بیرکردنەوە ئەرکێکی باوەڕییە

عومەر چنگیانی
بەپێی ڕێنمایی بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی، بابەتی سەردێڕ، یەكێك بوو لەو دوو ناونیشانەی كرانە توێشووی گوتاری هەینی زۆربەی مزگەوتەكانی كوردستان و ئێمەیش رێکەوتی ١٨/٤/٢٠25 لە مزگەوتی خەدیجە كوبرادا كردمانە گوتاری زنجیرە 289مان كە سەرەتا تیشكێكمان خستە سەر بابەتی وشەی بیركردنەوە (تفكر) لە نێو قورئاندا بە هەموو داڕشتەکانیەوە؛ هەژدە جار باس لە بیركردنەوە (تفكر) كراوە و، وەك موجیزەیەكی ژمارە كە لە یەكەمین جاری بەكارهێنانەكەی ورد دەبینەوە لە قورئاندا لە ئایەتی 219ـی سوورەتی (بەقەرە)دایە و ئایەتەكە لە هەژدە پیتی ((ی س أ ل و ن ك ع خ م ر ق ف ه پ ب ژ ت)) دووبارەبووەوە پێك دێ و دوایین ئایەتیش كە باس لە فكر دەكات ئایەتی 18ی سوورەتی (مودەسیر)ە، جاوەك لە گوتارەكەدا هاتووە (بە ڕاستی یەکێک لەو پەرستشانەی کە زۆر کەس لەم سەردەمەدا وازیان لێ هێناوە و لەبیریان کردووە، پەرستشی بیرکردنەوەیە لە نیشانە گەردوونییەکانی خوای گەورە کە قورئانی پڕ لە بەخشش و سوننەتی پێغەمبەر، دروود و سەلامی خوای لەسەر، داوامان لێ دەکەن بۆ بیرکردنەوە. ئەم وازلێهێنانە خەلەلێک لە هۆشیاریی ئیسلامیدا دروست دەکات، چونکە وامان لێ هاتووە گرنگی زۆرتر بە کاروباری دنیا دەدەین کە سوودی چاوەڕوانکراویشی نییە. بیرکردنەوە گەشتێکی نورانی و، وەرزشێکی ئیمانییە بۆ بەدیهێنانی ماناکانی ئیمان و بەرزبوونەوەی بە پلەکانی بەندایەتیدا.
پەرستشی بیرکردنەوە و گەورەیی و شکۆی:
بە ڕاستی یەکێک لە گەورەترین نیعمەتەکان، نیعمەتی بیرکردنەوەیە؛ چونکە بە هۆیەوە مرۆڤەکان دەگەنە ئامانج و داهێنان و ئەنجام دەدرێت و پلاندانان دادەڕێژێت بۆ باشترکردنی ژیان و دواڕۆژی. وەك دەبینین خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا، ستایشی ئەوانەی کردووە کە خەریکی بیرکردنەوەن و، لە ئایەتی190 و 191ـی سورەتی (ئالی عیمران)دا، دەفەرمێت:
(بە ڕاستی لە دروستكردنی ئاسمانەكان و زەوی و جیاوازییەكانی نێوان شەو و ڕۆژدا ئایەتیەلێكیان تیایە بۆ خاوەن‌هەست و دڵی زیندوو و بیركەرەوەكان، ئەوانەی كە هەمیشە خوایان لەیادە و بیر لە گەورەییی ئەو دەكەنەوە، ئیتر لە شەونوێژدا بن بە پێوە، یان بە دانیشتنەوە، یان بە هەڵاژیان و پاڵكەوتوو لەسەر جێگادا بن، هەردەم بیر دەکەنەوە لە ئافەرینشت و قوورەتی خوا لە خولقاندنی گەردوون و شتەكاندا؛ دەڵێن پاكو بێگەردی بۆ تۆ ئەی پەروەرێنمامان بە ڕاستی ئەم چتیەلەت بێهودە و لە هەوەنتە دروست نەكردووە؛ لە سزای دۆزەخ بمانپارێزە.)
بە ڕاستی بەکارهێنانی ئەقڵ کە بەخششێکی ئیلاهیە، لە بیرکردنەوە لە دروستبوونی ئاسمانەکان و زەوی و، لە نیعمەتە ئاشکرا و نهێنییەکانی خوا، ئیمان زیاد دەکات، ئێمە چەند پێویستمان بەوەیە کە بیر بکەینەوە لەو ئاسمانەی سەرووی خۆمان و زەوییەکەی ژێر خۆمان و، لەو جەستەیەی کە خۆمان هەڵمانگرتووە.
بیرکردنەوە خۆی لە خۆیدا نیعمەتێکە لە نیعمەتەکانی خوا، دەیبەخشێت بە بەندەکانی؛ لە بەرامبەریشدا خوای گەورە، زەمی ئەو کەسانەی کردووە کە بیر ناکەنەوە.
بیرکردنەوە پەرستشێکە پێغەمبەران ئەنجامیان داوە و سەروەرمان محەمەد، دروود و سەلامی خوای لەسەر، بەردەوام بووە لەسەری، بە جۆرێک کە ژیانی پێش پێغەمبەرایەتییەکەی، زیاتر بیرکردنەوە و تێڕامان بووە.
بەرهەمی بیرکردنەوە لەسەر تاک و کۆمەڵگا
1. زیادکردنی ئیمان و قووڵبوونەوەی یەقین بە خوا.
2. دروستبوونی هیممەت بەرزی بۆ کردەوەی چاک و وازهێنان لە بێئاگایی. بیرکردنەوە دڵ لە غەفڵەت دادەماڵێت.
3. دروستبوون و گەشەی ئەقڵی مسوڵمان و هۆشیاریی شارستانی. ئەو ئۆمەتەی بیر دەکاتەوە، ئەو ئۆمەتەیە کە داهێنان دەکات و دەبووژێتەوە و بنیات دەنێت، چونکە بیرکردنەوە، بنەمای هەموو زانست و پێشکەوتنێکە.
4. تۆخبوونەوەی یەکڕیزیی ئۆمەت و بەدیهێنانی تەواوکاری لە نێوان تاکەکانیدا. بیرکردنەوە پاڵ بە مسوڵمانەوە دەنێت بۆ تێڕامان لە بارودۆخی براکانی و بیرکردنەوە لە بەرژەوەندییەکانی ئۆمەت.