لە سۆنگەی ئەزموونی کاری ڕێکخراوەییمان و مامەڵەمان لەگەڵ کەیسەکانی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت و بەدواداچوونمان بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان، هاوکات چاودێریمان بۆ چۆنیەتی و شێوازی مامەڵەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لەسەر پرسی ئافرەت و ئەو ڕووداوانەی کە ئافرەتان لایەنێکی پێک دەهێنن؛ گەیشتووین بەو بڕوایەی کە زۆر جار ڕۆڵی نابەرپرسیارانەی بەشێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، کاریگەری نەرێنی هەبووە و فاکتەر بووە لە برەوپێدانی هزری پیاوسالاری و پەرەسەندنی تاوانەکانی توندوتیژی، بە تایبەتی لە پیشاندان و وێناکردنی ئافرەت وەکوو کاڵا، کە ئەمەیان کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی لەسەر ناساندنی کەسایەتی ئافرەت بە رای گشتی دروست کردووە.
بەکارهێنانی پرسی ئافرەت و کارەکتەری ئافرەت لە هەر کەناڵێکی ڕاگەیاندنەوە، ئەگەر بۆ مەبەستی سیاسی و ئایدۆلۆژی بێت، کە ئاراستەیەک بۆ مەبەستی سیاسی و ئاراستەیەک بۆ مەبەستی ئایدۆلۆژی بەکاری دەهێنێت، چەند زیان بە پرسی ئافرەت دەگەیەنێت، نیشاندانی ئافرەت یاخود بەکارهێنانی وەکوو بابەتێک بۆ زیادکردنی ئەکتیڤیتی بێ گوێدانە بەها مرۆڤایەتی و پرەنسیبەکانی کاری راگەیاندن، بە هەمان شێوە و زیاتریش، زیان بە کەسایەتی و پرسی ئافرەت دەگەیەنێت.
ڕاگەیاندن، دەبێت ئامرازێک بێت بۆ بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری و برەوپێدانی بەها مرۆڤایەتییەکان نەوەک ببێتە فاکتەرێک بۆ بەرهەمهێانەوەی ئەو کێشە و نەریتانەی کە ئاستەنگن لە بەردەم پێشکەوتن.
ڕاگەیاندن، نەوەک هەر دەبێت دیدی کۆمەڵگە لە ئاست دیاردە نەریتییە زیان بەخشەکان ڕووناک بکاتەوە، بەڵکوو دەبێت لە پێش تێڕوانینی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەوە بێت و پەیامەکەی لەوپەڕی ئاستی بەرپرسایەتی بگەیەنێت و ڕۆڵی سەرەکی هەبێت لە بڵاوکردنەوەی کولتووری ڕێزگرتن لە مافەکانی ئافرەت.
زیبا تەها
سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان