وتارێکی پڕ جۆش

لە وەرزی بەهاری ١٩٨٩دا، لەنێو زانکۆی تاران، خوێندکارێکی لاوی کورد لەبەردەم جەماوەرێکی پڕ لە هاوڕێیانیدا وەستا بۆ پێشکەشکردنی وتاری دەستپێکی بۆنەیەکی گرنگی فەرهەنگی: یەکەمین ئێوارە شیعری کوردی لە دڵی ناوەندی ئەکادیمیی ئێراندا. بەڵام وتارەکەی زۆر زیاتر بوو لە تەنها وتەیەکی کردنەوە؛ بانگەوازێکی وروژێنەر بوو دەربارەی ناسنامەی کورد، ئەدەب و ئازارەکانی دابەشبوون – ڕایگەیاند کە کولتوور دەتوانێت هەم چەک بێت بۆ بەرەنگاربوونەوە و هەم چارەسەر بێت بۆ برینەکان. ئەو وتارە پڕ لە ئیلهامەی ئەم خوێندکارە، کە دەنگدانەوەی دیدگایەکی گەش بوو و بۆ ماوەیەک لەبیر کرابوو، ئەمڕۆش وەک کاتی خۆی قسە لەگەڵ ویژدانی کوردیدا دەکات. لێرەدا، بۆ یەکەمجار پاش دەیان ساڵ، دەقی وتارەکەی ئەو گەنجە خوێندەوارە کوردە بڵاودەکەینەوە، کە بە قسەخۆشی، ژیری و باوەڕێکی قووڵ بە ئاییندەی گەلەکەی پێشکەشی کرد:

دەقی وتارەکە:
بە ناوی خوای گەورە،
خۆشک و برایانی بەڕێز و خۆشەویستم،
لە کانگای دڵمەوە سڵاوێکی گەرمی کوردانەتان پێشکەش دەکەم و بەخێرهاتنی یەک بە یەکی ئێوە خوێندکارانی بەڕێز و ئازیز دەکەم.
لە لایەن دەستەی بەڕێوەبردنی ئەم کۆرە، بەختیاری خۆمان رادەگەیەنین کە ئەمرۆ یەکەم شەوی شیعری کوردی لە زانکۆکانی تاران و تەنانەت لە تارانیش ساز دەکرێ. لە سەرەتاوە رایدەگەیەنین لەبەر ئەوەی کۆسپی زۆر هاتە سەر ڕێگەمان و لەبەر زۆری بابەتان ئەم کۆرە بێ کەموکوری نییە. سەرەڕای هەول و تێکۆشانی خۆشک و برایانمان، رەنگبێ لە توانامان نەبووبێ بەرنامەیەکی شیاو پێشکەش بکەین. بەڵام دەزانم بە هاوکاری ئێوەی ئازیز ئەم بەرنامەیە رەنگ و بۆنێکی تازەتر بە خۆیەوە دەگرێ و ڕێکوپێکتر دەبێ.
ئەوەتان لەبەر چاو بێ کە ئەمە یەکەم هەنگاوە.
دەبێ ئەم پرسیارە لە خۆمان بکەین: بۆچی و بە چ مەبەستێک ئەم کۆرە ساز کراوە؟
راستیەکەی ئەوەیە کە پێمان وایە لەم سەردەمەدا هۆکارێک کە میللەتێک بتوانێ بێتە نێو ڕیزی نەتەوەکانی زیندوو و خۆی بنوێنێ و خۆی بناسێنێ ئەدەبیاتێکی بەهێزە و هەموو گەلێک هەول دەدات لەم ڕووەوە خۆی دەولەمەندتر بکات.
باش دەزانین ئێوەی خوێندکار هیوای دوارۆژی نەتەوەن و دەبێ لە نێو کۆمەلگا دا پێشرەو بن، دەبێ لە ئەرکی مێژوویی و نیشتمانی خۆتان تێبگەن و زیاتر بۆ ئەم مەبەستە تێ بکۆشن. لە بەرەبەیانی مێژووە تا ئەمرۆ ئێمەی کورد شاعیری گەورە و پایەبەرزمان هەبوون کە سەرەرای ناودارییان، مافیان خوڕاوە و بایەخیان پێ نەدراوە. بە چاوپێخشانێک بە شیعرەکانیان بۆمان دەردەکەوێ جێی شانازی هەر کوردێکن و هەر کەس دەتوانێ خۆی پێ هەلکێشێ. شاعیرانی وەک جزیری، خانی، نالی، مەحوی، حاجی قادری کۆیی و مەولەوی و دەیان شاعیری دی تا دەگاتە شاعیرانی ئەم سەردەمە هەموویان ئەستێرەی گەشی ئەدەبیاتی کوردەواری، بگرە جیهانیشن. هەر کام لەم شاعیرانە لە ئاستی ئەو ئەدیبانەن کە لە وەڵاتان کۆری نێودەولەتیان بۆ دەگیرێ ئەگەر بەرزتریش نەبن.
