دوای کۆتایی هاتنی یەکەمین کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان لە ژێر چاودێری سەرۆک بارزانی و بە دروشمی (بەتواناکانمان داهاتوو بنیاد دەنێین)، کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە شاری هەولێر بەردەوام بوو، ئەمڕۆ بەلاغی کۆتایی کۆنفرانسەکە بڵاو کرایەوە و جەخت لەسەر چەند بابەتێکی خێزانی، یاسایی و سیاسیی بۆ هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.
لە بەلاغی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا هاتووە، لە لایەنی چاکسازیی یاسایی و سیاسی، پێویستە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن دەستوور و لە کایەی حوکمرانیشدا گرنگی بە بەشداری ئافرەتان بدرێت.
هەروەها جەخت دەکەنەوە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانەی دۆستی خێزانن لەگەڵ ئەمەشدا چاکسازیی لە سیستمی دادوەریدا بە گرنگ دەزانن.
هەر لەو كۆنفرانسەدا جەخت لەسەر بەشداریی كارای ئافرەتان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكان كراوەتەوە، هەروەها داوا دەكەن لە پێکهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارییەکی زیاتر و فراوانتر بە ئافرەتان بدرێت.
هەروەها لە بەلاغەکەدا هاتووە، لە كۆتایدا كۆنفرانس چەندین ڕاسپاردە و پێشنیاز دەخاتە بەردەستی سەركردایەتیی پارتی، دەخوازن هەنگاوی بەرفراوان لە بەهێزكردنی ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان لەناو كۆمەڵگەدا بهاوێژن.
یەکشەممە، 13ـی نیسانی 2025 بە بەشداریی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکەمین کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان، لە شاری هەولێر دەستی پێ کرد، کۆنفرانسەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو.
ئەمەش دەقی بەلاغەکەیە:
بە چاودێری بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی و بە دروشمی (بەتواناکانمان داهاتوو بنیاد دەنێین) بۆ ماوەی دوو رۆژ(2025-4-14-13) لە شاری هەولێر، یەکەمین کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان بەڕێوەچوو.
لەمیانی ئەم کۆنفرانسەدا کە پێنج پانێڵی سەرەکی لەخۆ گرتبو، پرسە گرنگەکانی وەک: ڕۆڵ وپێگەی ئافرەتان لەناو ڕێکخستنەکانی پارتی و بەربەست وئارێشەکان، دیدگای پارتی بۆ بەشداری ئافرەتان لەناو دامەزراوە دەستوریەکانی هەرێمدا، ڕۆڵ وپێگەی ئافرەتان لەپرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا ، پێگەی ئافرەت لەناو میدیاو سۆشیاڵ میدیا و ڕۆڵ و بایەخی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لەخزمەتکردنی دۆزی ئافرەت لەکوردستاندا، لە چوارچێوەی بیست بابەتی جیاوازدا، شیکاری وگفتوگۆیەکی ڕاشکاو و ئازادانەی لەبارەوە کرا.
کۆنفرانس، پشتیوان بە پەیامی بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی کە لەکردنەوەی کۆنفرانس ، سەبارەت بە دروشمی کۆنفرانس فەرمووی: ئێوە بەتواناکانتان داهاتوو بنیاد بنێن، منیش پاڵپشتی لە ئێوە دەکەم، هەنگاوەكانی گفتوگۆكردن و بەڕێوەبردنی كۆنفرانسی بەسەركەوتووی بەڕێوەبرد.
کۆنفرانس تیشکی خستەسەر شیکردنەوەی هۆکارە سیاسی و یاسایی و کولتووریی و کۆمەڵایەتییەکان، کە کاریگەریان لەسەر بەشداری ئافرەتانی کوردستان هەیە، لە کایەکانی سیاسی و حوکمرانیدا، لە هەمان کاتدا پێشنیار و ڕاسپاردەی کاریگەری خستەڕوو بۆ بەهێزکردنی رۆڵ و پێگەی ئافرەتان لە کۆمەڵگەدا، بە مەبەستی بەرجەستەکردنی یەکسانی و دادپەروەری.
کۆنفرانس جەخت دەکات لە چاکسازی یاسایی و سیاسی، لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و رۆشنبیری سیاسی، لە پشتگیری ئابووری و کۆمەڵایەتی، و لەلایەكی دیكەوە رۆڵی میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی بەمەبەستی بەهێزتر کردنی رۆڵ و پێگەی ئافرەتان لە کۆمەڵگەدا.
