تای خوێنبەربوون بە چەند شارێكی عێراقدا بڵاو بووەتەوە

ماكوان عێزەت – هه‌ولێر

حەفتەی ڕابردوو لە کەرکووک، چوار حاڵەتی نەخۆشینی تای خوێنبەربوون (خوێنەچۆڕە) تۆمار کراوە، دووان لەوان گیانیان لەدەست داوە كە یەكێكیان پەرستارە.

ساڵانە نەخۆشی تای خوێنەچۆڕە لە عێراق و هەرێمی كوردستان بڵاو دەبێتەوە و بەرپرسانی تەندروستی و وەزارەتی كشتوكاڵ چەندین ڕێگە دەگرنە بەر بۆ ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەكە.
ئەگەرچی جارێ هیچ حاڵەتێك لە شارەكانی هەرێم تۆمار نەكراوە، بەڵام بە پێویست دەزانرێت هاووڵاتیان خۆیان بپارێزن.
د. سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند لەمساڵدا تا ئێستە 14 حاڵەتی تای خوێنبەربوون و دوو حاڵەتی مردن لە سەرانسەری عێراق تۆمار کراوە.
د. سەیف بەدر ڕوونیشی كردەوە شەش حاڵەت لە پارێزگای زیقار و چوار حاڵەت لە کەرکووکدا و، بەغدا و موسەننا، نەینەوا و بەسرەیش لە هەریەکەیاندا یەک حاڵەت هەبووە.
نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە کەرکووک بڵاو بووەتەوە، بەهۆیەوە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا دوو کەس گیانیان لەدەست داوە، یەکێکیان کارمەندی تەندروستییە و ئەوەی دیکەش پیشەی قەسابییە.
تای خوێنەچۆڕە نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، لە ڕێگای ئاژەڵەوە دەگوازێتەوە بۆ مرۆڤ و بەهۆی گەنەیەکەوە کە ڤایرۆسەکە هەڵدەگرێت، دواتر دەچێتە سەر لەشی ئاژەڵەکە و تووشی نەخۆشیەکەی دەکات، بەڵام نیشانەکانی لەسەر ئاژەڵەکە دیار نییە.
بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1944 لە جەنگی جیهانیی دووەمدا سەری هەڵداوە، 40% ئەو کەسانەی تووشی دەبن ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە.
تای خوێنەچۆڕە نەخۆشیەكی ڤایرۆسیە و هۆكارەكەی كۆمەڵێك ڤایرۆسە، هەندێكیان نیشانەی سووكی هەیە و هەندێكی دیكەشیان هەڕەشە لە ژیانی تووشبووان دەكات.
تای خوێنەچۆڕەی ڤایرۆسی هەڕەشە لە ژیانی تووشبووان دەكات و دەناسرێتەوە بەوەی تالێهاتن و خوێنەچۆڕە و ئازاری ناوسك و ئازاری كتوپڕی ماسوولكەكان و جومگەكانی لەگەڵدایە.
ئەم نەخۆشیە نیگەرانیی دروست كردووە لە سەرتاسەری جیهاندا؛ لە دوو دەهەی ڕابردوودا چەندین بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە تۆمار كراوە، ڕێژەی گیان لەدەستدانی بەرزە.

نیشانەكانی تای خوێنەچۆڕە:
-تالێهاتن و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش.
-خوێنەچۆڕە و لەكاركەوتنی كۆئەندامی دەمار.
-تووشبوون بە شۆك و چوونە ناو كۆما.
-لەدەستدانی هێز و توانا و وڕێنەكردن.
-ئازار و گرژداگەڕانی ماسوولكەكان و شەكەتی.
-گێژکەوتن و لەكاركەوتنی گورچیلە.
زۆرینەی جار نیشانەكانی كەسی تووشبوو لە حاڵەتە توندەكانی تای خوێنەچۆڕە بریتییە لە خوێنەچۆڕە لەژێر پێست یاخود كۆئەندامەكانی ناو لەش و خوێنهاتن لە دەم و لووت و چاو و گوێچكە.

هۆكارەكانی تووشبوون بە تای خوێنەچۆڕە:
•ئەو ڤایرۆسانەی هۆكاری تای خوێنەچۆڕەن لە زۆرێك لە ئاژەڵەكان و مێرووەكان دەژین، هەربۆیە دەستلێدان و بەركەوتنی ئاژەڵ و مێرووی تووشبوو بە هۆكاری سەرەكی تووشبوون بەم نەخۆشیە دادەنرێت؛
•دەكرێت كەسێك تووشی تای خوێنەچۆڕە ببێت بە هۆی بەركەوتنی دەردراو و پاشەرۆی مێرووی تووشبوو؛
•بە گەزەی مێشوولە و گەنە و مێروویش، ئەو نەخۆشینە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگوازرێتەوە.

خۆپارێزی لە تووشبوون بە تای خوێنەچۆڕە:
-دووركەوتنەوە لە دەستلێدان لە مەڕوماڵات و مێرووی تووشبوو.
-كۆنترۆڵكردنی مێرووەكان و ڕێگری لەوەی بێتە ناو ماڵ و شوێنی كاركردن.
-دانانی خۆراكی ئاژەڵی ماڵی لە شوێنێكی داپۆشراو بۆ ئەوەی مێروو پێی نەگات.
-فڕێدانی زبڵ بە بەردەوامی و گرتنی دەرگا و پەنجەرەكان.
-بەكارهێنانی دەرمانی قڕكەر و دژەمێروو.

شێوازەكانی گواستنەوەی تای خوێنەچۆڕە:
-بەركەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئاژەڵ و مێرووی تووشبوو.
-سەربڕینی ئاژەڵی تووشبوو و خواردنی گۆشتەكەی.
-گواستنەوەی نەخۆشیەكە لە كەسێكەوە بۆ یەكێكی دیكە لە ڕێگەی تێكەڵاوبوون.
-گەشتكردن بۆ ئەو ناوچانەی ئەم نەخۆشیەی تێدا بڵاوە.
-كاركردن لەگەڵ كەسانی تووشبوو و ئەو شوێنانەی مشک و مێرووی تێدایە.

چارەسەری تای خوێنەچۆڕە:
•هیچ چارەسەرێكی دیاریكراو نیە بۆ تای خوێنەچۆڕە، بەڵام ڤاكسین هەیە بۆ چەند جۆرێكی ئەم نەخۆشینە، خۆپارێزی بە باشترین ڕێگاچارە دادەنرێت.
بە شێوەیەكی گشتی چارەسەرێكی تایبەت بە تای خوێنەچۆڕە نییە، تووشبووانی ئەم نەخۆشیە چارەسەری پاڵپشتی وەردەگرن لەوانە گیراوەكان و یارمەتیدان بۆ هەناسەدان و ئازارشكێن و دەرمانی دژەڤایرۆس بۆ چاكبوونەوە.