و. حەمەسەعید حەسەن
شەمسی تەورێزی (١١٨٥ – ١٢٤٨) بە هەق (ئیمپراتۆری عاشقانی شێت) بوو، بۆیە بە شێتیان دەزانی، چونکە ئەو خەونانەی دەگێڕایەوە کە خوای تێدا دیتبوون. ئەو عاریفە هەر خەونی نەدەبینی، خەونیشی لێک دەدایەوە. ئەو سۆفییە ڕاستەقینەیە، (مەلێک بوو بە کەس نەدەگیرا، لە ناشوێنەوە هاتبوو، بەرەو نادیار بەڕێ کەوتبوو.) لە هەلومەرجێکی تەمومژاویدا لە قۆنیا (تورکیا) تیرۆر کراوە و لە خووی (ئێران) بە خاک سپێردراوە. کە ناوی شەمس دێت، باسی (مەولانا جەلالەددینی ڕۆمی)یش (١٢٠٧ – ١٢٧٣) دێتە گۆڕێ، ئاخر ئەوە یەکەمیان بوو، ڕێڕەوی ژیانی دووەمیانی بە تەواوی گۆڕی و لە گوتاربێژ و زانای ئایینییەوە، کردی بە ناودارترین شاعیری سۆفی. پێوەندیی قووڵی نێوان ئەو دوو عاریفە، وای کردووە، هێشتا بە تەواوی ساغ نەبووەتەوە، تەورێزی چل ڕێساکەی عیشقی نووسیوە، یان مەولانا، یان بە دووقۆڵی نووسیویانە. چل ڕێساکەی عیشق، ناوی ڕۆمانێکی (ئەلیف شەفەق)یشە کە بە کۆمەکی ژیاننامە و تێزەکانی شەمس و مەولانا نووسیویەتی.
١
ئەو شێوەیەی خوای پێ دەبینین، ڕەنگدانەوەی هەمان ئەو شێوەیەیە خۆمانی پێ دەبینین، ئەگەر پێمان وابێت، خوا لە ترس و سەرزەنشت بەولاوە، هیچی دیکەی بۆ ئێمە پێ نییە، ئەوە بەو مانایەیە، دڵمان سەرچاوەی ترس و سەرزەنشتە، بەڵام ئەگەر خوامان وەک کانگای سۆز و خۆشەویستی بینی، ئەوە خۆیشمان وەهاین.
٢
ڕێگەی بەرەو حەقیقەت لە دڵەوە دەست پێ دەکات، نەک لە عەقڵەوە، بۆیە دڵت نەک ئاوەزت، بکە بە ڕێنیشاندەری سەرەکییت. بە دڵت بەرەو ڕووی خودت ببەوە و بە سەریدا زاڵ ببە. ئەوە خۆناسینە، ڕێی خواناسینت پیشان دەدات.
٣
لەم گەردوونەدا، کە لە هەر شتێک، یان لە هەر کەسێک ڕادەمێنین، وەک ئەوە وایە، لە خودا ورد ببینەوە، ئاخر خۆ خودا تەنیا هەر لە پەرستگەدا خۆی قەتیس نەکردووە، بەڵام ئەگەر بمانەوێت بە دیاریکراوی بزانین عەرشی خودا لە کوێیە، ئەوا ناچارین تاقە شوێنێکی بۆ بگەڕێین کە دڵی عاشقێکی ڕاستەقینەیە. کەسێک نییە دوای دیتنی ژیابێت، کەسێک نییە دوای دیتنی مردبێت. ئەوی پەی بە شوێنەکەی ببات، ئیدی هەتا ناکۆتا لەکنی دەبێت.
