بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن ڕێوڕەسمێکی بۆ ڕێزلێنان لە نووسەران (ئاواز دزەیی و ئەقیلا ڕواندزی) ساز کرد
ڕێوڕەسمەکە، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٧/٤/٢٠٢٥ کاتژمێر ٨:٣٠ی ئێوارە بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە بەرپرسانی حزبی و حکومی، ڕۆشنبیر، ئەدیب، نووسەر و ڕۆژنامەڤانان، لە بارەگەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، بەڕێوەچوو.
سەرەتای مەراسیمەکە بە وەستانێک بۆ گیانی پاکی شەهیدان، سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد) دەستی پێ کرد.
پاشان د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک گوتاری بەخێرهاتنی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا: ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی ڕێز لە دوو نووسەری بە توانا و خەمخۆری کورد بگرین، کە ساڵانێکی زۆرە لە بواری ڕۆشنبیری و ئەدەبیدا کار دەکەن و هەوڵیان داوە نەوەی نوێ بە مێژوو و کەلتووری نەتەوەکەمان ئاشنا بکەن. ئاواز دزەیی و عەقیلا ڕواندزی، ئەو دوو تێکۆشەرەی کە بە وشە خەباتیان کردووە و بە قەڵەم داکۆکییان لە ناسنامەی کورد کردووە.
لە درێژەی بەرنامەکەدا، هەردوو نووسەر ئەقیلا ڕواندزی و ئاواز دزەیی گوتاری خۆیان پێشکەش کرد و تێیدا سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنیان کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم مەراسیمە.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، خەڵاتی ڕێزلێنان و گوڵی وەفا پێشکەشی هەردوو نووسەر کرا و دواتر هەردوو کتێبی “ناندینی کوردی و فۆلکلۆری کوردی ناوچەی دەشتی دزەیی” دابەشکران بەسەر ئامادەبووان.