بارزان ئەکرەم – هەولێر
کاساس لە دیمانیەکی نوێدا لەگەڵ رادیۆی مارکای ئیسپانی قسەیکرد و گوتی: “هەست بە بێتاقەتی دەکەم، لەسەر هەردوو ئاستی وەرزشی و نا وەرزشی، بەڵام ئەمە تۆپی پێیە و دەبێت بەرەو پێشەوە بڕوات. ئەوەی ئێمە کردمان زۆرباشبوو، هیوادارم لە شوێنێکدا پڕۆژە و نمایشێکی دیکە بێتە پێشەوە، بەڵام ئەگەر ئێستاش نەبێت بەدڵنیاییەوە دواتر دەبێت.”
کاساس گوتیشی “ئێمە هێشتا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا زیندوو بووین، دوو قۆناخی دیکەش مابوو، لەرووی وەرزشییەوە دەرچوون هیچ مانایەکی نەبوو، بەڵام لە عێراق کولتوری پەلەکردن هەیە و بەمشێوەیەیە، تۆ یارییەک دەدۆڕێیت و هەموو شتێک دەکەوێت.”
دۆڕانی بەرامبەر فەڵەستین پریشکەکە بوو، بەڵام لە شوێنی ئەوەی پیشەگەرانە مامەڵە بکەن، فیدراسیۆنی تۆپی پێ پێشنیازێکی بێزارکەریان بۆ کردم، کە ٪8 کەمتر بوو لەو گرێبەستەی رێککەوتنمان لەسەری کردبوو، کاتێک ئەوەم قبوڵ نەکرد، هەموو شتێک گۆڕا، وردەکارییەکانی گرێبەستەکەم دزەیپێکرا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەموو کەناڵەکانی هەواڵ لە وڵاتەکەدا بڵاوبوونەوە و بە پرسی باج هەڕەشەیان لێکردم، ئێستا ئەوان سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووم بەبیانووی ئەوەی پێشێلکاریی گرێبەستەکەمم کردووە، هەموو شتەکان ئەوەندە پیس بوون، پێموایە لە فیفا رووندەبێتەوە، بەڵام ئێستا جوان نییە باسی بکەین.”
خیسۆس دەڵێت “من دەستەوارەی کۆریای باشوورم رەتکردەوە، بۆ ئەوەی لە عێراق بمێنمەوە، بەپاڵنەری ئەوەی پابەندی گرێبەستەکەمم، چونکە ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ فیدراسیۆن و هاندەران هەمانبوو پەیوەندییەکی لۆژیکی بوو، بۆیەوە ئەوەی ئێستا هەیە ئازاری زیاترە و هیواخوازبووین چارەسەرەکە جیاواز بێت.”
راهێنەرە ئیسپانییەکە لە رەخنەگرتن لە تۆپی پێی عێراق بەردەوامدەبێت و دەڵێت “لەوێ (مەبەستی عێراقە) راهێنەر هەیە لە وەرزێکدا مەشقدانەوەی سێ یانەی جیاواز وەردەگرێت، شتەکان لێرە بەردەوام لە گۆڕاندان، تۆ یارییەک دەدۆڕێیت دەرت دەکەن، ئەوان سەیری ئەوە ناکەن کە چیتکردووە لە رابردوودا، یان ئاست و ریزبەندییەکەت نابینن، ئەنیا ئەنجامە خێراکان دەبینن، کاتێک هەوڵیاندا من مەرجە ئابوورییەکانم رەتکردەوە، “شەڕێکی پیس” دەستپێکرا.”
کاساس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی “تاوەکو ئێستاش هاندەرانی عێراق نامەم بۆ دەنێرن، هەندێکیان زۆر قوڵن و پێم دەڵێن، وڵاتەکەمان شایستەی ئەمە نییە، ئەوان دەزانن پێشتر چی بووە و چیمان بەجێهێشتووە، ئەوە تەنیا ئەنجامەکان نەبوون، ئەوەی ئێمە کردمان دانانی بناخە و دۆزینەوەی بەهرەی نوێ بوو.”
راهێنەری پێشووی عێراق دەڵێت “یاریزانان و زۆر کەسی نێو تۆپی پێی عێراق دان بە کارەکانماندا دەنێن، بەڵام سەرۆک و دوو هاوکارە نزیکەکەی گرنگیان بەوە نەدا، ئەوە زیاتر خەمناکم دەکات، بەڵام کات هەمووان دەخاتە شوێنی خۆیان، هەموو ئەوەی هەمانبوو بەخشیمان، ئێمە تەنیا تۆپی پێمان نەدەکرد، داهاتوویەکمان بەجێهێشت.”
خیسۆس کاساس گوتی “دوو ساڵ و نیو، ئەوە ماوەیەکی زۆرە، لەسەر ئاستی مرۆیی و وەرزشی، سەرسوڕهێنەر بوو، فێری کولتووری یەکدی بووین، شێوازێکی دیکەی بینینی ژیان و تۆپی پێ، ئەم ئەزموونەم بۆ هەمیشە لەگەڵ خۆمدا هەڵدەگرم.”
راهێنەری عێراق، دوای دۆڕانی هەڵبژاردەکە بەرامبەر فەڵەستین دوورخرایەوە و تاوەکو ئێستا هیچ راهێنەرێک بۆ شوێنگرتنەوەی خیسۆس کاساس دەستنیشاننەکراوە.