پارێزگارى هەولێر، پێشوازیى لە شاندێکی هونەرمەند و نوسەرانی رۆژهەڵاتى کوردستان کرد

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.4.17، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولیر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیی لە شاندێکی هونەرمەند و نوسەرانی رۆژهەڵاتى کوردستان کرد بە سەرۆکایەتى سەڵاح پایانیانى، کە بۆ بەشدارى لە ( 39 )یەمین ساڵیادى کۆچى دوایی شاعیرى دیار‌ و ناسراوی كوردستان ( هێمن موکریانى ) سەردانى هەولێرى پایتەختیان کردووە.

لە دیدارەکەدا، پارێزگارى هەولێر وێڕاى بەخێرهانیان بۆ هەولێرى پایتەخت، ئومێدى خواست ئەو ماوەیەى لە هەولێرن بە ئاسودەیی و خۆشى بەسەر ببەن، هەروەها کارە هونەرى و ئەدەبیەکانى هونەرمەند و نوسەرانی رۆژهەڵاتى بەتایبەتى شاکار و کارە ئەدەبییەکانى شاعیرانى گەورەى گەلەکەمان ( هێمن و هەژار )ى بەرز نرخاند، هەروەها هیواى سەرکەوتنى بۆ بەشدارابووانى ڕێورەسمى ( 39 )یەمین ساڵیادى کۆچى دوایی شاعیرى دیار و گەورەى گەلەکەمان ( هێمن موکریانى ) خواست و ئامادەیی هەموو هاوکارى و هەماهەنگی و ئاسانکارییەکى نیشاندا.

دواتر شاندى میوان کورتەیەکیان لە بارەى کار و بەرهەمە ئەدەبى و هونەرییەکانى خۆیان باسکرد، گفتوگۆ لە بارەى گه‌شه‌پێدانى هونه‌ر و ئەدەبى کوردى بەگشتیى كرا و جه‌خت لە پێویستى بایه‌خدان زیاتر به ‌ داهێنانى هونه‌ری هونەرمەندانى كوردستان كرایه‌وه‌.

جێگەى باسە، ئێوارەى ئەمڕۆ لە هۆڵى سەنتەرى ڕۆشنبیرى زانکۆى سەڵاحەدین لە هەولێرى پایتەخت، لە ژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، ڕێورەسمى ( 39 )یەمین ساڵیادى کۆچى دوایى شاعیرى گەورە و دیار‌ و ناسراوی كوردستان ( هێمن موکریانى ) لە ژێرناونیشانى ( هێمن، ڕێبوراى ڕێى عیشق و ئازادى ) بە بەشدارى ژمارەیەکى زۆر لە هونەرمەند و ئەدیبانى کوردستان لەلایەن ریکخراوى پەرەپێدانى کارى ڕاگەیاندن بە هەماهەنگى سەنتەرى ڕۆشنبیرى و ئەکادیمى زانکۆى سەڵاحەدین و بە سپۆنسەرى میدیایی تۆڕى میدیاى کوردستان سازدەکرێت.