شیعری کوردەواری شیعرێکی دەولەمەندە، لەگەڵ ئەوەی دا کە لە باری زمانی شیعرییەوە بەرزە و توانای دەربرینێکی بەهێزی هەیە، وەها کە دەتوانم بڵێم لە بەرزترین ئاستی ئەدەبی جیهانی دایە. شیعری کوردی پڕە لە مانا بۆ دەربرینی هەستی بەرزی ئینسانی و توانیویەتی بە وشە باسی خواپەرستی و عیرفان بکات. لە خۆشەویستی خۆی بۆ خوا تا خۆشەویستی بۆ نیشتمان، لە دژایەتی زۆردار، لۆمەی سەرشۆرکردن، هاندان بۆ رەوشتی بەرزی مرۆڤایەتی، پەسنی ئازادی و سەربەستی، وسفی سروشت و جوانی هەمووی لە شیعری کوردی دەبیندرێ. خوێندنەوەی شیعری هەر کام لەم شاعیرانەی ناومان هێنا ئەو راستیەمان بۆ دەردەخەن کە شاعیری کورد بە شێوازێکی سەرسورهێنەر و وشەی هەلقولاو لە ناخەوە هونەرمەندانە پەیامی خۆی بە گوێی خەڵک گەیاندووە و چاوپێخشانێک بۆ شیعری هەر کام لەم شاعیرانەی ناومان هێنا، ئەو راستییەمان بۆ دەردەخات. ئەگەر ئەمرۆ ئێمە وەک پێویست نایانناسین و ناتوانین بۆ دۆنیا باسیان بکەین، مافی ئەوەمان نییە لە یادیان بکەین و گرنگیان پێ نەدەین. ئەم بەرنامەیە دەتوانێ هەنگاوێک بێت بۆ ئەم مەبەستە.
لە بارەی ئەدەبەوە، ئەوە رابردوومانە کە پڕە لە شانازی. بەڵام ئێستا چی؟
ئێمەی کورد گەلێکی چەوساوە و بێ بەختین، پارچە پارچە کراوین و هەر پارچەیەک لە ژێر مەترسییەکی گەورە دایە ( لێرە مەبەستم بواری فەرهەنگییە) ئەگەر بەم شێوەیە بروا وامان لێ دێ خۆمان ناناسینەوە. خۆشک و برایانی بەڕێز، هەر لە ئێستاوە ئەم مەترسیەتان لەبەرچاو بێ. ئەگەر منی بارزانی بە زاراوەی خۆم کە زاراوەی بەشێکی کوردستانی ئازیز و پارچەپارچەکراومانە، لەگەڵ ئێوە بدوێم رەنگبێ کەم کەس لەم هۆلەدا لە من تێبگەن. بەداخەوە ئەمە باردۆخێکی پر مەترسییە کە ئێمە تێی کەوتووین، من ناڵێم ئەو دۆخەی ئێستا هەمووی تاوانی ئێمەیە، حەز ناکەم رەخنە بگرم بەڵام دەبێ بزانین کە چارەنووسی هەر گەلێک لە دەست خۆی دایە و ئەو بارودۆخەی کە تێیدا دەژی، لایقی ئەو میللەتەیە. من نەوەی ئەمرۆمان تاوانبار ناکەم بەڵام لە بەرانبەر نەوەی داهاتوو بەرپرسیارین. گەلێکی زیندوو نابێ خۆی بداتە دەست قەدەر دەبێ خۆی هەول بدات و ڕێگا ببرێ. دەبێ بسەلمێنێ کە شایانی ژیانێکی باشترە.
لە وڵاتی ئێمەدا، هۆزان و شیعر توانیویەتی زیاتر لە پەخشان و چیرۆک پەرە بستێنێ و خۆی لە نێو دڵی هەموو چینەکانی کۆمەلگادا کردووتەوە. لە حاڵی ئێستای ئێمەدا بە داخێکی گرانەوە بەشێکی زۆری خەلکی کوردستان نەخوێندەوارە، شیعر وەک ئامرازێکی تایبەت خۆی دەنوێنێ. لە کاتێکدا شیعر دەتوانێ وەک تابلۆیەک سەرنجی هەر کەسێ بە لای خۆیدا رابکێشێ وەک گۆرانی و لاوژەش دەتوانێ زار بە زار و سینگ بە سینگ بروات، کوێستان و گەرمیان بکات، ئەم دیو و ئەو دیو بکات. هەر بۆیەش ئێمە دەبێ گرنگی زیاتری پێ بدەین و خۆمانی زیاتر بۆ تەرخان بکەین.

