عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
هونەرمەند و موزیسیان، هێمن حسێن ئەلبومێكی موزیكی 18 تراكی و گۆرانییەكی نوێی ئامادەیە، بەڵام لەبەر دۆخی كوردستان بڵاویان ناكاتەوە.
هونەرمەند هێمن حسێن، ساڵانێكی زۆرە لە بواری هونەری كوردیدا كار دەكات، ئەو هەم موزیسیانێكی زۆر لێهاتووە كە موزیك و ئاوازی بۆ دەیان هونەرمەند داناوە، هەم گۆرانیبێژێکی ناسراویشە.
هێمن حسێن بە (هەولێر)ی راگەیاند، ئەلبومێكی موزیكی ئامادەیە كە 18 تراكە و تەواو بووە، بەرهەمێكی دیكەشی هەیە لە تێكستی دەرباز شێرزاد، ئاواز و موزیكی خۆی، بەڵام لەبەر دۆخی ئێستای كوردستان و ماندووبوونی خەڵك نایەوێت بڵاویان بكاتەوە، چونكە دواجار هونەریش پەیوەستە بە خەڵكەوە و دەبێت دۆخەكە بۆ بڵاوكردنەوەی بەرهەمێكی نوێ باش بێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر هونەرمەند بیەوێت بەرهەمەكەی هەر بۆ مەبەستی بڵاوكردنەوەی بڵاو بكاتەوە، پێم وایە ئەوە لێدوانە لە كەسایەتیی هونەرمەند و بەرهەمەكەشی.
ئەم هونەرمەندە وتی “پێم وایە ئێستا گۆرانیبێژی زۆریش لەسەر شاشەیە بە باش و مامناوەند و لاواز، بۆیە هەندێجار وا دەكات ئەگەر بەرهەمی جددیش بڵاو بكرێتەوە بەو شێوە باشە پێشوازیی لێ ناكرێت”.
هێمن حسێن لە دۆخی ئێستای هونەری كوردی زۆر رازییە و دەڵێت “دۆخی هونەری ئێستای كوردی زۆر باشە، دەنگبێژ و موزیسیانی زۆر باش هەیە، ئەوەش بە پشتیوانیی تیپە موزیكەكانی ساڵانی رابردوو، هاتووەتە بەرهەم.”