٤
فیکر و ئەڤین لە شتی جیاواز پێک دێن، فیکر گیرۆدەی چەندان گرێمان دەکات، بەڵام ئەڤین هەموو گرێیەکان دەکاتەوە. فیکر هەمیشە لەوە وریامان دەکاتەوە، خۆمان لە مەستیی بپارێزین، بەڵام ئەڤین بۆ سەرچڵیی هانمان دەدات. فیکر بە ئاسانی لە کۆڵمان نابێتەوە، بەڵام ڕەنگە تەلاری ئەڤین لە خۆوە هەرەس بهێنێت. وەک چۆن لەژێر داروپەردوودا گەنجینە بزر دەبێت، دڵی شکاویش لەنێو خۆیدا چەندان گەنجینەی حەشار داوە.
٥
گەلێک لە کێشەکانی دونیا، زادەی هەڵەی زمانەوانی و بەدحاڵیبوونن. گوێ مەدە مانای دەرەکیی وشەکان، ئەگەرنا کە پێ دەنێیتە نێو وەڵاتی ئەڤینەوە، هەست دەکەیت ئەو زمانەی زانیوتە، زەمانی بەسەر چووە. ئەو شتەی ناتوانین بە وشە دەری ببڕین، لەڕێی بێدەنگییەوە لێی تێدەگەین.
٦
تەنیایی و چوونە نێو خەڵوەتەوە دوو شتی جیاوازن، کە بە تەنیا دەبیت، بە ئاسانی فریو دەخۆێت و وا هەست دەکەیت، لەسەر ڕێیەکی ڕاستیت، بەڵام لە خەڵوەتدا تەنیایت، بێ ئەوەی هەست بە تەنیایی بکەیت. لە کۆتاییدا هەر وا باشترە، لەدووی کەسێک بگەڕێیت، کەسێک ئاوێنەی خۆت بێت. لە بیرت بێت، ئەگەر باخی ناخت هەواری خوابوو، بە ئاسانی جێت لە دڵی ئەم و ئەودا دەبێتەوە.
٧
تووشی هەر ناخۆشییەک بوویت، خۆت مەدە دەست نائومێدی! با هەموو دەرگاکانیش بە ڕووتدا داخرابن، خوا دەرگای نوێ بە ڕووتدا دەکاتەوە. هەمیشە سوپاسگوزاری خوا بە، ئەوە ئاسانە کە هەموو شتێک بە دڵی تۆ بێت و سوپاسی خوا بکەیت، سۆفی تەنیا بۆ ئەو شتەی پێی بەخشیوە، سوپاسی خوا ناکات، بۆ ئەو شتەیشی بێبەشی کردووە لێی، سوپاسی دەکات.
٨
ئارامگرتن هەر ئەوە نییە، بەرگەی تەنگوچەڵەمەکان بگریت و هیچی دیکە، ئەوەیشە دووربین بیت و ڕووناکیی کۆتاییی تۆنێلەکە ببینیت. ئارامگرتن ئەوەیە، سەیری دڕک بکەیت و گوڵ ببینیت، سەیری شەو بکەیت و بەرەبەیان ببینیت. پشووکورتی ئەوەیە، هەر بەرپێی خۆت ببینیت و پێشبینیی داهاتوو نەکەیت. شەیدایانی خوا، هەرگیز سەرچاوەی ئارامییان چۆڕبڕ نابێت، چونکە دەزانن ئەوە کاتی دەوێت تا مانگی یەکشەوە، دەبێتە هەیڤی چواردە. خوا بۆیە ناخۆشیی داهێناوە، تا بەختەوەری لەڕێی دژەکەیەوە پیشان بدات. شتەکان لەڕێی دژەکانیانەوە بە دیار دەکەون، خوا بۆیە بە دیار ناکەوێت؟ چونکە دژ شک نابات.
٩
هەقت بەسەر چۆنییەتیی پێوەندیی ئەو خەڵکە بە خواوە نەبێت، ئاخر هەر کەسە و بە شێوازی تایبەت بە خۆی، پێوەندیی بە خوای خۆیەوە دەکات. خوا گوێ ناداتە ئەوەی چی دەڵێین، سەیری قووڵاییی ناخمان دەکات. بە جێبەجێکردنی سرووتە ئایینییەکان، نابین بە بڕوادار، ئەوە گرنگە دڵمان پاکە یان نا.
