ڕۆماننووسانی کورد و هونەری ڕۆمان

چەند سەرنجێکی کورت
هونەری ڕۆمان؛ یەکێکە لە نوێترین هونەرەکانی نووسین، بەر لە هونەری ڕۆمان، شیعر و تێڕامان و دیالۆگی فەلسەفی و ئەفۆریزم گەلێک بەر بڵاوتر بوون. ئەم هونەرە هونەرێکی ئەوروپییە و درەنگ دەستی ئێمەی کوردی پێدەگات بۆیە ئەم هونەرە لای ئێمە، یەکێکە لە هونەرە نوێکان، تەمەنی ئەم ژانرە سەدەیەک تێپەڕە ناکات و لە ماوەی ئەو سەدەیەشدا نزیکەی 50 ساڵی کەمترین ژمارەی ڕۆمانی کوردی چاپ بووە. بۆیە لەنێوان ئەم 50 ساڵەشدا ئەم ژانرە وەکو هونەر تەمەنی کەمتر لە 30 ساڵە. واتە تەمەنی ئەم ژانرە وەک هونەرە زۆر کەمترە لە تەمەنی ڕۆمانی کوردی. بۆیە هەمیشە کە لەبارەی ئەم ژانرەوە دەنووسم، کەمێک بە خاترانەوە دەدوێم. ئەمەش پەیوەندی بە نوێی مامەڵەی ئێمەی کوردە لەگەڵ ئەم ژانرەدا هەیە، چونکە پێموایە هێشتا لە قۆناغی سەرەتا و دامەزراندنی ئەم ژانرەداین وەکو هونەر.

ئەگەرچی لە ماوەی ئەم 30 ساڵەدا ژمارەی ڕۆماننووسان (وەک ژمارە) بەردەوام لە زیادبووندایە، بەڵام ژمارەی ئەو ڕۆماننووسانەی ئاگاداری تەواوەتی ئەم هونەرەن تا ئێستاش گەلێک کەمە. بۆیە ڕۆمانی کوردی جگە لە چەند ناوێکی دیار، کە بەرهەمەکانیان بۆ زمانانی دیکە وەرگێڕدراون و دەنگدانەوەیان هەبووە. هێشتا وەکو هونەرێکی مۆدێرن و لە ئاستێکی باڵای تەکنیک و گێڕانەوەدا ژمارەی زۆر زۆر کەمە. واتە هەموو ئەو لێشاوە تێکستەی بەناوی ڕۆمانەوە چاپ دەکرێت بەشی هەرە زۆریان تەنها گێڕانەوەن بە شێوەیەکی سادە و لە چوارچێوەیەکی بچووکی ئەم هونەرەدا، نەک لە ئاستێکی باڵای ئەم ژانرەدا، چونکە هیچ ژانرێک هێندەی ڕۆمان بە خێرایی گەشەی نەکرد و نەبووە خاوەنی گەلێک قوتابخانە و ڕێچکە و تەوژمی جۆراوجۆر، کە بووە هۆی جۆرێک لە دەوڵەمەند و ئاڵۆزی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم هونەرەدا.
هونەری ڕۆمان، هونەری مامەڵەکردنی ڕۆماننووسە لەگەڵ واقیعێکی نوێ، کە لە سەرزەمینێکی گێڕانەوەییدا دادەهێنرێتەوە، نەک هونەری کۆپیکردنی واقیع بێت. کێشەی بەشێکی زۆری ڕۆماننووسانی کورد ئەوەیە، کە درک بەمە دەکەن، کە هونەری ڕۆمان هونەری کۆپیکردنەوەی واقیع نییە و زۆرجاریش لە وتار و چاوپێکەوتنەکانیاندا داکۆکی لەمە دەکەن، بەڵام خۆیان هەمان هەڵە دووبارە دەکەنەوە. ئەمە یەکەمین گرفتی بەشی زۆری ڕۆماننوسانی کوردە. ماوەیەک لەمەوبەر لە وتارێکی دیکەدا پێداگرییم لەسەر ئەوە کردەوە، کە هونەری ڕۆمان، هونەری باسکردن نییە، بەڵکو هونەری پیشاندانە. باسکردن کاری میدیا و ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانییە، بەڵام ڕۆماننووس کاری کنەوپشکنین و لەنێو ئەو جێگایانەدا، کە میدیا و چاوی ئاسایی پەی پێ نابات.
ڕۆمان هونەری هزراندنە لەنێو ڕووداوەکاندا، نەک هونەری گێڕانەوەیەکی سادەی ڕووداوەکان، چونکە ڕۆمان قۆناغێک بەرزتر لە حیکایەتی میللی و فۆلکلۆری دەڕوات و هەڵگری پەیامی فیکریی و دونیابینی نوێیە، کە مەرج نییە حیکایەت و چیرۆکی فۆلکلۆری هەڵگریی ئەوانە بن. زۆرجار بەشێک لە ڕۆماننووسان دەیانەوێت خۆیان لەپاڵ کارەساتی گەورەدا بشارنەوە بۆ ئەوەی بڵێن ڕۆمانی گەورە و گرنگ و کاریگەرمان نووسیوە، واتە بەر لە هەرشتێک باس لە گەورەیی کارەساتەکە دەکەن ئەوسا باسی ڕۆمانەکەی خۆیان، بۆ ئەوەی گەورەیی کارەکەی خۆیان ببنە ئاستی کارەساتەکە. بەڵام هونەری ڕۆمان بە قەبارەی کارەسات و گەورەیی مەرگەساتەکان پێوانە ناکرێت. ئەوەی تێکستێک دەکات ڕۆمان کارکردنە لەنێو ئەم هونەرەدا بەو تەکنیک و شێواز و زمان و تێمەیەی کە ڕۆماننووس بۆ گێڕانەوەی چیرۆکێک دەیخولقێنێت و بەکاری دەهێنێت. بۆیە هەر ڕۆماننووسێک شانازی بەوەوە کرد کە لەبارەی فڵان کارەسات، یان فڵان ڕووداوی مێژووییەوە ڕۆمانی نووسیوە، ئەوە هەمیشە گومان لە توانا و مامەڵکردنی دەکەم لەگەڵ ئەم هونەرەدا. هونەری ڕۆمان، هونەری لاوانەوەی ئازار و برینەکانی مرۆڤ نییە، بەڵکو هونەری بیرکردنەوە و ئەفراندنی جیهانێکی نوێیە لەنێو ئەو ئازار و برینانەدا. بەڵام ئایا لە چەند ڕۆمانی کوردیدا ئەمە پەیڕەو کراوە؟
هێندەی سەرنجم داوە زۆرجار ئەگەر ڕۆماننووسێک بە سەلیقەیەکی وردەوە کاری لەسەر بیرکردنەوە و ئەفراندنی جیهانێکی نوێ کردبێت، لەلایەن بەرەی رۆمانووسانی دیکەوە تۆمەتی جۆراوجۆری خراوەتە پاڵ و زۆرجاریش وەکو خەوش سەیری دەقەکەی کراوە. لەکاتێکدا خەوش ئەوەیە لەم سەردەمە کلاسیکیانە بنووسیت و زمانێکی سواوی گوندەکی بەکار بهێنیت و پێشتوابێت هونەری ڕۆمان بریتییە لەم کارکردنە سواوە و ئەوەی لەمە لا بدات لە هەڵەدایە.
ئارام كۆشكی – سلێمانی