یەکشەممە، 27ـی نیسانی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەسەر قیرتاوکردنی شەقامە ناوخۆییەکانی گوندی سەردار لە سنووری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: هەمیشە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە خزمەتی سەرنج لەسەر ئەو شوێنانە بێت کە پێشتر خزمەت نەکراوە.
گوتیشی: ئەمساڵ باران لەساڵانی پێشتر زۆر کەمتر باریوە؛ پار، تا ئەم کاتانە 550 ملم باران باریبوو، بەڵام ئەمساڵ تاکوو ئێستا 140 ملم باران باریوە، کە بەدڵنیاییەوە هاوینێکی سەختمان لەڕووی ئاوییەوە دەبێت، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە پرۆژەی فریاگوزاریی ئاوی خێرایی هەولێر زۆر بەخێرایی کاری تێدا دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ سەرەتای مانگی تەممووز 7، هێڵی یەکەمی تەواو دەبێت، کە هێڵەکە لە توڕەقەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە سەرکارێز، قەتەوی، ڕۆشنبیریی، فەرمانبەران و گەڕەکی ژیان، کە ئەو گەڕەکانە لەسەدا 70ـی کێشەی ئاوی هەولێر لەخۆ دەگرن، بەڵام بۆ کۆتایی ساڵ ئەو پرۆژەیە تەواو دەبێت و سەرجەم ئەو شوێنانەی لەهەولێر کێشەی ئاویان هەیە گرفتەکەیان چارە دەبێت، ئەو پرۆژەیە دوو هێندەی هەموو ئەوپرۆژانەی ئاوە کە لە مێژووی شارەکەدا هەبووە.
دەشڵێت: گرفتێکی دیکەی ئاو، بابەتی کارەبای بەردەوامە، ئەگەر کارەبای بەردەوامی نیشتیمانی هەبێت، بیری گەڕەکەکان بەرەدەوام تۆڕەکانیان پڕ ئاو دەبێت و گرفتەکان چارە دەبێت.. لەدوێنێ شەممە دەستمان پێ کردووە بەشێک لەو بیرانە لەڕێگەی مووەلیدەی گەڕەکەکان کارەبای بەردەوامیان بۆ دابین دەکرێت.
باسی لەوەش کرد، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە پرۆژی ڕووناکیە کە تەنیا دابین کردنی کارەبا نییە بۆ هاووڵاتیان، بەڵکو سوودی بۆ ئاویش دەبێت، جگە باشیەکەی بۆ ژینگە کە ئەو هەموو مووەلیدەیە دەکوژێنێتەوە، هەروەها ئەو مووەلیدانەش ئاوێکی زۆر بۆ ساردکردنەوەی ئامێرەکانیان خەرج دەکەن.
گوتیشی: بەپێی ئەو پلانەی هەیە، لە 20ـی 6 تاوەکوو 1ـی 7، ئەو گەڕەکانەی دەکەونە ناو بازنەی 120 مەتری هەولێر کارەبای 24 کاتژمێریان بەتەواوی بۆ دابین دەکرێت، هەروەها بۆ کۆتایی ساڵ هەموو ناوەندی شاری هەولێر لە پرۆژەی ڕووناکی سوودمەند دەبێت. ئێستا ئیدارەی قەیرانەکە دەدەین تاوەکوو پێویستمان بە تانکەری ئاو نەبێت، لەبەر سەلامەتیی هاووڵاتیان ڕێگە پێدراو نییە هەر کەس بە ئازادی خۆی بێت ئاو دابەش بکات.