ئەنتۆنیۆ ڕۆدێگەر داوای لێبوردنی كرد “هەڵەیەكی گەورەم كرد”

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ئەنتۆنیۆ ڕۆدێگەر داوای لێبوردنی كرد
ئەنتۆنیۆ ڕۆدیگەر، بەرگریكاری یانەی ریاڵ مەدرید، داوای لێبوردنی لەو هەڵسوكەوتە و تووڕەبوونە كرد، كە لە یاریی كۆتایی جامی شای ئیسپانیا نواندی.
ئەنتۆنیۆ ڕۆدیگەر، لەسەر هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی (ئێكس) ڕایگەیاندووە: بە دڵنیاییەوە داوای لێبوردن لەو هەڵسوكەوتە دەكەم كە نواندم، زۆر داوای لێبوردن دەكەم. یارییەكی باشمان كرد، بە تایبەت لە نیوەی دووەم.
ڕاشیگەیاندووە: دوای 11 خولەك نەمتوانی یارمەتیی یانەكەم بدەم، پێش كۆتاییهاتنی یارییەكە و لێدانی فیكەی كۆتایی، هەڵەم كرد، داوای لێبوردن دەكەم جارێكی تر لە ناوبژیوان و هەموان، داوای لێبوردن دەكەم لەوەی ڕووی دا.
ڕۆدیگەر لە یاریی كۆتایی جامی شای ئیسپانیا، هەڵەیەكی گەورەی كرد و شتیكی بەرەو ناوبژیوان فڕێ دا، ناوبژیوان كارتی سووری پێ دا. ئەوەش دەكەوێتە نێو ماددەی 100 لە (هەڕەشە یان كارێكی ناشیرین دژی یەكێك لە دەستەی ناوبژیوانان) یان ماددەی 101 (هەڵسوكەوتی كەمێك توند دژی ناوبژیوان) لە یاسای تەمبێدادانی یەكێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا.
ئەوەش وا دەكا، كە ڕۆدیگەر ڕووبەڕووی سزایەك ببێتەوە 4 تا 12 یاری ڕابگیرێ.
خۆ ئەگەر سزای درا، ئەو یاریزانە ئەڵمانییە سزاكە جێبەجێ دەكا و لە یاریی كلاسیكۆی داهاتووی لا لیگا دادەبڕێ.
هەروەها ئەو یاریزانە ئەڵمانییە ڕووبەڕووی سزایەكی تر دەبێتەوە، دوای دەركردنی هەڵسكەوتی نەیارانەی كرد، ئەوەش وا دەكا سزاكەی زیاتر بكرێ، واتە دەكرێتە دوو بابەتی جیا.

بۆندێكی نوێ لە یەكێتیی تۆپی پێی بەڕازیلەوە گەیشتە ئەنچیلۆتی
یەكێتیی تۆپی پێی بەڕازیل، بۆندێكی نوێی پێشكەشی كارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ئیتاڵیی یانەی ریاڵ مەدرید كردووە تا ببێتە راهێنەری بەڕازیل.
تۆڕی ڕێلیڤۆی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: كارلۆ ئەنچیلۆتی، دەرك بەوە دەكا كە هەلی مانەوەی لە ریاڵ مەدرید تا كۆتایی، بووەتە بابەتێكی نیمچەمەحاڵ.
مێدیاكە باسی لەوە كردووە، كە داهاتووی كارلۆ ئەنچیلۆتی لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید، ناڕوون دەبێ، بە تایبەت لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی كۆتاییهاتنی وەرز، كە ڕەنگە ریاڵ مەدرید هیچ دەستكەوتێكی نەبێ. لە چامپیۆنس لیگ لەسەر دەستی یانەی ئارسناڵ دوور خرایەوە، یاریی جامی شایشی بە بەرشلۆنە دۆڕاند و لە یارییەكانی خولی ئیسپانیاش لە پلەی دووەم دێت.
ئەو تۆڕە مێدیاییە باسی لەوە كردووە، كە دەستەی هونەریی یانەی ریاڵ مەدرید، زەحمەتە تا پاڵەوانیەتیی یانەكانی جیهانی دادێ لە دەست كارلۆ ئەنچیلۆتی بمێنێتەوە.
ڕاشیگەیاندووە: سەرچاوەیەكی بڕواپێكراو، لە نێو یانەی ریاڵ مەدریدەوە، ڕایانگەیاندووە كە كارلۆ ئەنچیلۆتی، كار بۆ ئەوە دەكا، وردەكاریی بۆندی چابی ئەلۆنزۆ، یەكلا بكاتەوە، بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید.
ئەو مێدیایە ڕوونیشی كردووەتەوە: ڕێككەوتنی نێوان ئەنچیلۆتی و یەكێتیی تۆپی پێی بەڕازیل نزیك بووەتەوە لە قۆناغی كۆتایی و فەرمی، بۆندەكە تا مۆندیالی 2026 دەبێ. هەمان ئەو مووچەیەشی پێ دەدرێ كە لەگەڵ ریاڵ مەدرید پێی دەدرێ. لەگەڵ ئەگەری درێژكردنەوەی بۆندەكەی تا ساڵی 2030.
دەشڵێ: ئەنچیلۆتی پێی باشترە كە لەگەڵ ئەو دۆخەدا پێ بە پێ بڕوا و پەلە نەكا، بە جۆرێك سەرەتا بۆ ساڵێك لەگەڵ بەڕازیل بۆند بكا، لەگەڵ هێشتنەوەی دەرگەی نوێكردنەوەی بۆندەكە بە كراوەیی.