مەبەستی ئێمە تەنیا ئەوە نییە ڕوو بکەینە شیعر، بەڵکۆ دەمانەوێ هەر کوردێکی خاوەن باوەر و دلسۆز هەموو بوارەکانی تری خەبات و پێشڤەچوون بەرچاو بگرێ. لەم سەردەمەدا کە گەلان ئازاد و سەربەست دەژین و بۆ ژیانێکی کامەران هەوڵ دەدەن، دەبێ ئێمە وەک رۆلەی گەلێکی ژێردەست بە هەموو شێوەیەک ئەوەی لە تواناماندایە بیکەین و بیسەلمێنین کە گەلێکی لێهاتووین و خاوەن مافێکی رەواین و شایانی ژیانێکین باشتر لەوی ئێستا تێیداین.
پێم خۆش بوو لێرەدا ئەوە بە خۆشک و براکانم کە لێرەن و گەیشتوونەتە زانکۆ بڵێم دەبێ لەگەڵ ئەوەی کە باوەرێکی بەهێزیان هەبێ و خۆشەویستی گەل و وەڵاتە ژێردەست هەژارەکەیان لە دڵیان دابێ، دەبێ هەول بدەن پلەی بەرزتری خوێندن بەدەست بهێنن. ئەمە ناساندنی مافی رەوای گەلەکەمان بە دونیا ئاسانتر دەکات و هاواری دەنگی کوردێکی پسپۆر و خاوەن ڕای جیهانی، ڕێگەی ئەو برا قارەمانانەمان کە لە مەتەرێزی شەرەف دان، کۆرت دەکاتەوە.
ڕوخسەت دەخوازم قسە بکەم، لێرەدا من خۆم بە بچووکی هەمووتان دەزانم.
خۆشک و برایانی خۆشەویست رێگەیەکی سەخت و دژوارمان لە پێشە، ئێمە وەک دوایین نەوەی سەدەی بیستەم، لە کۆتایی ئەم سەدەیەدا ئەرکێکی گران و مێژووییمان لەسەر شانە.
هەروەک گوتم، شیعر و ئەدەب بوارێکی چالاکییە، بەڵام تەنیا یەک بوارە. لە کاتێکدا مامۆستا هێمن و هەژار سەردەمی خۆی لە حوجرەیەکی فەقیرانەی فەقێیان دا توانیان خۆیان پێ بگەیەنێن و ئەمرۆ لە ئاسمانی ئەدەبی کوردی وەک خۆر دەدرەوشێنەوە، دەبێ پێزانینمان بۆ هەبێ.
لە کاتێکدا هێشتا برینمان قوولە و گیانمان پر زام، ئەرکی ئێمەیە باشتر خۆمان پێ بگەیەنین، و لێرە ئەرکی ئەدیبانمان گرانتر دەبێت. دەبێ خۆمان ئامادە بکەین و بە بێ قۆلهەلمالین هیچ وەڵامێکمان بۆ دوارۆژ پێ نابێ کە بیدەینەوە. لێرە بۆمان دەردەکەوێ، شیعریش چەکێکە لە دەست خاوەنەکەی، چەک بۆ رازاندنەوە نییە و بۆ بەرهەلستیە و دەبێ لە ڕۆژی پێویست دا بەکار بێت. وشیاری و زیرەکیەکی زۆری پێویستە، دەبا کوێر بن ئەو چااوانەی نازانن کوێیان نیشانە گرتووە.
خۆشک و برایانی خۆشەویست ئەوەی ئەمرۆ، بەرێوەچوونی کۆرێکی شیعریە و هیچی تر. زیاتر کاتی ئەو شاعیر و ئەدیبە بەرێزانە ناگرم کە دەیانەوێ بابەتەکانیان پێشکەش دەکەن. دوو شت هەیە کە باسی بکەم. یەکەمیان ئەوەیە وەک پێویست نەمانتوانی پەیوەندیمان لەگەڵ ئەو خوشک و برایانەمان هەبێ بەڵام هەر چۆنێک بێت پێویستە برگەکانی بەرنامە چڕتر بکەینەوە. بۆ بەرنامەکانی داهاتوو حەز دەکەین ئەو بەڕێزانە بە هەر جۆرێک دەتوانن هاوکارمان بن، باش دەبێ جۆری چالاکی و توانا و ناونیشانیان بگەیێننە دەست ئەو هەڤالانەی دەستنیشان کراون. ئەوەیتر ئەویە کە سەرەرای کەمی جێگا کە دەبینین زۆر لە بەڕێزان بە پێوە وەستاون، دەمەوێ سوپاسی بەرپرسانی ئەم هۆلە و ئەو بەرپرسانەی زانکۆ بکەم کە رێگەیان دا لێرە ئەم مەراسیمە ساز بکەین.
جارێکی دی سوپاستان دەکەین، ئێمە بە ئێوەوە سەربەرزین. بە ئاواتی ئەو ڕۆژەی ئاهەنگی ئازادی و سەربەستی بگێڕین.