دڵم کانیاوی نزایە، کتێبێکی “سەرتیپ ئاغا واحید بەگ”ـە، کە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی چاپ کراوە و بەشی عەرەبییەکەی “محەمەد حوسێن موهەندیس” وەریگێڕاوەتەوە.
کتێبەکە کۆمەڵێک نزا و پاڕانەوەیە، کە دڵی هەموو مرۆڤێک پێویستی پێیەتی و دەخوازێت وەکو سرووتێکی ڕۆحی و گرنگە وێردی سەر زاری بێت. ئەم کتێبە سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ ڕاگرتنی لایەنە ڕۆحییەکەی ئینسان و پەیوەستبوون بە جیهانێکی ڕۆحانی لەپێناو بەدەستهێنانی ئارامی و ئۆقرەی دەروون. هاوکات کتێبەکە پیشاندانی ڕێگەیەکە بۆ نزیکبوونەوە لە خودا و ڕاکردن لە کێشەکانی ژیان و بەدەستهێنانی ئارامییەک لەم سەردەمە جەنجاڵەدا.
نووسەر لە پێشەکیی کتێبەکەدا دەڵێت: “نزا و ڕووکردنە بەردەم بارەگای خوای بەخشندە بە مەبەستی دەربازبوونە لە تەنگژەیی و بێ هیوایی مرۆڤ.” بۆیە کتێبەکە بە جۆرێک هیواوە لە بەردەم خوێنەردا دەوەستێت و دڵی خۆی بۆ دەکاتەوە.
ئەم کتێبە 91 لاپەڕەیە و لە هەر لاپەڕەیەکدا بە زمانی کوردی و عەرەبییش نزاکان نووسراوە و خوێنەر دەتوانێت بە هەردوو زمانەکە بەر نزاکان بکەوێت.