لەمیانی چاکسازی یاسایی و سیاسی; بە پێویستی دەزانێت کە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن دەستوور، لە دەستوور دا گرنگترین ئەو بنەمایانە جێگیر بکرێن کە خزمەت بە بەهێزتر کردنی بەشداری ئافرەتان دەکەن لە کایەی حوکمرانیدا; وەکو بنەمای جیاکاری ئەرێنی بۆ ئافرەتان و، بەرجەستەکردنى ئەم پڕەنسیپە لەیاساکانى هەرێمى کوردستاندا.
لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و رۆشنبیری سیاسی جەخت دەکاتەوە لەسەر سازدانی هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بۆ ناساندنی گرنگی بەشداری ئافرەتان لە کایەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، بەرێوەبردن و سەرکردایەتیکردندا، و کاریگەریەکانی ئەم بەشداری کردنە لەسەر قوڵبونەوەی کولتووری دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دا، دەخاتەڕوو.
پشتگیری بەهێزکردنی توانای ئابووری ئافرەتان دەکات لە رێگای پشتیوانی کردنی ئابووری سەربەخۆ، لەلایەكی دیكەوە بەشداری کردنی ئافرەتان لە چەقی دانوستاندنە سیاسیەکان بە گرنگ دەزانێت، چونکە ئافرەتان دەتوانن بە تێروانینیکی فراوان و بە ئەزموون و بەرنامەی لەپێشینە بەشدار بن، کە ئەمەش دەرئەنجامێکی سەقامگیرتر و گشتگیرتر دەبەخشێتە دانوستاندنەکان.
لەهەمان کاتدا جەخت دەکاتەوە لەسەر جێبەجێ کردنی ئەو سیاسەتانەی کە دۆستی خێزانن.
و ئەنجامدانی چاکسازی لە سیستمی دادوەریدا بە گرنگ دەزانێت.
لەسەر بنەماکانی توانست و کارامەیی و شایستەبوون پاڵپشتی لە بەهێزترکردنی بەشداری ئافرەتان لە کایەکانی سیاسی و حوکمرانیدا دەکات.
لە هەمان کاتدا جەختدەکاتەوە لەسەر بەرجەستەکردنی دادوەری بۆ ئافرەتانی قوربانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان، وەکو تاوانەکانی جینۆساید و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ، سورە لەسەر جێ بە جێ کردنی بنەما دەستوری و نێودەولەتیەکان بە بەمەبەستی قەرەبوکردنەوەی قوربانیانی ئەم تاوانانە.
كۆنفرانس جەختی لەسەر بەرفراوانكردنی بەشداری كارای ئافرەتان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكان كردەوە، بەجۆرێك ئافرەتان هاندەدات كە بەشداریەكی بەهێز و كاریگەریان هەبێت و لە كاتی بانگەشە و دەنگداندان بتوانن بەتواناكانیان ڕۆڵ و كاریگەركانیان بە بەهێزی بەگەربخەن.
هەروەها كۆنفرانس داوا دەكات كە لە پێکهێنانی كابینەی حكوومەتی داهاتوو بەشداری ئافرەتان لە پێگە و پلەكاندا بەرفراوانترو لەسەر بنەمای توانا و لێهاتوویی سوودی لێ ببیندرێت و دەرفەتی زیاتر بۆ بەگەڕخستنی تواناكانیان بڕەخسێندرێت.
لە كۆتایدا كۆنفرانس چەندین ڕاسپاردە و پێشنیاز بۆ سەركردایەتی پارتی دەخاتە بەردەستیان، خوازیارین پێكەوە بتوانین هەنگاوی بەرفراوان لە بەهێزكردنی ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان لەناو كۆمەڵگەدا بهاوێژین.
سڵاو لە گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی كورد و كوردستان، سەروەریان بارزانی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو.
سڵاو لەو ئافرەتانەی كە بە خوێنی گەشیان بەشداربوون لە بونیادنان و پاراستنی ئەم ئەزموونە.
سڵاو و ڕێز بۆ هەموو ئەو كەسانەی كە پشتگیری دۆزی ڕەوای ئافرەتان دەكەن و بەشێكی كاریگەرن لە پشتگیری تواناكانی ئافرەتان.
سووپاسی سەرجەم ئەو دام ودەستگە و دامەزراوە و ئۆرگانەكان دەكەین كە هۆكاربوون بۆ سەرخستنی ئەم كۆنفرانسە.
لێژنەی ئامادەکاری یەکەمین کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان