ئاریان دەرگەڵەیی – ههولێر
پزیشكێكی كوردی نیشتەجێی ئەڵمانیا نەشتەرگەرییەكی قورس و ناوازەی کرد و بووە بابەتی میدیاكان ئەو وڵاتە.
كلینیكی نەشتەرگەریی گشتی و ناوپۆشی و شێرپەنجە لە برێمن یەكێك لە كلینیكە ناودارەكانی ئەڵمانیا و ئەوروپایە و نۆژداری ناسراو و بەتوانا پ. د. حسێن بەكتاش سەرۆكی ئەم كلینیكەیە.
ماوەی دوو هەفتەیە ئەم كلینیكە بووە بە بابەت بۆ میدیاكانی ئەڵمانیا پاش ئەوەی تیمی پزیشكانی نەشتەركار بە سەرۆكایەتیی د. بەكتاش شێرپەنجەلوویەكی (Tumor) بە كێشی 8،5 كیلۆگرامیان لە سكی خاتوونێكی تەمەن 65 ساڵان دەرهێنا.
د. بەكتاش لەو بارەیەوە بە كەناڵی 1ی تەلەڤزیۆنی ئەڵمانیای گوتووە لە ماوەی كاری سی و ئەوەندە ساڵەی خۆیدا وەك پزیشكی نەشتەركار نەشتەرگەریی زۆری کردووە، بەڵام یەكەم جارە لوویەكی هێندە گەورە لە هەناوی مرۆڤێك دەردەهێنێت.
دایك و باوكی د. بەكتاش کە 64 ساڵیەتی، سەرەتای ساڵانی 1970 هاتوونەتە ئەڵمانیا و ئەم لە كۆلێژی پزیشكیی زانكۆی هانۆڤەردا خوێندوویەتی و، ئێستا سەرۆكی كلینیكی نەشتەرگەریی گشتی و ناوپۆشی و شێرپەنجەیە لە برێمن و هاوكات پرۆفیسۆری وانەبێژە لە كۆلێژی پزیشكیی زانكۆی هانۆڤەر.
د. بەكتاش كۆمەڵێك كتێبی بە زمانی ئەڵمانی و كوردی و توركی نووسیوە و مرۆڤ سەرسام دەبێت بە دەوڵەمەندیی زمانی كوردی لە بواری نۆژداریدا كاتێك كتێبی (ئەناتۆمیا بەدەنا مرۆڤان)ـەکەی دەخوێنێتەوە.
د. بەكتاش كە لە گۆگڵدا، “باكوری كوردستان”ـی وەك شوێنی لەدایكبوونی خۆی دەستنیشان كردووە، لە بواری كاری ڕێكخراوەیی مەدەنیشدا چالاكە و هاوكاریی زۆری منداڵانی كورد، بەتایبەت، منداڵانی ئێزیدی كردووە و دەكات.
نووسەری كورد (بەكر شوانی) لە نووسینیكدا نووسیویەتی من ساڵانی 2005 تا 2007 لە شاری بۆن وەك فەرمانبەری دەوڵەت ڕێكخراوێكی مافی مرۆڤ و پەنابەرانی كورد كارم دەكرد كە د. بەكتاش یەكێك لە دامەزرینەران و هاوكات سەرۆكی دەستەی ڕاوێژكارانی بوو و ئەو ماوەیە چەند جارێك بینیم و سەرسام بووم بەو كوردیزانینەی كوردێكی باكووری كە لە منداڵییەوە ڕووی لە ئەڵمانیا كردووە.