ئاریان دەرگەڵەیی – ههولێر
ئەمساڵ دامەزراوەی (كوردستان كرۆنیكڵ) كە گۆڤارێكیش بە هەمان ناوەوە بە زمانی ئینگلیزی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دەردەكات، بوو بە یەكەمین گۆڤار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەڵاتی (Award of Excellence)ـی لە ئەمریكا بردەوە.
هیمن بابان كە ئەندامی دامەزراوەكەیە بە (هەولێر)ی گوت: ئەمساڵ دامەزراوەی (كوردستان كرۆنیكڵ)، هاوشان لەگەڵ كەناڵی (CBC)، ئاژانسی (AP)، بەرنامەی (60 minutes)ـی ڕادیۆی (NPR)، كەناڵی (ABC) و دامەزراوەی (ئەتلانتیك)، هەریەكەو بە ڕاپۆرت، بەرنامە و دۆكیومێنتاری بەشدارییان كردبوو، لەناویاندا (كوردستان كرۆنیكڵ) خەڵاتەكەی بردەوە.
تیمێك لە ڕۆژنامەنووسانی (كوردستان كرۆنیكڵ) لە ئۆفیسی كوردستان و ئەمریكا بەشداریی ئاهەنگی وەرگرتنی خەڵاتەكەیان لە شاری (سەڵت لەیك ستی) لە ویلایەتی (یووتا)ی ئەمریكا كرد، لە ڕێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتەكەدا، ڕۆژنامەنووس سەردار ستار، بە نوێنەرایەتیی تیمی (كوردستان كرۆنیكڵ) وتەیەكی پێشكەش كرد و تیشكی خستە سەر كولتووری پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان، هەروەها بەكورتی ئاماژەی بە مێژووی كورد لە ناوچەكەدا كرد، ئینجا پوختەیەكی لەسەر دامەزراوەی (كوردستان كرۆنیكڵ) پێشكەش كرد، كە چۆن بووە بە سەكۆیەك بۆ گەیاندنی دەنگی كورد بە جیهان.
خەڵاتی (Award of Excellence) لە ساڵی 1949وە لەلایەن (Religion Communicators Council) لەگەڵ خەڵاتی ویلبێر پێشكەشی ئەو دەزگا میدیایی و ڕۆژنامەنووس و كەسایەتییانە دەكرێت كە ڕۆڵیان لە بایەخدان بە پرسە ئایینییەكان و فەرهەنگی پێكەوەژیان هەیە.