هەولێر جارێکی تر لەگەڵ شانۆ ئاشت بوونەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ، حەوت خولی بێ گرێ و توانجی بینەر بەڕێکرد.

دوای وچانێک لە گردبوونەوە شانۆییەکان هەولێر جارێکی تر لەگەڵ دیداری شانۆیی و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بە بەشداری وڵاتانی عەرەب و تورکیا و جیهان، یەکەم ڕۆژی خولی هەشتەمی فێسیڤاڵەکەی بە پاڵپشتی “مەسرور بارزانی” سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێکرد، کە یەکەم گەشتی شانۆیی بوو بە ناونیشانی “گەرماوی ئافرەتان”، کە لە نووسینی “عەلی عەبدی” و دەرهێنانی “کرمانج مستەفا ڕەئوف و مەهدی حەسەن” و وەرگێڕانی “ئیدریس تاهیر” و نواندنی هەریەک لە شانۆکاران “شنیار محەمەد و کیمیا مەزرەنگ و زەینەب کاوە”یە و چیرۆکەکەشی باس لە دایکێکی شەهید دەکات، کە لە گەرماوێک کار دەکات و وێڕای ئازاری لەدەستدانی کوڕە جوانەمەرگەکەی کەس ئامادە نیە لە پرسەکەشی ئامادە بێت.

“هەولێر” گەشتێک بە نێو هۆڵە شانۆییەکانی دەکات

جیاواز لە خولەکانی پێشوو، ئەمساڵ هونەرمەندە ناودارەکانی دنیا لە هەولێر گردبوونەوەیەکی هونەرییان ساز دا و بوون بە دادوەر لە هەڵبژاردنی شانۆ کوردی و عەرەبی و جیهانیەکان.
“هەولێر”یش وەک یەکەم میدیای کوردی ئامادەی نمایشی شانۆگەریی “گەرماوی ئافرەتان” بوو، کە شانۆنامەیەکی وەرگێڕدراوی جیهانی بوو، “مەهدی حەسەن و کرمانج مستەفا ڕەئوف” پێکەوە دەرهێنانەکەیان بۆ کردبوو.
ئەو شانۆگەرییە بە وردی چبووە نێو قوڵایی ئازارەکانی ژن و هەڵدانەوەنەی چیرۆکێکی خەمناکی دایکێکی شەهید بوو، کە کەسی وەک فریادڕەس نەدەبینی و تەنانەت کەس ئامادە نەبوو لە پرسەی کوڕە جوانەمەرگەکەی بەشدار بێت و ئاستەنگەکانی ژیانی ئەو ئافرەتە کەم بکاتەوه، کە دایانێکی سەرکەوتووبوو لە پێگەیاندنی ڕۆڵەیەک و له تەمەنی مێرمنداڵیدا خەڵتانی خوێن کراوە.

شانۆ سیمایەکی جوانی هەولێری نیشان دا

بە پێشکەشکردنی شانۆگەری “گەرماوی ئافرەتان” هەولێر سیمایەکی دیکەی لە جوانی نیشانی بینەری شانۆی کوردی دا، کە زەمەنێکە بینەر تامەزرۆیی بینینی نمایشێکی لەم چەشنەیە، کە بتوانێت ژیان لە قاڵبی جوانی خۆیدا بە هەموو ئازارەکانیەوە نیشانی بینەر بدات، کە پڕە لە حەسرەت بۆ ئایندە و پێگەیاندنی نەوەیەکی تەندروست و بەختەوەر و کامەران، ئەوەی لەو شانۆنامەیەدا بینرا، نیشاندانی چیرۆکێکی خەمناک و بێ بەزەیی مرۆڤی ئەو سەردەمە بوو، کە ناتوانن بەرەو پیلی دایکێک بچن، کە ڕۆڵەکەی بە چەقۆی تیژی دژمنێکی دەست ڕەش بەربووەتە گیانی کوڕەکەی و خەڵتانی خوێن کراوە.

