ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆز سام بڕاونباک سیاسەتوانی ناسراو و سیناتۆر و حاکمی پێشووی ویلایەتی کەنساسی ئەمەریکی و شاندێکی یاوەری کرد کە بۆ بەشداریی لە ڕۆژی نزای نیشتمانی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
باڵیۆز بڕاونباک ستایشی دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و ئازادیی ئایینی هەرێمی کوردستانی کرد و ئەنجامدانی ڕێورەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانیی لە کوردستان بە دەستپێشخەرییەکی ناوازە و گرنگ ناوبرد.
سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە مەڵبەندی بەیەکەوەژیانی ئایین و پێکهاتەی جیاواز بووە و پابەندین بە پاراستن و گەشەپێدانی ئەم کولتوورە و ئاشتی و تەبایی نێوان گشت پێکهاتەکان.