١٠
جیاوازییەکی گەورە لە نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوا، باشوور و باکووردا نییە، ڕوو لە هەر کوێیەک بکەیت، سەفەرت هەر لە ناخی خۆتدایە، ئەگەر سەفەرت بە ناخی خۆتدا کرد، ئەوسا دەتوانیت دونیای بەرین و ئەو دیوی دونیایش تەی بکەیت.
١١
مامان کە دەزانێت، دووگیان هەست بە ژانی منداڵبوون ناکات، تێدەگات هێشتا وەختی لەدایکبوونی منداڵەکەی نەهاتووە، ئاخر هیچ کەسێک، بەبێ ژان و ئازار لەدایک نابێت. وەک چۆن قوڕی وشکەوەبوو، پێویستی بە ئاگرێکی بەهێزە، بۆ ئەوەی پتەو ببێت، ئەڤینیش بەبێ ئازار پەیدا نابێت.
١٢
بەهۆی گەڕانەوە بە دوای ئەڤیندا، گۆڕانمان بەسەردا دێت، ئەوی وێڵی دوای خۆشەویستی بێت، میوەیەکە بەدەم سەفەرەکەیەوە، هێدی هێدی پێدەگات. کە سەفەری گەڕان لەدووی خۆشەویستی دەست پێ دەکات، لە ناوەوە و لە دەرەوە گۆڕانمان بەسەردا دێت.
١٣
ژمارەی مامۆستا ساختەکانی دونیا، لە ژمارەی ئەستێرەکانی گەردوون زیاترە. وەک چۆن مامۆستای خۆویست هەن، لە پێناوی دەسەڵاتدا کار دەکەن، مامۆستای ڕاستەقینەیش هەن. مامۆستای ڕووحیی ڕاستەقینە، مەبەستی نییە سەرنجت ڕابکێشێت، تا پێی سەرسام بیت و لە قسەی دەرنەچیت، بەڵکوو کۆمەکت دەکات، تا قەدری خۆت بزانیت و ڕێز لە خۆت بگریت. مامۆستای ڕاستەقینە، وەک شووشە ڕوونە، تیشکی خوای پێدا ڕەت دەبێت.
١٤
بەرەنگاری ئەو گۆڕانکارییانە مەبەوە کە ڕێت پێ دەگرن، لێ گەڕێ با ژیان بڕژێتە ناختەوە! نیگەران مەبە ئەگەر ژیانت سەروبن بوو، کێ دەڵێت ئەوەی خووت پێوە گرتووە، باشترێکە لەوەی بەڕێوەیە؟
١٥
خوا سەرقاڵی تەواوکردنی ئەفراندنی تۆیە، هەم لە دیوی دەرەوە و هەم لە ناوەوە، ئاخر هەموو ئینسانێک کارێکی بەردەوامە، بە کاوەخۆ بەڵام بە دڵنیایییەوە بەرەو باڵاێی دەبزوێت. هەر یەکێک لە ئێمە کارێکی هونەریی تەواونەکراوە، لە هەوڵی تەواوکردنی خۆیدایە. خوا یەکە یەکە نەک بە کۆمەڵ مامەڵەمان لەگەڵدا دەکات، بۆیە مرۆڤایەتی تابلۆیەکی جوانە، چونکە هونەرمەندێکی لێهاتوو کێشاویەتی و بۆ تەواوکردنی، هەمان بایەخی بە هەموو جێفڵچەیەکی تابلۆیەکە داوە.
