بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سۆران یادی شەهیدانی بۆردومانی پردی گەڵاڵەی کردەوە

لە مەڕاسیمێکی شایستەدا، بە ئامادەبوونی نوێنەری سیهاد بارزانی فەرماندەی هێزی پشتیوانی یەک و بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حزبی و حكوومی و لایەنە سیاسیەکان و مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتی و كەس و كاری شەهیدان و خەڵكی دەڤەرەكە، یادی شەهیدانی بۆرودمانی پردی گەڵاڵە بەڕێوەچوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد، دواتر لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، کەریم کاوە کەریم، پەیامی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران پێشکەشکرا، لە بەشێکی وتارەکەیدا، کەریم کاوە کەریم، ئاماژەی بەوەدا: باس لە گەورەی تاوانەکە کرا کە ڕژێم تیایدا چەکی قەدەغەکراوی بەکار هێناوە دژ بە هاووڵاتیان و خەڵکی سڤیل و تاوانەکە کۆمەڵکوژی بووە، هەروەها ئاماژەی دا بە ئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ قائیمقامی چۆمان بەرنامەی دروست کردنی مۆنیۆمێنتێکی شایستە پلانی بۆ دانراوە. هەروەها لە درێژەی وتارەکەی وتی : ئێمە وەك وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لەخەمی خزمەتکردنی باشتری کەسوکاری شەهیدانداین و هەموو هەوڵەکانیشمان بۆ ئەم مەبەستە خستووەتە گەڕ. لە هەمانکاتدا بەردەوام دەبین بۆ فشار خستنە سەر حکوومەتی عێراق، تا ئەو کاتەی لە چوارچێوەی مادەی 132ـی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵدا قەرەبووی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو دەکاتەوە و هەروەها کار بکات بۆ گەشەپێدان و بووژاندنەوەی ناوچە کارەساتبارەکان و وێرانکراوەکان وەک ئەوەی لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا ئاماژەی پێ دراوە.
دواتر وتاری لقی 26ـی گوڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان و قائیمقامی قەزای چۆمان پێشکەشکرا.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە، گروپی میوزیکی قەسرێ چەند سروودێکیان پێشکەش کرد.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکدا، لەلایەن ئامادەبووانەوە تاجە گوڵینەی رێزلێنان، لەسەر مۆنیومێنتی شەهیدانی پردی گەڵاڵە دانرا.