خوێن لە مەزادخانەیەکی ئاشکرادا
“کرمانج مستەفا” وەک دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە توانستێکی زانستی کاری بۆ نیشاندانی جۆرە تاوانێک کردووە، کە خوێنی تاکێک لەم جیهانە هەڕاج دەکرێت و دەخرێته مەزادخانەیەک و سوڵحەکەی لە ٣٠ چەقۆوە دەگات بە یەک چەقۆ، تەنیا بۆ تۆڵەسەندنەوەی خوێنی کوڕە مێر منداڵەکەی، کە لە پێناو سارکردنەوەی شەڕێکی نەخوازراودا گیانی خۆی سپاردووە، جگە لەم چیرۆکەش دەرهێنەر لە زاری خۆیدا دەڵێت: هەوڵم داوە چیرۆکەکە بە کوردی بکەم و پاکیزەکانی شنگال و کۆبانێ بکەم بە خامەی ئەو بەرهەمە و دەقەکە لە جیهانیەوە بگۆڕم بە دەقێکی کوردی.

هیوا سوعاد: ڕۆڵی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەبیر ناکەین

لەگەڵ ڕاگەیاندنی خولی هەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ، کە ساڵانێک بوو بەهۆی خراپی باری دارایی هەرێمی کوردستانەوە وەستابوو، بەڵام هەوڵی بەردەوامی سەرۆکی سەندیکای هونەرمەندان لقی هەولێر، کە هاوکات بەڕێوەبەری شانۆی هەولێرە وایکرد، که “مەسرور بارزانی” وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێتە سەر هێڵ و پڕۆژەی هونەرمەندانی شانۆکار لە باوەش بگرێت، بۆیە “هیوا سوعاد” وەک بەڕێوەبەری بەشی هونەری شانۆی هەولێر ئەوەی دووپات کردەوە، کە جارێکی تر شانۆکارانی کورد لەگەڵ شانۆ ئاشت بوونەوە و بە کۆمەڵێک پڕۆژەی شانۆییەوە هاتنەوە گۆڕپانەکە، ئەمەش ئەو پاڵپشتیە خەمخۆرانەی بەڕێز “مەسرور بارزانی”یە، وەک خەمخۆرێک لە کارە شانۆییەکانی کوردستان و خولێکی نوێ بەڕێوە چوو.

بینەر و شانۆ دووانەیەکن لەیەک جیا ناکرێنەوە

غازی شینە، مێژووێکی لەگەڵ هونەری شانۆی کوردی هەیە و هەگبەی ئەو هونەرمەندەن پڕە لە داهێنان بۆ شانۆ، لە پرسیاری ئەوەی ئایا فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ، بینەر لەگەڵ شانۆی کوردی ئاشت دەبێتەوە دەڵێت: ڕاستگۆیانە لەبەردەم مایکی “هەولێر” دەڵێم، بینەر لە شانۆی کوردی نەتۆراوه تا ئاشتی بکەینەوە، بەڵکو دۆخی ئەمڕۆی کوردستان وایکردووە هۆڵە شانۆییەکان لە جووڵەی هونەری بکەون، بەڵام زۆر بە ڕاشکاوی بە هەمووان دەڵێم، تا “مەسرور بارزانی” حوکمڕان بێت، شانۆ لە هەولێر دڵی لێدان ناکەوێت، ئەوانەی دەیانەوێت بەرپێنە بدەن بە هونەری هەولێر و سیاسەتی حەکیمانەی براوەی هەڵبژاردنی ئەو کابینە و کابینەکانی پێشوو با بێن هەموو جوانیەکان بە چاوی خۆیان ببینن و ئەمڕۆ و سبەی و داهاتوو، هەولێر هەر خاوەنی ماڵە لە لەدایکبوونی شانۆ و سینەما و ئاوەدانی لە هەرێمی کوردستان، گەر واش نەبێت، “ئەحمەد بودێڕ” نابێت بە دادوەر لە خولی هەشتەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ، کە ئەمە شایەتحاڵێکی زیندووە بۆ ئەوانەی دەیانگوت، هەولێر دڵی لە شانۆ کەوتووە!