وره‌تر هه‌یه‌، فلۆرێنتینیۆ پێرێز حه‌ز ناكات لالیگا به‌هێز بێت چونكه‌ پرۆژه‌كه‌ی (سووپه‌رلیگ) شكست دێنێت.
* خاڤێر تێباس: یانه‌ی بارسێلۆنا دۆخی دارایی ئه‌وه‌نده‌ خراپ نییه‌ و له‌ زۆر یانه‌ باشتره‌، هه‌ڵبه‌ت خوان لاپۆرتا ئه‌گه‌ر دیپای و ئه‌گوێرۆی نه‌كڕیبا ده‌یتوانی مێسی بهێڵێته‌وه‌.
* خاڤێر تێباس سه‌رۆكی لالیگا: لالیگا به‌هێزترین خوله‌ له‌ جیهان،‌ به‌ڵام خولی ئینگلیزی له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ به‌هێزترینه‌.
* كلیان مباپێ هێرشبه‌ری یانه‌ی پاریس سانجێرمان: یاریكردن هاوشانی لیۆنێل مێسی زۆر ئاسانه‌، ئه‌و زۆر به‌ڕێزه‌، بلیمه‌تی تۆپی پێیه‌، من و لیۆ و نێیمار ده‌توانین زۆرترین فشار له‌سه‌ر ركابه‌ره‌كانمان دروست بكه‌ین.
* كلیان مباپێ: به‌ڵێ له‌ هاوینی رابردووم ویستم بچمه‌ یانه‌ی ریال مه‌درید، به‌ڵام ناسڕ خلێفی سه‌رۆكی یانه‌كه‌م رێگه‌ی پێ نه‌دام.

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر