بارزان ئەکرەم – هەولێر
یانەی دهۆک سێ داواکاریی خستە بەردەم محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و داوا دەکات وەک یانە عێراقییەکان یانە کوردستانییەکانیش بێبەش نەبن لە هیچ ماف و شایستەییەکی دارایی، لە ئێستادا پڕۆژەی هۆڵی باسکەی یانەی دهۆک لە لایەن سوودانییەوە وەڵامدەدرێتەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە، 24ـی نیسانی 2025، محەممەد شیاع سوودانی پێشوازی لە یانەی دهۆک کرد و پیرۆزبایی بە دەستهێنانی نازناوی پاڵەوانێتیی کەنداوی لێکردن. لە بارەی دیدارەکەیان لەگەڵ سوودانی ، دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال سەرۆکی یانەی دهۆک بە رۆژنامەی هەولێری ڕاگەیاند، یانەی دهۆک بۆ ئێمە جێگەی شانازییە و ئەم سەرکەوتنەی لە جامی کەنداو بەدەستی هێنا، بووە دڵخۆشی بۆ هەموو عێراقییەکان.
سەرۆکی یانەی دهۆک، عەبدوڵڵا جەلال سێ داواکاری لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە.
یەکەم: یانە کوردستانییە بەشدارەکان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بە هەمان شێوەی یانەکانی عێراق سوودمەندبن لە هەموو هاوکارییەک بەبێ جیاوازی.
دووەم: یانەی دهۆک بێبەش نەبێت لەو ماف و شایستە داراییەی پێ دەدرێت، وەک یانەکانی دیکەی عێراق کە لە خولەکانی دەرەوەی عێراق بەشدار بوون، چونکە یانەی دهۆک وەک نوێنەرایەتی سێیەم یانەی عێراقی بەشداربوو لە جامی کەنداو.
سێیەم: تەواوکردنی هۆڵی باسکەی دهۆک کە 70% تەواو کراوە و تەنیا لە 30% ماوە، چونکە ئەم هۆڵە تەنیا یانەی دهۆک سوودی لێ نابینن, بەڵکو سەرجەم یانە عێراقییەکان سوودی لێ دەبینن بۆ بەشداری لە پاڵەوانێتییەکان و تانەنەت هەڵبژاردەی باسکەی عێراقیش.
سەرۆکی یانەی دهۆک گوتیشی: سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی دا بەدواداچوون بۆ هەرسێ داواکارییەکان بکات و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ جێبەجێکردنی ئەم داواکارییانە، لە ئێستاشدا هاتتوەتە سەرهێل بۆ چاکردنی هۆلی باسکەی یانەکە.
سێشەممە 15ـی نیسانی 2025، یانەی وەرزشی دهۆک لە پاڵەوانێتی جامی کەنداو، لە یاری کۆتاییدا ڕووبەڕووی یانەی قادسییەی کوێتی بووەوە، یارییەکەش بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە بەرژەوەندیی یانەی دهۆک کۆتایی هات و جامەکەی بەرز کردەوە.
گۆڵەکانی دهۆک لە خولەکەکانی 66 و 93 لەلایەن سیابەند عەگید و مارلۆن دۆس سانتۆس تۆمار کران، تاکە گۆڵی یانەی قادسییەش لە خولەکی 70 لەلایەن محەممەد سۆڵە تۆمار کرا.
ئەمەش یەکەم جارە لە مێژوودا یانەیەکی کوردی دەبێتە پاڵەوانی جامی کەنداو.