گرنگیی بایه‌خدان به‌ پاراستنی ژینگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا

دوێنێ، لە هۆڵی بەشی رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بازنەی گفتوگۆ بیست و هەشتەمین گفتوگۆی خۆی بە ناونیشانی ” گرنگی بایەخدان بە پاراستنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان” بەرێوەبرد.

لەم گفتوگۆیەدا كە بەرێزان ” عەبدولڕەحمان سەدیق، وەفا حەمید سلێمان، شێخ ئیبراهیم بەرزنجی، د.گەلاوێژ عوبێد، عەمید فەرمان فازڵ، د.دانا خدر مولود، د.شارا كەمال، د.سیراج محەمەد، هەژار ماهیر، حاكم سەمەد محەمەد، ئاسۆ شكاك ، ژیار جەلال، رێبین ئەحمەد حەوێز هەروەها ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ- شڤان حەمدی، پ.د.نەزاكەت حسێن، د.جەلال ئەحمەد، فەرهاد محەمەد” ئامادەبوون، پێش دەستپێكی گفتوگۆكە ئەو ڕاپۆرتە مەیدانیە بۆ ئامادەبووان لەسەر سكرین نمایشكرا كە بازنەی گفتوگۆ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان ئامادەی كردبوو و ، تیایدا ڕابۆچوونی پسپۆران و پارێزەرانی ژینگە وەرگیرابوو، پاشان ئامادەبووان بۆ ماوەی 3 كاتژمێر لەسەر پاراستنی ژینگە گفتوگۆیان كرد.
لەم گفتوگۆیەدا جەخت لەسەر ئەو مەترسیانە كرانەوە كە دەبنە هۆكاری پیسبوونی ژینگە، دابەزینی ئاوی ژێر زەوی ، بایەخنەدان بە زیادكردنی ریژەی سەوزایی لەلایەن هاوڵاتیان بەشێوەیەكی گشتی و نەبوونی ئیمكانیەتی پێویست بۆ زیادكردنی سەوزایی لەسەر ئاستی شارو شارۆچكەكان بە ئاستی ستاندەری جیهانی، لەلایەكی دیكە جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە پاڵاوگە نایاساییەكان وێرای ئەوەی هۆكارێكی سەرەكین بۆ پیسكردنی هەوا، بەڵام لە هەمانكاتدا ئەوە فەرامۆشكراوە كە هۆكارێكیشن بۆ پیسكردنی خاك، بۆیە لەم چوارچێوەیە داوا كرا كە دادگایەكی تایبەت بە سەرپێچیكارانی ژینگە دابنرێت و بەیاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو خەڵكانە بكەن كە دەبنە هۆكاری ئەوەی ژینگەی كوردستان پیس بكەن، لەلایەكی دیكە هەر لەم گفتوگۆیەدا جەخت لەسەر گۆڕانكارییەكانی كەش و هەوا كرایەوە و ، ئاماژە بە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرا بۆ رێگرتن لە گۆڕانكارییەكانی كەش و هەوا، بەتایبەتی كە لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین بەنداوی گەورە و مامناوەند و بچووك دروستكراون و هەروەها چەندین پۆند بۆ گلدانەوەی ئاوی باراناو دروستكراون، لەلایەكی دیكە ئاماژە بە دووكەڵی موەلیدەكان كرا كە بەردەوام ژینگەی شارەكان پیس دەكەن، ئومێدیان خواست كە پرۆژەی رووناكی بۆ كارەبای 24 كاتژمێری بەسەركەتوویی تەواو بێت بۆ ئەوەی ئەو هەموو موەلیدەیە بكوژێنرێنەوە.
جیگەی ئاماژە پێكردنە، پوختەی ئەم راپۆرتە ” گرنگی بایەخدان بە پاراستنی ژینگەی كوردستان: رۆژی 28ی نیسانی 2025 لەسەر لاپەڕەكانی گۆڤاری گوڵان بڵاو دەكرێتەوە.