١٦
ئەوە ئاسانە تاقە خوایەکمان خۆش بوێت، خوایەکی مەزن و باڵا و پاکژ، ئەوە سەختە هەموو ئینسانەکانمان، بە هەموو کەموکووڕی و خەوشەکانیانەوە، خۆش بوێت. ئەوەت لەبیر نەچێت، ئینسان شتێکی یان کەسێکی خۆش نەوێت، لێی تێناگات، ئاخر بەبێ خۆشەویستی، هیچ حیکمەتێک لە ئارادا نییە. ئەگەر فێری ئەوە نەبین هەموو خوڵقێندراوەکانی خوامان خۆش بوێت، نە هیچ لەبارەی خۆشەویستییەوە دەزانین، نە خوا دەناسین.
١٧
(پیسی)ی ڕاستەقینە لە ناخدایە، ئاخر پیسییەکانی دیکە بە هۆی شووشتنەوە لەنێو دەچن. ئەو پیسییەی، بە ئاوی خاوێن، پاک نابێتەوە، پیسیی ڕق و دەمارگیرییە، کە ڕۆح پیس دەکات. دەتوانین بە هۆی پشتکردنە خۆشییەکانی دونیا و ڕۆژووگرتنەوە، جەستەمان پاک بکەینەوە، بەڵام دڵ تەنیا بە هۆی ئەڤینەوە، پاک دەبێتەوە.
١٨
گەردوون لە ناخی هەموو ئینسانێکدایە، بەوانەیشەوە کە لە دەوروبەرت دەیانبینیت و ڕەنگە خۆشت نەوێن. تەنانەت ئەو کەسانەیشی کە ڕقمان لێیانە و سووک سەرنجیان دەدەین، کەم و زۆر ناخیان داگیر کردووین. لە دەرەوەی ناخی خۆت، بۆ شەیتانیش مەگەڕێ! شەیتان هێزێکی سەیر نییە لە دەرەوە پەلامارت بدات، دەنگێکی ئاسایییە لە ناختەوە هەڵدەقوڵێت. لوتکەی هۆشیاری ئەوەیە خۆت بناسیت و ڕاستگۆیانە و بوێرانە لایەنە ڕەش و گەشەکانی خۆت دیاری بکەیت. کە خۆت ناسی، خوایش دەناسیت.
١٩
ئەگەر بخوازین ئەو خەڵکە شێوازی هەڵسوکەوتیان لەگەڵماندا بگۆڕن، پێویستە پێشەکی شێوازی هەڵسوکەوتی خۆمان لەگەڵ خۆماندا بگۆڕین. ئەگەر ئینسان فێری ئەوە نەبووبێت، ڕاستگۆیانە خۆی خۆش بوێت، با بە ئومێدی ئەوە نەبێت، خەڵک خۆشیان بوێت. ئینسان ئەگەر خۆی خۆش بوێت، سوپاسی هەموو ئەوانە دەکات کە دڕکیان تێ گرتووە، ئاخر ئەوە نیشانەیە بۆ ئەوەی کە ئیدی گوڵباران بەڕێوەیە. ئینسان ئەگەر شیاوی ڕێزلێنان نەبوو، نابێت سەرکۆنەی ئەوانە بکات کە ڕێزی لێ نانێن.
٢٠
گوێ بەوە مەدە ڕێگەکە بەرەو کوێت دەبات، بیر لە هەنگاوی یەکەم بکەوە کە هەنگاوێکی سەختە و دەبێت لێی بەرپرس بیت. کە هەنگاوی یەکەمت نا، ئیدی خەمت نەبێت، هەموو شتێک بە ئاسایی و خۆڕسکانە تێدەپەڕێت. خۆت مەدە بەدەم شەپۆلەوە، خۆت شەپۆل بە!
٢١
هەموومانی لە شێوەی خۆی خوڵقاندووە، کەچی کەسمان لەوی دیکەمان ناچین. نە دوو کەس پەیدا دەبن بە تەواوی لە یەکدی بچن، نە دوو دڵ پەیدا دەبن، بە هەمان ڕیتم لێ بدەن. خوا گەر ویستبای، وەک یەکی دەخوڵقاندین، بۆیە ئەگەر ڕێز لە جیاوازییەکان نەگرین و بۆچوونی خۆمان بەسەر کەسانی دیکەدا بسەپێنین، کەواتە ڕێز لە یاسای خوایی ناگرین.
