مێرگەسۆر دەکرێتە پایتەختی ژینگە لە هەرێمی کوردستان

پڕۆژەیەک پێشکەشی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان کراوە بۆ ئەوەی مێرگەسۆر و بارزان ببێتە پایتەختی ژینگە لە هەرێمی کوردستان، بڕیارە دەستەی ژینگە کاری لەسەر بکات و دیراسەی بکات و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت و بەفەرمی مێرگەسۆر ببێتە پایتەختی ژینگە لە هەرێمی کوردستان.

فەیسەڵ سادق، بەڕێوبەری گشتی گەشت و گوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ماوەیەکە پڕۆژەی بوونی مێرگەسۆر و دەڤەری بارزان ببێتە پایتەختی ژینگە لە هەرێمی کوردستان کاری لەسەر دەکرێت و بەهۆی ئەوەی ئەو دەڤەرە تایبەتمەندی خۆی هەیە لە ڕووی ژینگەییەوە و پرۆسەکە زۆر بە ڕێک و پێکیەوە بەڕێوەدەچێت و پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆشی بە ڕۆشنبیری خەڵکی ناوچەکەوە هەیە، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە پڕۆژەیەک ئامادەکراوە، بۆ ئەوەی مێرگەسۆر و بارزان وەکو پایتەختی ژینگە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بناسێندرێت.

فەیسەڵ سادق گوتیشی، بەپایتەختبوونی ژینگە پێویستی بە مەرج و کارکردن هەیە و کاتی خۆی هەندێک تێبینی هەبوون ئێستا هەموو مەرجەکانی تێدایە و کاری زۆر باشی لەسەر کراوە و ئێستا زۆر ئامادەیە بۆ ئەوەی مێرگەسۆر و بارزان ببێتە پایتەختی ژینگە لە هەرێمی کوردستان و هەر پێویستیەکیش هەبێت دوانەخرێت دواتر کاری لەسەر بکرێت و هەر ڕێکارێک پێویست بێت ئەویش تەواو دەکرێت، بۆیە ئێستا پڕۆژەکە دراوە بە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ئەویش دیراسەی دەکەن و ئەوانیش شارەزا و پسپۆریان هەیە کاری لەسەر دەکەن هەرکاتێک کاری خۆیان تەواوکرد ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بۆ ئەوەی بڕیاری لێ بدرێت و بەفەرمی مێرگەسۆر و بارزان بکرێتە پایتەختی ژینگە لە هەرێمی کوردستان.

لای خۆشیەوە سەرچاوەیەک لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەو پڕۆژەیە بەفەرمی بۆ ئێمە نێردراوە لە لایەن قایمقامیەتی مێرگەسۆر و دیراسە دەکرێت و دواتریش ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بۆ ئەوەی ببێتە پایتەختی ژینگە لە هەرێمی کوردستان، چونکە ئەو ناوچەیە لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانییەوە تا ئێستاش ژینگە پارێز و ئاژەڵ پارێزن و ژینگەیەکی زۆر پاکی هەیە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و زۆر ئاژەڵی دەگمەنیشی لێیە، بۆیە هەموو مەرجەکانی تێدایە و لیژنەیەکیش سەردانی ئەو ناوچەیە دەکات و دواتریش بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرز دەکرێتەوە بۆ ئەوەی مێرگەسۆر ببێتە پایتەختی ژینگە لە هەرێمی کوردستان.