رۆژنامەگەریی ئەمڕۆی کوردستان پێویستیی بە پێداچوونەوە و چاکسازی هەیە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ی نیسان سەد و بیست و حەوت ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی کوردستان تێدەپەڕێت. ڕۆژنامەگەری کوردیی دوای ئەو ماوە درێژە لە هەوراز و نشێوی، هێشتا بەدەر نییە لە کەم و کورتی و بەداخەوە زۆری و بۆری پێوە دیارە و نەتوانراوە وەک پێویست ڕێک بخسترێت و داوای پێداچوونەوە و ڕێکخستنەوەی دەکرێت.

له‌ ٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ی زایینی له‌سه‌ر ده‌ستی میقداد میدحه‌ت به‌درخان یه‌که‌م ڕۆژنامه‌ی کوردی له‌ قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر به‌ ناوی کوردستان ده‌رچوو. ڕۆژنامەکە لە ماوەی چوار ساڵی بەردەوامبوونیدا سی و یەک ژمارەی لێ چاپ کرا، بە خۆڕایی دابەش دەکرا بیری نەتەوەخوازی و کوردایەتی پەرە پێدەدا و ستەمی داگیرکەران و وڵاتانی زاڵ بەسەر کوردستان بیر خوێنەر دەهێنایەوە.
لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوو ڕۆژنامەکە دەرچووە و داخراوە و پاشان چاپ کراوەتەوە و دواتر ڕۆژنامە و گۆڤاری هاوشێوە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەرچوون و بڵاو کراونەتەوە. ڕۆژنامەگەریی کوردی لەژێر سێبەری ئەو ستەمەی لە هەر چوارپارچەی کوردستان لە کورد کراوە لە دۆخە سەخت و دژوارەکان هەندێک جار بە نهێنی دەرچووە و لەو قۆناغانەش کە دەرفەتێک بۆ ئازادی هاتووەتە کایەوە بە ئاشکرایی دەرچووە و هەوڵی داوە شان بە شانی ڕۆژنامەگەری نەتەوەکانی تر هەنگاو بنێت لە کاروانەکە دوا نەکەوێت.
جێی باسە لانی کەم لە دە ساڵی ڕابردوودا سێ هۆکار کاریگەریی زۆریان هەبووە لە دەرچوونی ڕۆژنامەکان لە هەرێمی کوردستان. یەکێک لەو هۆکارانە پرسی تەنگژەی دارایی هەرێمی کوردستان بووە کە وای کرد ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان لە چاپ بوەستن ژمارەی ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەی بە شێوەی کاغەز لە کوردستان دەردەچن بەراورد بە دەیەی ڕابردوو زۆر کەمترن.
هۆکاری دووەم بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنایە کە کاریگەریی زۆر خراپی بۆ سەر ڕۆژنامەی کاغەزی هەبوو و پەرەسەندنی پلاتفۆرمە جۆراوجۆرەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک هۆکاری سێیەم گۆڕەپانی کاری ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستانیان کۆنترۆڵ کرد .
بەم هۆکارانە ژمارەیەکی زۆری چاپخانە داخران و ژمارەیەکی زۆری کرێکار کە لەو چاپەمەنی و بڵاوکراوانەدا کاریان دەکرد لە کارەکانیان بێبەش بوون، گۆڕانکارییەکی زۆر بەسەر شێوازی کاری ڕۆژنامەنووساندا هات هەرچەندە لە بواری تریشدا هەلی نوێی کار ڕەخسا. ئەو ڕاستگۆییەی پێشتر لە کاری ڕۆژنامەگەری لە کوردستان هەبوو زۆر پاشەکشەی کردووە و چاودێریکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن زۆر لاواز بووە و لاپەڕە فەیکەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ناوی کاری ڕۆژنامەگەری کەشەکەیان لە قازانجی خۆیاندا قۆستەوە و ئەمەش زیانی زۆری بەو کەرتە گەیاند.
لە هەرێمی کوردستان هێشتا ئەو بوارە هاوشێوەی وڵاتە پێشکەوتووەکان بە پیشەیی نەکراوە. هێشتا میدیا نەبووەتە کەرتێک کە وەبەرهێنانی تێدا بکرێت و دواتر قازانج بکات و ببێتە کارەکتەرێکی گرینگ لە گۆڕەپانەکە.
دوێنێ یەکشەممە ئەنجوومەنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان کە هەست بەو بۆشاییە دەکات لە بەیاننامەکەیدا جیددیبوونی خۆی بۆ چاکسازی و چارەسەریی کێشەکانی پێوەست بە کاری ڕۆژنامەگەری لە کوردستان ڕاگەیاند و داوای هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە سی و پێنجی ساڵی ٢٠٠٧ی کردووە و پێیان وایە دەبێت لەگەڵ كاری سەردەمیانەی میدیا بگونجێندرێت، چاكسازی لە سێكتەرەكانی تری كاری میدیا، ئەركێكی نیشتمانیانە، بۆ ئەوەی كاری میدیا لە هەرێمی كوردستان بکەوێتە لەسەر ڕێچكە دروستەکەی.
میدیاکانی هەرێمی کوردستان لە ژێر سایەی ئازادی و ئەو کەشەی بۆیان ڕەخساوە و بە لەبەرچاوگرتنی گەشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای زانیاری، ڕۆژ بە ڕۆژ بەرفراوانتر بوون بەڵام ئەو بەرفراوانبوونە تەنیا لە ژمارەدا مایەی سەرنجە و لە ناوەڕۆکدا هەندێک جار ئارەزوو بە نەبوونیان دەخوازرێت، چونکە بەشێکیان بە ئاشکرایی ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی کوردستانیان خستووەتە ژێر مەترسی.
ژمارەی سایت و کەناڵ و ڕۆژنامە و پەیجەکان ئەوەندە زۆر بوون کە بەراستی لە ژماردن نایەن و ڕۆژ نییە پەیجێکی نوێ لە ژێر ناوێکی قەبەدا نەکرێتەوە و لە ماوەیەکی کورتدا بە سپۆنسەر و کۆمەڵێک ڕێکاری تەکنەلۆجیایی خۆی نەخاتە ناو مۆبایلەکانمان و زانیاری دوور لە کاری ڕۆژنامەوانیمان دەرخوارد نەدات. ئەو پەیج و بەناو میدیایانە تەنیا بە شێواندنی دەروونی خەڵک ڕازی نەبوون بەڵکوو هەندێک جار حزبەکان و هەندێک جاری تر خەڵک و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەیان بەگژ یەکتردا کردووە و دۆخێکی زۆر ناخۆشی میدیاییان هێناوەتە کایەوە و کار گەیشتووەتە دۆخێک هەواڵ و زانیاری درۆ و ناراست و تەشهیر و ناوزڕاندن ئەوەندە زۆر بووە ئەگەر میدیایەکی خاوەن بەرپرسیاریش بیهەوێت شتێکی ڕاست بنووسێت ئەوا خەڵک متمانەی پێ ناکات.

پێویستە بگوترێ دۆخی هەرێمی کوردستان ئەوە دەخوازێت بە لەبەرچاوگرتنی ڕێزگرتن لە ئازادی ڕادەربڕین، ڕێکخستنێکی گشتیی بۆ میدیای ئەلیکترۆنی بکرێت و لەو فەوزایە ڕزگار بکرێت.