٢٢
کە عاشقێکی ڕاستەقینەی خوا، ڕێی دەکەوێتە مەیخانەیەکەوە، دەبێتە شوێنی نوێژکردنی، بەڵام کە مەینۆشێک، دەچێتە هەمان شوێن، دەبێتە جێی مەیخواردنەوەی. لە هەر شتێکدا کە دەیکەین، دڵمان گرینگە، نەک ڕوواڵەتمان، بۆیە سۆفییەکان لەبەر ڕۆشناییی ڕوواڵەتدا، حوکم لەسەر ئەم و ئەو نادەن. سۆفی کە لە کەسێک ورد دەبێتەوە، هەر دوو چاوی دادەخات و چاوی سێیەمی دەکاتەوە، ئەو چاوەی دونیای ناوەوەی پێ دەبینێت.
٢٣
ژیان لە ئایینێکی کاتەکی بەولاوە هیچی دیکە نییە، دونیایش لە لاسایییەکی لاوازی حەقیقەت بەولاوە شتێکی تر نییە. ئەوە تەنیا منداڵانن، جیاوازی لە نێوان لیستۆک و شتی ڕاستەقینەدا ناکەن، بۆیە ئینسان یان بە لیستۆکێک سەرسام دەبێت، یان دەیشکێنێت و فڕێی دەدات. خۆت لە توندڕۆیی بە هەموو شێوەکانییەوە، بەدوور بگرە، چونکە هاوسەنگیت تێک دەدات. سۆفی توندڕۆیانە هەڵسوکەوت ناکات، لێبوردە و هاوسەنگ دەبێت.
٢٤
لە نێوان خوڵقێندراوەکانی خوادا، ئینسان پایەیەکی بڵندی هەیە، ئەوە نییە دەفەرموێت: (لە ڕۆحی خۆم فووم پێدا کرد؟) بۆیە ئەوە لە هەمووان چاوەڕێ دەکرێت کە خەلیفەی خوابن لەسەر زەوین. لە خۆت بپرسە، چەند جار وەک خەلیفەی خوا هەڵسوکەوتت کردووە؟ لەبیرت نەچێت ئەوە ئەرکی سەر شانمانە، ڕۆحی خودایی لە ناخماندا بدۆزینەوە و وا ڕەوتار بکەین، وەک ئەو ڕۆحە لێمان دەخوازێت.
٢٥
دۆزەخ حاڵی حازر لێرەیە، بەهەشتیش. نە لە دۆزەخ بترسن و نە خەون بە بەهەشتەوە ببینن! چونکە هەردووکیان لەم چرکەساتەدا لێرەن. هەر کە یەکێکمان خۆش دەوێت، بڵند دەبینەوە بۆ ئاسمان، هەر کە ڕقمان لە کەسێک دەبێتەوە، هەر کە ئیرەیی بە یەکێک دەبەین، هەر کە شەڕ لەگەڵ ئینسانێکدا دەکەین، دەستبەجێ دەکەوینە نیو ئاگری دۆزەخەوە.
٢٦
هەمیشە دلۆڤان بە! بە تاقە وشەیەکیش لە پاشملە خراپ باسی کەس مەکە! چونکە پەیڤەکان کە زارمان بەجێ دەهێڵن، بزر نابن، لە ڤاڵاییی بێکۆتاییدا دەمێننەوە و لە کاتی گونجاودا بۆ لامان دەگەڕێنەوە. ئەگەر ئینسانێک دڵی بریندار ببێت، هەموومان ئازارمان پێ دەگات، ئەگەر ئینسانێک دڵی خۆش ببێت، لێوی هەموومان بە زەردەخەنە دەگەشێتەوە.
