کارکردن لە پڕۆژەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجەی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق لە هەولێری پایتەخت بەردەوامە و لە ئێستادا لە 25%ـی تەواو بووە.
نەخۆشخانەكە لە 150 تەختی خەواندن و 100 تەختی چارەسەری كیمیایی پێك دێت و تاقیگەیەكی پێشكەوتوو لەخۆ دەگرێت؛ سەرجەم ئامێرە پێشكەوتووەكانی چارەسەری نەخۆشییەكە لەخۆ دەگرێت و لەسەر ڕووبەری 30 هەزار مەتر چوارگۆشە دروست دەكرێت و لە پێنج نهۆم پێك دێت، بەوەش دەبێتە گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە لە هەموو هەرێمی كوردستان و عێراق.
بە تەوابوونی ئەو پڕۆژەیە پێشکەوتووتری تەكنەلۆجیای ئێم ئاڕ ئای، سیتیسكان، پێتسكان، چارەسەری تیشك، چاندنی مۆخی ئێسك، وێنەگرتنی گاما و چەندین تەكنەلۆجیای دیكە لەم نەخۆشخانەیە بەردەست دەبن.
جێگەی باسە، لە 18ـی ئەیلوولی 2024، ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی ئەم نەخۆشخانەیەی دانا و، لە ڕێوڕەسمەکەشدا ڕایگەیاند: “لە كابینەی نۆیەمدا خزمەتی كەرتی تەندروستیمان كردووە و زیاتریش پێویستی بە خزمەتە؛ دەبێ هاووڵاتییان لە نەخۆشخانە گشتییەكان هەست بە ئاسوودەیی و هەبوونی خزمەت بكەن”.