نمایشە هونەرییەكەی كراكۆڤ هەنگاوێكی هۆشمەندانەیە بۆ هونەری فێمینیستی لە دەرەوە و ناوەوەی كوردستان

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

یەكێك لەو 14 خانمە هونەرمەندەی كە بەشداری پیشانگا نێودەوڵەتیەكەی كراكۆڤی پۆڵەندایان كرد (رێزان بێتولا) بوو كە كارەكانی پێشوازییەکی زۆری لێ كرا.
دەستەیەك خانمی هونەرمەندی كورد ئەمساڵ كارە هونەرییەكانیان بردە دەرەوەی هەرێمی كوردستان و لە شاری كراكۆڤی پۆڵەندا نمایشكی هونەرییان کرد؛ نمایشە هونەرییەكە لەژێر ناونیشانی (Ego Sum) من بوو.
ئەم نمایشە هونەرییە لە میدیاكانی پۆڵەندا دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبوو،چەندین بابەتی جۆراجۆری لەسەر نووسرا، خوی ئەو هۆڵەی كە كە نمایشەكەی تێدا بەریوەچووە لە ماڵپەری خۆیاندا نووسینیكی جوانیان لەسەر بڵاوكردەوە و هونەری خانمانی كوردان بە ئاست بەرز لە قەڵەم دا.
ئەم نمایشە لەژێر چاودێری نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵەندا و بە هەماهەنگیی ناوەندی كوردستان بۆ هونەر و كولتور (KCAC) و سپۆنسەری گەلەری زێد ئاڕ (ZR Gallery) بەڕێوە چووە.
خانمە شێوەكار (رێزان بێتوڵا) بۆ “هەولێر” گوتی: یەكێكە لەو دەستەواژانەی هەر لە تێكستە بیبلیكەكانەوە شۆڕ بووەتەوە بۆ نێو فەلسەفە؛ كۆژیتۆ (من بیر دەكەمەوە)کەی دیكارت، سێنتیۆ (من هەست دەكەم)ـەکەی میشێل هێنری، كۆرپووس (جەستەم)ـەکەی مێرلۆپۆنتی، پێرفۆرمان (پێرفۆرماتیڤیتێ)ـکەی جودیت باتلەر؛ دوای (من بیر دەكەوە)کەی رونێ دیكارت، (جەستەم، من هەست دەكەم، نمایشكاری دەكەم و، چەندین تێگەی تر زیاد بوون بۆ دەستەواژەی (ئیگۆ سەم؛ كەواتە هەم).
(رێزان بێتوڵا) گوتیشی: نمایشی (Ego sum)ـی هونەرمەندانی ژنی كوردستانی لە شاری كراكۆڤی وڵاتی پۆڵەندا هەنگاوێكی هۆشمەندانەیە بۆ هونەری فێمینیستی لە دەرەوە و هەرێمی كوردستان. ئۆرلانی هونەرمەندی فەرەنسی دەڵێت: هەمیشە جەستەم شوێنەگەیەك بووە بۆ دیبەیت لە فەزای گشتیدا. لوسی لیپاردی مێژوونووس و ڕەخنەگری هونەری فێمینیستی ئەمریكی دەڵێت: (هونەری فێمینیستی ستایلی كاركردن نییە، بزاوتێكی هونەری نییە بەڵكو ستراتیژییە). لەم نمایشەدا چواردە هونەرمەندی ژن بەشدار بوون بە شێوازی هونەری و میدیەمی هونەری و پێگەی جیاوازەوە كە بووە خاڵی بەهێزی نمایشەكە كە هەتاوەكو سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ بەردەوام دەبێت. سپاس و پێزانینێكی زۆر بۆ (زیاد رەئووف) نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كردنەوەی ئەم نمایشە و گرتنەئەستۆی ڕێكخستنەکەی.