ڕائیب جادر – هەولێر
زیانی ڕاگیرانی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ٢٩ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند. جێگری سەرۆکی کۆمپانیای سۆمۆ، دەڵێت: مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێداگرن لەسەر دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت، بەڵام ھێشتا ھەندێک کێشەی تەکنیکی و ھونەری ماون، دەبێت چارە بکرێن، ئێستا بەغداش گەیشتووەتە ئەو بڕوایە دەبێت نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردە بکرێتەوە، چونکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە قوت و مووچەی ھاووڵاتییانەوە ھەیە.
لە دوای پەسەندکردنی ھەمواری یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق لە ١٦ی شوباتەوە وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیاکانی بواری نەوت ھەشت کۆبوونەوەیان کردووە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، چونکە کۆمپانیاکانی ئەپیکۆر داوای ڕێککەوتنی نووسراو دەکەن بۆ پێدانی پارەی دەرھێنانی نەوت و دەیانەوێت ئاگاداری کات و شێوازی کارکردنی کۆمپانیای ڕاوێژکار بن، تا ئێستاش حکوومەتی فیدراڵ بە داواکانیان ڕازی نەبووە. کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی باکوور “ئەپیکور” لە ڕاگەیندراوێکدا، داوای چڕکردنەوەی ھەوڵەکان دەکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا.
ئەپیکور، دەڵێت: لە ٢٠ـی نیسان کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد، بۆ گفتوگۆ لەسەر ھەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق- تورکیا، بەڵام بەداخەوە نەگەیشتینە ھیچ ئەنجامێک، ھەروەھا لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە “حکوومەتی عێراق بەردەوام جەخت لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لەڕێگەی نەوتی عێراق-تورکیا دەکاتەوە، بەڵام ھەوڵ و ھەماھەنگییەکان بەم ئاراستەیە سنووردار و بێ بەرھەم بوون، ئەپیکور داوای چڕکردنەوەی ھەوڵەکان دەکات بۆ دۆزینەوەی چارەیەک کە سوودی ھاوبەشی ھەبێت.
ڕاشیگەیاند “سەبارەت بە پێشنیازی ئەپیکور، بۆ دڵنیایی پارەی نەوت لە داھاتوودا، ھەردوو حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان، نیازی خۆیان بۆ ڕەچاو کردنی بژاردەکان نیشان داوە. سەرەڕای ئەمەش ھیچ گفتوگۆیەکی جەوھەری سەبارەت ڕێکخستنەکانی تایبەت بە دڵنیاییدان پارەی کۆمپانیاکان نەبووە، ھیچ بەرەو پێشچوونێکیش لە پرسی قەرزی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوتیش نییە.
لای خۆیەوە مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ڕایگەیاند، کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور، چەندان جار چارەیان بۆ پرسەکە پێشنیاز کردووە، بە گوێرەی یاسای بودجەی عێراق و ھاوتەریب لەگەڵ گرێبەستی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت، کە لەلایەن دادگەی عێراقەوە ڕەوا و یاسایین.
ئاماژەی بەوەش دا، لە نەبوونی بەرەوپێشچوون نیگەران و پەشیمانین، ھەرچۆنێک بێت، ئێمە لە ھەوڵەکانمان بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق- تورکیا بەردەوامین.
زیاتر لە دوو ساڵە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، تا ئێستا کۆمپانیاکان و حکوومەتی عێراق لەسەر ھەناردەکردنەوەی نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، ھەرێمی کوردستان ھەموو ئامادەکاریەکی خۆی بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیھانەوە نیشانداوە، حەمدی شنگالی، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای سۆمۆ، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی زۆر پێداگرە لەسەر دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت، بەڵام ھێشتا ھەندێک کێشەی تەکنیکی و ھونەری ماون دەبێت چارە بکرێن.
جێگری سەرۆکی کۆمپانیای سۆمۆ، دەشڵێ: بەھۆی ڕاگیرانی ھەناردەی نەوتی ھەرێم زیاتر لە ٢٩ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار زیان بە داھاتی ھەرێمی کوردستان و عێراق کەوتووە، ئێستا بەغداش گەیشتووەتە ئەو بڕوایە دەبێت نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردە بکرێتەوە، چونکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە قوت و مووچەی ھاووڵاتییانەوە ھەیە و ژیان و گوزەرانی خەڵک خۆش دەکات.