ڕۆژی یەکشەممە ١٧ـی ٤ـی ٢٠٢٥، د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، بە ئامادەبوونی بەشێک لە هەڤاڵانی بەش پێشوازی کرد لە پۆلێک لە نووسەر و هونەرمەند و شاعیر و ڕۆژنامەنووس و وێنەکێش و خۆشنووس و بەهرەمەندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
جێگەی ئاماژەیە، ئەم پۆلە لە ڕۆشنبیران لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، بەمەبەستی بەشدارییان لە کۆڕیادی ٣٩یەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا هێمن موکریانی لە شاری هەولێرن و لە میانی سەردانەکەیان بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەسەرکرایەوە.
وێڕای پێشوازی و بەخێرهاتن لەلایەن د.سالار عوسمان، ناوبراو بە گرنگییەوە باسی لە ڕۆڵ و توانا و لێهاتوویی ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، بەتایبەت لە بوارەکانی کەلتوور و فەرهەنگ و ئەدەبیات ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستێکی مەزن و باڵادایە، هەروەها پشتیوانیی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی بۆ نووسەر و ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵات دووپاتکردەوە لە هەر هەماهەنگییەک بۆ بەرهەم و وەشانەکانیان لە بوارە جیاوازەکاندا.
لە دیدارەکەدا، ڕۆشنبیر و نووسەر و ئەدیبانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بایەخەوە باسیان لە کارو چالاکی و بەرنامە و پڕۆژەکانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، کرد بە تایبەت لە گرنگیدان بە چالاکییە ڕۆشنبیریی و کەلتوورییەکاندا، هەمیشە لەگەڵ باشووردا جیاوازیان ناکات، ئاماژەیان بەوەدا، هەمیشە ئێرە بە ماڵ و پشتیوانیی خۆیان دەزانین.