٢٧
ئەم دونیایە شاخێکی بە بەفر داپۆشراوە، زایەڵەی دەنگت بۆ لای خۆت دەهێنێتەوە. هەر چی بڵێیت، لە چاک و لە خراپ، بەم یان بەو شێوە، دێتەوە بۆ لات. ئەگەر کەسێک بە خراپە باسی تۆ دەکات، تۆ بە خراپە باسی ئەو مەکە، چونکە کێشەکە ئاڵۆزتر دەبێت و خۆت لە بازنەیەکی تژی لە ڕقدا دەبینیتەوە. لە بازنەی ڕقدا گیر مەخۆ، چل ڕۆژ و چل شەو، بیر لە لایەنە باشەکانی ئەو کەسە بکەوە کە خراپ باست دەکات! ئەوسا هەموو شتەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت، بە ناخی خۆیشتەوە.
٢٨
ڕابردوو لێکدانەوەیە، داهاتوویش وەهمە. دونیا لە ڕابردووەوە بەرەو داهاتوو، وەک هێڵێکی ڕاست بەناو زەمەندا تێناپەڕێت. زەمەن لە ڕێی ئێمەوە و لە ناخی ئێمەدا بە شێوەیەکی پێچاوپێچی بێکۆتایی دەبزوێت. سەرمەدیبوون بە مانای زەمەنێکی ڕەها نایەت، بە مانای نەمریی دێت.
٢٩
قەدەر ئەوە نییە کە ژیانی تۆ ملکەچی بڕیارێکی پێشوەختە، بۆیە ڕادەستکردنی هەموو شتێک بە قەدەر و بەشدارینەکردن لە ژەنینی موسیکی گەردووندا، بەڵگەیە بۆ نەزانییەکی ڕەها. موسیکی گەردوون، هەموو جێیەک دەگرێتەوە و لە چل ئاستی جیاواز پێک هاتووە، قەدەری تۆ ئەو ئاستەیە کە ئاوازەکەی خۆتی تێدا دەژەنیت. ڕەنگە ئامێرەکەت نەگۆڕیت، بەڵام بگوێزیتەوە بۆ پلەیەک کە دەتوانیت باشتر تێیدا بژەنیت.
٣٠
ئەوی بە هەق سۆفی بێت، ئەگەر بە ناڕەوایش تۆمەتبار بکرێت، هەر ئارام دەگرێت. سۆفی با لە هەموو لایەکیشەوە پەلامار بدرێت، وشەیەکی زبر ئاڕاستەی ڕەخنەگرانی ناکات. سۆفی سەرکۆنەی کەس ناکات، ئاخر نەیار و ڕکەبەر و تەنانەت ئەوانی دیکە چۆن دەتوانن هەبن، لە کاتێکدا کە هەر لە سەرەتاوە، خودێک لە ئارادا نەبێت. کە لە (یەک)ێک زیاتر کەسی دیکە نەبێت، ئیدی چۆن کەس دەتوانێت سەرزەنشتی سۆفی بکات؟
٣١
بۆ ئەوەی بڕوات پتەو بکەیت، پێویستە وەک ناخ نەرمونیان بیت. بڕوات وەک بەرد سەخت و ڕەق نابێت، ئەگەر دڵت وەک پەڕ سووک نەبێت. کە تووشی نەخۆشییەک دەبین، کە ڕووداوێکی ناخۆشمان لێ دەقەومێت، کە زیانێکمان پێ دەگات، یان بەرەو ڕووی مەترسییەک دەبینەوە، ئیدی خۆپەرستیمان کەم دەبێتەوە، بەڵام هۆشمەندی و سۆز و بە خشندەییمان هەڵدەکشێن. هەندێکمان بە هۆی ئەزموونی تاڵەوە، دڵمان ناسکتر و هەڵسوکەوتمان نەرمونیانتر دەبێت، بەڵام هەندێکی دیکەمان لە دوای ناخۆشی، دڵمان ڕەقتر دەبێت. تاقە ڕێگا بۆ نزیکبوونەوە لە حەقیقەت، بریتییە لەوەی دڵت ئەوەندە بەرین بێت، جێی هەموو مرۆڤایەتیی تێدا ببێتەوە و هێشتا شوێنی تریشی مابێت بۆ خۆشەویستیی زیاتر.
٣٢
نابێت شتێک بکەوێتە نێوانی تۆ و خوای خۆتەوە، نە هیچ پێشەوایەکی ئایینی، نە هیچ سەرکردەیەکی ڕۆحی، نە تەنانەت باوەڕیشت. بڕوات بە بەها و پرەنسیپەکانی خۆت هەبێت، بەڵام بەسەر کەسیاندا مەسپێنە. ئەگەر دڵی کەسانی دیکەت شکاند، ئیدی خاوەنی هەر باوەڕێک بیت، باوەڕێکی باش نییە. هیچ جۆرە بتێک مەپەرستە، ئەگەر نا بەرچاوت لێڵ دەبێت. با تەنیا هەر خوا ڕێنیشاندەرت بێت! خۆت فێری حەقیقەت بکە، بەڵام لە حەقیقەت، بت مەخوڵقێنە.
٣٣
هەرچەندە ئینسان لە هەوڵی ئەوەدایە، لەم دونیایەدا شتێک بە دەست بخات و ببێتە کەسێکی گرینگ، بەڵام کە مرد هیچ لەگەڵ خۆیدا نابات و لە کۆتاییدا دەگاتە لوتکەی عەدەم. دونیا هێندە قورس مەگرە، وەک ژمارە سفر، بە بەتاڵی بزانە! ئێمەش لە گوڵەگەنم دەچین، ئەوە جوانییەکەی دیوی دەرەوەمان نییە، بەتاڵیی ناخمانە، وای کردووە قنجوقیت بوەستین. ئەوەی هانمان دەدات درێژە بە ژیان بدەین، گەڕان لەدووی دەستکەوت نییە، هۆشیاریمانە بەرانبەر بە عەدەم.
٣٤
خۆبەدەستەوەدان، بە مانای ئەوە نییە، لاوازین، ساردوسڕین، یان بڕوامان بە قەزاوقەدەر هەیە، بەڵکوو پێچەوانەوەکەی دروستە. خۆبەدەستەوەدان، هێزێکە لە ناخەوە هەڵدەقوڵێت، ئاخر ئەوانەی خۆیان ڕادەستی کرۆکی خوایی دەکەن، لەکاتێکدا هەموو دونیا دەشڵەژێت، ئەوان ئارام و دڵنیا دەژین.
٣٥
لەم دونیایەدا ئەوە شتە لەیەکچووەکان نین، بەڵکوو شتە دژبەیەکەکانن، وا دەکەن هەنگاوێک بچینە پێشەوە. لە ناخی هەر یەکێکماندا، هەموو ناکۆکییەکانی ئەم گەردوونە هەیە، بۆیە پێویستە بڕودار، خۆی لە بێباوەڕەکەی ناخی نەبان نەکات، کافریش بڕوادارە بێدەنگەکەی ناخی بناسێت. تا ئەو ڕۆژەی ئینسان دەگاتە قۆناغی مرۆڤی نموونەیی، چونکە بڕوا بەرە بەرە دەچەسپێت، پێویستمان بە دژەبڕوایش کە کوفرە، دەبێت.
٣٦
خوا ئەم دونیایەی لەبەر ڕۆشناییی پرەنسیپی ئاڵوگۆڕدا خوڵقاندووە، ئەگەرهێندەی گەردێک چاکە بکەین، پاداشت دەدرێینەوە و لەسەر هەر گەردێک لە خراپەیش، سزا دەدرێن. ترسی فێڵی ئەوانەی دیکەت نەبێت، ئەوەت لەبیر بێت، ئەگەر یەکێکیان تەڵەیەکی بۆ نایتەوە، ئەوە ویستی خوایە، چونکە پلانداڕێژە گەورەکە، خوا خۆیەتی و تەنانەت گەڵای درەختێکیش بێ ئاگاداریی خۆی، ناجووڵێتەوە. بڕوای تەواوت بەوە هەبێت، ئەوەی خوا بیکات، بە جوانی دەیکات.
٣٧
کات ئەوەندە جێی بایەخی خوایە، وای کردووە هەموو شتێک تەواو لە وەختی خۆیدا ڕوو بدات، نە خولەکێک زووتر، نە خولەکێک درەنگتر. کاتژمێر بەبێ هەڵاوێردن، بۆ هەمووان وەک یەک دەبزوێت، هەموو کەسێک وەختێکی هەیە بۆ خۆشەویستی و وەختێک بۆ مردن.
٣٨
هەرگیز بۆ ئەوە درەنگ نییە، لە خۆت بپرسیت: ئایا من ئامادەم گۆڕان لە ژیانمدا بکەم؟ ئایا ئامادەم لە ناخەوە خۆم بگۆڕم؟ با ڕۆژێکیشت لە ژیاندا مابێت، هەوڵ بدە لە ڕۆژی پێشووت نەچێت! لە هەموو ساتێکدا و لەگەڵ هەموو کەسێکدا، پێویستە ئینسان گۆڕانی بەسەردا بێت و نوێ ببێتەوە. تاقە ڕێگەیەک بۆ ئەوەی ئینسان لە ژیانێکی نوێدا لەدایک ببێتەوە، ئەوەیە پێش ئەوەی وەختی مردنی هاتبێت، بمرێت.
٣٩
هەرچەندە گۆڕان بەسەر (بەش)ەکانیدا دێت، بەڵام (گشت)ەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە، ئاخر لەگەڵ مردنی هەر دزێکدا، دزێکی نوێ لە دایک دەبێت، لەگەڵ کۆچی دواییی هەموو کەسێکی پاکدا، کەسێکی دیکەی پاک دێتە دونیاوە و لە بەرانبەر هەر سۆفییەکیشدا کە دەمرێت، سۆفییەکی دیکە لە جێیەکی دونیا لەدایک دەبێت. بەم شێوەیە نە هیچ شتێک دەمێنێتەوە گۆڕانی بەسەردا نەیەت و نە هیچ شتێکیش گۆڕانی بەسەردا دێت. ئایینی ئێمە، ئایینی عیشقە، ئاخر هەموو مرۆڤایەتی وەک زنجیرەیەک دڵ، پێکەوە گرێ دراون و لەگەڵ پسانی هەر ئەڵقەیەکی ئەو زنجیرەیەدا، ئەڵقەیەکی دیکە جێی دەگرێتەوە. ناوەکان دەگۆڕێن، دێن و دەچن، بەڵام کرۆک وەک خۆی دەمێنێتەوە.
٤٠
ژیان بەبێ عیشق، هیچ بەهایەکی نییە، لە خۆت مەپرسە کام جۆری عیشق دەخوازیت، ڕۆحی، یان جەستەیی؟ خوایی یان دونیایی؟ خۆرئاوایی یان خۆرهەڵاتی؟ ئاخر دابەشبوونەوەکان، لە غەیری دابەشبوونی دیکە، هیچی دیکەیان لێ ناکەوێتەوە. عیشق نە چەند ناوێکی هەیە، نە هەندێک نیشانە و نە کۆمەڵێک پێناسە. عیشق پاکژ و ساکارە. عیشق ئاوی ژیانە و ئەڤینداریش ڕۆحێکە لە ئاگر، گەردوون جۆرێکی دیکە خۆی دەنوێنێت، کە ئاگر شەیدای ئاو دەبێت.
*
(١) شمس الدین التبریزی، قواعد العشق الأربعون.
(*) ونفخت فیە من روحي. ئایەتی ٢٩ی سوورەتی ئەلحیجر.
(**) سەرمەدیبوون ئەوەیە نە سەرەتای هەبێت، نە کۆتایی.